موچەخۆران واز لە حكومەت ناهێنن و ملیارەها دیناری پاشەكەوتیان دەوێتەوە؛ لە بەغداوە هیچیان بۆ دەکرێت؟

31-05-2023 02:27
موچەخۆران لە خۆپیشاندانێکدا لە سلێمانی دروشمیان دژی پاشەكەوت بەرزكردووەتەوە/ مانگی 4ی 2018. وێنە؛ سایتی سبەی.

پەرەگراف

حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە بڕی 20 ملیۆن دینار قەرزاری تریفە عەبدولقادرە، كە لە مووچە و مافی مانگانەی ئەرك و ماندووبونەكانی لێی گلداوەتەوە، بەڵام چەند ساڵێك تێپەڕیوە و دیارنییە قەرزار كەی ئەو پارەیە دەداتەوە.

پارەكەی تریفە لە چوارچێوەی سیستمی پاشەكەوت و لێبڕینی مووچە كەوتۆتە لای حكومەت، كاتێك هەشت ساڵ لەمەوبەر بەپاساوی قەیرانی دارایی پەیڕەوی كرد، ئێستاش بەهۆی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا، كە بڕیارە بودجە لە عێراقەوە بێتە هەرێمی كوردستان، جارێكیتر فەرمانبەران بە ئومێدن ئەو پاشەكەوتە وەربگرنەوە.

"بە لێبڕین و پاشەكەوت و نەدانی موچەوە، نزیكەی 20 ملیۆن دینارم لەلای حكومەتی هەرێمە" تریفە عەبدولقادر بۆ پەرەگراف وای وت، ئەو 33 ساڵە فەرمانبەرە و پلەی بەڕێوبەرە، پێشیوایە حكومەت هیچ بەرنامەیەكی بۆ دانەوەی پاشەكەوت نییە و "هیچ پلانێكیشی نییە" چارەسەری كێشەكە بكات.

پاشەكەوتی موچە، بڕینی ڕێژەی لە سەدا 10 تا سەدا 70 بوو لە پارەی مانگانەی موچەخۆران و فەرمانبەران، لە هەندێك ساڵدا چەند مانگێك بە تەواوی موچە نەدرا و مانگەكانی دیكەش بە پاشەكەوت یان لێبڕینی بەشێكی موچە دابەشكرا؛ لەو چەند ساڵەدا 12 موچە بە تەواوی نەدرا و زیاتر لە 30 موچەش بە پاشەكەوت و لێبڕینەوە دابەشکران.

"لەكاتێكدا حكومەت قەرزاری ئێمەیە، ئێمەش پارەی سلفەمان لەسەرە، تائێستا نە حكومەت توانیویەتی پارەكەی ئێمە بداتەوە و نە ئێمەش توانیومانە قەرزەكانمان پاكتاو بكەین، بۆیە دەكرێت ئەو پارەیەی لای حكومەتە بۆمان بكات بە كارتی بانكی و بتوانین بەو كارتە پارەی مامەڵە و قەرزەكانی حكومەت بدەین" تریفە وای وت.

ئەو فەرمانبەرە دەڵێت، رێگە هەیە بۆ چارەسەر بەڵام "بابەتەكە نەبۆتە خەمی حكومەت و هاوڵاتیان، لە بەرانبەردا فەرمانبەرانیش بێدەنگن".

بەگوێرەی یاسای بودجەی 2023 ،2024 و 2025ـی عێراق، پشكی ساڵێكی هەرێمی کوردستان 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارە. ئەوەش دوای ئەوەی هەردوو حكومەتی بەغداد و هەولێر لە نیسانی ئەمساڵدا رێككەوتنێكیان واژۆكرد تا دەرچونی یاسای نەوت و غاز لە عێراق، بۆ ئەوەی بەغدا سەرپەرشتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بكات.

