دهۆك ناتوانێت هەژاری تێپەڕێنێت

30-06-2023 02:16
دیمەنێک لە شاری دهۆک. وێنە؛ پەرەگراف- عەممار عەزیز

پەرەگراف- عەممار عەزیز لە دهۆک

خەڵكی دهۆك وازوو هەواڵێكی خۆش نابیستن؛ چونكە بەپێی زانیاری و لێكدانەوەی شارەزایان و لێپرسراوانی ئیداریی، هیچ ئومێد نییە تا ئەو پارێزگایە لە دێوەزمەی "هەژارترین" شاری هەرێمی كوردستان رزگاری ببێت.

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، لە 16 ساڵی رابردوودا، دهۆك لەسەر ئاستی هەرێم لە ریزبەندی هەژارترین پارێزگادا ماوەتەوە، ئەوەش پاڵپشت بە ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عیراق، كە نوێترینیان لەمساڵدا بڵاوكرایەوە.

"ئێستا لە پارێزگای دهۆك خەڵكانێك هەن تەنیا دوو ژەم نانخواردنیان هەیە، یان هەیە لەبەر هەژاری منداڵەكانی لە خوێندنگە دەرهێناوە و ناتوانێت خەرجییان دابینبكات" دلۆڤان سادق، چالاكوان و رۆژنامەنوس لە دهۆك، دەربارەی كاریگەرییەكانی هەژاری وای وت.

ئەو دەڵێت، هەر لەتاو هەژاریدایە، كە رێژەی كۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات زۆرینەی لە دهۆكە، چونكە بێكارن و ناتوانن داهاتیان دەسبكەوێت، "ئەم دەسەڵاتەش هیچ باكی نییە، نەك هەر بێ پلانن بۆ كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری، بەڵكو لەو بابەتەدا خەمیان نییە".

نوێترین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی فیدراڵ، دهۆك بە هەژارترین پارێزگای هەرێم دادەنێت، بەرێژەی سەدا 8.5، بەدوایدا هەولێر ئینجا سلێمانی دێت، بەڵام لەسەر ئاستی عێراق نازناوی هەژارترین بەر موسەنا دەكەوێت.

شەمعون شلیمون، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری كارگێڕی بۆ پەرەگراف وتی "ئەو ئامارانەی بڵاودەكرێنەوە لەسەر رێژەی هەژاری و بێكاری زۆر وورد نین، چونكە تائێستا لێكوڵێنەوەیەكی مەیدانی و باش نەكراوە و نابێت لەسەدا سەد پشت بەو ئامارانە ببەستین".

بەپێی ڕاپۆرتەكانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستانیش، پارێزگای دهۆك هەژارترین شاری هەرێمی كوردستانە و ڕێژەی هەژاری تیایدا سەدا 8.6ـە، بەدوای ئەودا ڕێژەی هەژاری لە هەولێر سەدا 6.7ـە و لە سلێمانی سەدا 4.46ـە.

"نایشارمەوە هەژاری هەیە لەپارێزگای دهۆك، ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێكە؛ زۆرترین ئاوارە و پەنابەر لە دهۆك هەن، ئەمەش كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دانیشتوانی نیشتەجێی پارێزگا هەیە، چونكە پێویستیان بە ئاو و كارەبا و تەندروستی و خوێندن و هەموو سێكتەرەكان هەیە و پارەی دەوێت" جێگری پارێزگار وادەڵێت.

هەروەها رونیكردەوە تائێستا مامەڵەكردن لەگەڵ دهۆك لەسەر بنەمای ئەوەیە كە ژمارەی دانیشتوانی ملیۆنێك و 500 هەزار كەسە، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیە زۆر زیادی کردووە، وەك ئاماژەیەك بۆ هەژماركردنی ئاوارە و پەنابەرانیش.

بەپێی دوایین ئامارەکانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی حکومەتی هەرێم، لانیکەم ٣٦٧ هەزار و ٦٤٣ ئاوارەو پەنابەر لە کەمپەکانی و ناو شارەکانی پارێزگای دهۆکدان، کە ٢٨٢ هەزار و ٧٤٢یان ئاوارە و ٨٤ هەزار و ٩٠١ کەسیان پەنابەرن.

بەپێی راپۆرتەكانی پێشتری پەرەگراف، خەڵكی دهۆك چەندین ساڵە دادوبێدادیانە بەدەست گرانی بازاڕ و هەژارییەوە، لەكاتێكدا سەدا 52 بۆ 54ی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، لە كێڵگەكانی دهۆكەوە بووە.

"16 ساڵە خوێندنم تەواو كردووە، بەڵام ناتوانم داهاتێك بۆ خۆم و خێزانەكەم پەیدا بكەم، دەستكەوتنی ئیش زۆر قورسە و بۆتە گەورەترین خەونی من" كاژین بەرواری (33 ساڵ) وای وت، ئەو سیڤی بۆ چەندین شوێن ناردووە، لە رێكخراو و كۆمپانیا تا لایەنی حكومی، بەڵام هیچ سۆراغێكی ئیش بۆ ئەو نییە.