بەدرییە ئیبراهیم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ بۆ پەرەگراف وتی "لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبووینەتەوە دەربارەی پاشەكەوت و دەنگی لەسەر دراوە و لە رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەدا جێگیركراوە، بۆیە پێویستە لەسەر بودجەی هەرێم ئەو پارەی پاشەکەوتە بگێڕدرێتەوە بۆ فەرمانبەران"، گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە بەڕێژەی لەسەدا ١٠ لە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی عێراق لە لیژنەی دارایی پەرلەمان دەنگی لەسەردا، بەڵام ئەوەو چەند گۆڕانکارییەکی دیکە ناڕەزایی تووندی حکومەتی هەرێمی لێکەوتەوەو پرسەکە بە هەڵواسراویی ماوەتەوە.

پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ، كە حیزبەكەی بۆ گەڕانەوەی پاشەكەوت سكاڵای لە دادگای فیدراڵی دژی هەردوو حكومەتی بەغداد و هەولێر تۆماركردووە، دەشڵێت، نەوەی نوێ بە واژۆی 60 ئەندامی پەرلەمان و سەرۆكی پەرلەمانەوە، پێشنیازێكی ئاڕاستەی لیژنەی دارایی كردووە تا پاشەكەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدرێتەوە.

مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، نزیكەی نۆ ساڵە یەكێكە لە دۆسیە هەرە پڕ لە مشتومڕەكان و تائێستا دابەشكردنی موچە هەواڵی گەرمی میدیایە؛ دوای ساڵانێك لە پاشەكەوت و لێبڕین، بەڵام لە وادەی خۆیدا كە 30 رۆژ جارێكە دابەشناكرێت بە پاساوی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت و نەبونی پارە.

"لەساڵی 2015ـەوە یەك مانگ لەكاتی خۆیدا و بەڕێكوپێكی موچەمان پێنەدراوە، سەرەتا بە دواكەوتنی موچە دەستیپێكرد و دواتر پلە بەرزكردنەوەش راگیرا بە بیانوی شەڕی داعش و قەیران" دلێر عەلی، كە فەرمانبەرە بۆ پەرەگراف وادەڵێت.

ئەو فەرمانبەرە وتیشی، چەندین مانگ موچەیان بە تەواوی نەدراوە، هەندێك مانگیش بە لێبڕینی سەدا 18 تا سەدا 21، "گوزەرانی فەرمانبەران بەتایبەت موچەكەمەكان زۆر خراپ بوو، پارەیەكی زۆرمان لەلای حكومەتە و تائێستا چارەنوسی نادیارە و ڕێگایەكیش نیە كە بتوانین قەرزەكانی خۆمانی پێ بدەینەوە وەك ئاو و كارەبا و سلفەكان بە حكومەت".

موچەكەی دلێر 680 هەزار دینارە و بە نزیكەی 13 ملیۆن دیناری كەوتۆتە لای حكومەت، بۆیە پێشنیازی كرد، ئەگەر بە پارەی كاش نەبێت، ئەو قەرزەی بۆ بخرێتە سەر كارتێكی بانكیی و بتوانێت لە بازاڕدا بەكاریبهێنێت.

بڕی قەرزی فەرمانبەر لای حكومەت وەكو یەك نییە بەوپێیەی پاشەكەوت بڕەكەی بەپێی بڕی موچە جیاواز بوو.

بەڕێوەبەری یەكێك لە گەنجینەكانی هەرێم كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت بۆ پەرەگراف وتی "پاشەكەوتی موچە لە وەزارەتێك بۆ وەزارەتێكی تر جیاوازە، بەهۆی جیاوازی دەرماڵەكان لەنێوان وەزارەتەكاندا، بۆ نمونە لەوەزارەتی دارایی كەمترین پاشەكەوتی موچە حەوت ملیۆن و زۆرترین نزیكەی 40 ملیۆن دینارە".

پاشەكەوتی موچە لە ساڵی 2019ـدا بە یەكجاری هەڵگیرا، بەڵام تائێستا حكومەت هیچ وادەیەكی بۆ پێدانەوەی ئەو پارەیە دانەناوە.

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "ئەوەی هەیە حكومەتی هەرێم بابەتی پاشەكەوتی موچەی لە ئاماناتەوە كردووە بە قەرز لەسەر حكومەت".

لە ماددەی 13ـی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان – عێراق ژمارە (2)ـى ساڵى 2020، وەزارەتی دارایى لە چوارچێوەی رێكخستنەوەی بوارى بانكی لە هەرێم و بە ئەلیكترۆنكردنی خزمەتگوزارییە بانكییەكان، ئەژمێرێكى تایبەت دەكاتەوە بۆ هەر مووچەخۆر و سوودمەندێك لە بودجەى گشتى لەپێناو زامنكردن (پاراستن)ی گشت شایستە داراییەكانیان بە شایستە داراییە خەرجنەكراوەكانیشەوە.

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف ئاماژەی بەوەدا هەوڵیانداوە لە ڕێگای یاساییەوە شتێك بكەن كە حكومەت پابەندبێت بەوەی قەرزاری موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە، چونكە بە "نایاسایی بڕاوە و هیچ یاسایەك نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی".

هەروەها وتی "پاشەكەوت یان دواكەوتن و نەدانی موچە لەكاتی خۆی نایاسایی بووە، ئەو بڕینە پشتی بە هیچ یاسایەك نەبەستووە و بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، كەواتە ئەمە نایاساییە، چونكە موچەی فەرمانبەران بە یاسا ڕێكخراوە ناكرێت بە ڕێنمایی خراپ بكرێت".

سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر پێشنیازیان كردووە بۆ وەزارەتی دارایی هەژمارێكی بانكی بۆ فەرمانبەران بكاتەوە، پاشەكەوتی موچەكانیان بۆ بخاتە سەر هەژمارەكە و حكومەتی هەرێم قەرزەكانی خۆی لێ هەڵگرێتەوە، بەڵام تائێستا "هیچ هەنگاوێك نەنراوە و مەگەر لە داهاتوودا بكرێت".

سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەرێم پارەی فرۆشتنی نەوتە، بەڵام دوو مانگە حکومەتی هەرێم لە دۆخێکی دارایی خراپدایە بە هۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە کە زیانی زیاتر لە یەك ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری بە كوردستان گەیاندووە.

لە دوای ڕێککەوتنی نەوتیی نێوان هەولێرو بەغداد، حکومەتی هەرێم چاوی لەدەستی بەغدایە بۆ ناردنی پارەی تا مووچە دابەش بکات، هەرچەندە بەغداد بڕیاریداوە مانگانە ٤٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت بەڵام ئەوە کەمتر لە نیوەی ئەو پارەیەیە کە مانگانە بۆ دابەشکردنی مووچە پێویستە.

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم كورتهێنانی بودجەی عێراقی زیاتر كردووە، "لەبەرئەوەی بەهای ئەو نەوتەی لە هەرێمەوە هەناردە دەكرێت خراوەتە چوارچێوەی پڕۆژە بودجەی عێراقەوە".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، ئەگەر هەرێم نەوت هەناردە نەكات، هیچ بڕە پارەیەك لە بەغداوە وەرناگرێت و بەوەش كێشەیەكی نوێ‌ بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم سەرهەڵدەدات.

سەرەتای ئەم مانگە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوەکردەوە کە ئەرکی ئەوانە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دابین بکەن و ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکەن.

هەرچەندە هەرێم و عێراق ڕێككەوتنێكیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقییەوە واژۆ كرد و بەغداد داوای لە ئەنقەرە كردووە هەناردەكردنەكە دەست پێ‌ بكاتەوە، بەڵام هێشتا توركیا ڕازی نەبووە.

لە ٢٥ی ئازاری ئەمساڵ دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس سكاڵای دژی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی حكومەتی عێراق یەكلا كردەوە و توركیای ناچار كرد هەناردەی نەوتی هەرێم ڕابگرێت و ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرەبووی عێراق بکاتەوە.