كاژین خەڵكی ناحیەی چەمانكێی سەر بە قەزای ئامێدییە لە دهۆك، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە كۆلێژی كارگێڕی و ئابوری بەدەستهێناوە.

"كێڵگە نەوتییەكانی ئامێدی و بە تایبەت ناحیەی چەمانكێ رەنگە داهاتەكەی بەشی دوو بۆ سێ قەزا بكات، جگە لە دەیان سەرچاوەی دیكەی داهات لە دهۆك، كەچی هەر هەژارترینە و كەسانی وەك منیش هەر بێكارن" بەوتەی كاژین بەرواری.

پارێزگای دهۆك، هاوسنورە لەگەڵ وڵاتانی توركیا و سوریا، دوو دەروازەی سنوری فەرمیی تیادایە، لە حەوت قەزا و 31 ناحیە پێكهاتووە و ژمارەی دانیشتوانی بەپێی دەستەی ئامار، زیاتر لە ملیۆنێك و 300 هەزار كەسن.

هاشم زێباری، پسپۆڕ لە ئابوری و مامۆستای زانكۆ بۆ پەرەگراف وتی "هۆكارەكانی رێژەی هەژاری لە پارێزگای دهۆك زۆرن، لەوانە؛ نادادی لە پرۆژەكاندا، بەوپێیەی حكومەت زیاتر گرنگی بە هەولێر دەدات، ئەوەش دەرئەنجام و پاشخانی ململانێی پارتی و یەكێتییە".

هۆكارێكی دیكەی هەژارییەكەی دهۆك بەبڕوای زێباری، نەبونی گرنگی دانە بە ژێرخانی ئابووری و دروستكردنی كارگە و پرۆژەكانی پێشەسازی، ئەوەش وادەكات بەرهەمی ناوخۆیی نەبێت و سەدا 95ـی پشتبەستن بە هاوردە بێت.

ئاوارە و پەنابەران، لە هۆكارەكانی دیكەن، لە دهۆك دەستی كاری ئەوان بە نرخێكی كەمتر لە دەستی كاری خەڵکی دهۆك، بە كوالێتییەكی باش ئیش دەكەن، كاریگەری ڕاستەخۆی كردۆتە سەر خەڵكی شارەكە، جگە لە ئاوەداننەكردنەوەی گوندەكانی ئامێدی و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ناحیەی ئەتروش و زۆر شوێنی تر، بە بیانوی بوونی هێزی پەكەكە "بەڵام ئەوە تەنیا بیانوە، ئەوەی ڕاستە ئەوەیە، توركیا نایەوێت ئەو ناوچانە ئاوەدان ببن و خەڵكی تیایدا بژین".

هاشم زێباری پێیوایە هۆكارێكی تر پابەندنەكردنی كەرتی تایبەتە لەلایەن حكومەتەوە تا رێژەیەكی باش لە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگا وەربگرن.

دهۆك لە بێكاریشدا هەر یەكەمە لە هەرێمی كوردستان، ئینجا هەولێر و پاشان سلێمانی دێت، بەپێی ئامارەكانی دەزگای ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ساڵانی 2014 – 2016.

جێگری پارێزگاری دهۆك دەڵێت، پلانیان هەیە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری، بەڵام بۆ جێبەجێكردنی هەر پلانێك پێویستیان بە پارە هەیە، راستە پارێزگای دهۆك داهاتی هەیە، بەڵام مافی خەرجكردنیان نییە، ئەو پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و لەوێوە دابەشدەكرێت.

"لێتان ناشارمەوە لە ئەنجومەنی وەزیران غەدر لە پارێزگای دهۆك دەكرێت، زۆرجار داوامانكردووە بودجەی دهۆك لە هەموو سێتكتەرەكاندا زیاد بكرێت بەڵام بێسوود بووە" شەمعون شلیمون وای وت.

خودی دهۆك جگە لەوەی ناوەندێكی بازرگانی گرنگە بۆ نەینەوا و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و عێراق، هاوكاتە جێی كۆكردنەوەی زۆرێك لە گەشتیارانی هەرێمە، لە كۆی شەش ملیۆن گەشتیاری ساڵی رابردو زیاتر لە دوو ملیۆنیان لە دهۆك بون.

دلۆڤان سادق، نیگەرانە لەو "گەندەڵی و نادادییە كۆمەڵایەتییەی هەیە"، چونكە هۆكاری سەرەكی بە هەژاری مانەوەی دهۆكە و وادەكات "خەڵكانی سەر بە دەسەڵات لەسەر حسابی هاوڵاتیانی ئەم پارێزگایە و خێر و داهاتەكەی بوون بە ملیۆنێر".