پارتی و یەكێتی دەسەڵاتی دادوەری 'لەكەدار' دەكەن

09-08-2023 05:19

پەرەگراف

یەكێتی و پارتی لە ململانێكانی یەكتریدا دەسەڵاتی دادوەری "لەكەدار" دەكەن و هێندەی دیكە متمانە بە سەروەری یاسا ناهێڵن، بە پێچەوانەی بانگەشە و پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکانیانەوە.

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، چەندین بڕیاری دادگاکانی هەرێمی كوردستان، لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی جێبەجێناكرێن و تۆمەتباران داڵدەدەدرێن و دەیانپارێزن، لە هەندێكیشیاندا، بە ئاشكرا و لەڕێی میدیاوە، دەیكەن بە بابەتی تەنز و دەسەڵاتی دادوەری بە لایەنگریکردن تۆمەتبار دەكەن.

دوایین "لەكەداركردنی" دەسەڵاتی دادوەری، لە حوزەیرانی ئەمساڵدا بوو، كاتێك دادگای هەولێر لە دۆسیەیەكدا سزای لە سێدارەكانی بۆ ژمارەیەك فەرماندەی دژەتیرۆری یەكێتی دەركرد.

دادگاییەكە لەسەر دۆسیەی كوشتنی عەقید هاوكار جاف، ئەفسەری دەزگای زانیاری یەكێتی بوو، كە ئۆكتۆبەری ساڵی رابردودا بە بۆمبێكی چێنراو ئۆتۆمبێلەكەی لە هەولێر تەقییەوە و لەوكاتەوە، ئەنجومەنی ئاسایش تۆمەتەكەی خستۆتە سەر كەسانی یەكەمی دژەتیرۆری یەکێتی و ئەو حیزبەش بە توندی رەتیدەكاتەوە.

لێپرسراوانی یەكێتی، لە سەروو هەمویانەوە بافڵ تاڵەبانی، بە ئاشكرا بڕیاری دادگا رەتدەكەنەوە، نەك هەر ئەوەش، بە "سیاسیكراو و سوككردنی" دەسەڵاتی دادوەری ناوی دەبەن.

ڕۆژێک دوای بڕیارەکەی دادگای هەولێر، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەکێتی ڕایگەیاند، دادگای هەولێر "دادگایەكی سیاسییە"و ئەسڵەن خەجاڵەتی دەكێشێت باسیشی بكات. پیرە وتیشی "زۆر شتمان بێ  كەڵك كردووەو بەم نەوعە دادگاكانیش سوك دەكەین".

کوشتنی هاوکار جاف دوابەدوای تەقینەوەی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتی و دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی هات، لە پۆستی هاوسەرۆكی حیزبەكە لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆك و ئامۆزایەوە.

"ئەرکی سەرەکی دادگاکان، سزادانی تاوانباران و دەرکردنی بڕیارە لە سەریان بەپێی یاسا و پێویستە بڕیارەکانی دادگا وەک خۆی جێبەجێ بکرێن،  ئەو بڕیارانەی کە جێبەجێ ناکرێن لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی پۆلیس و ئاسایشەوە بۆ ئێمەش جێگەی پرسیارە" دادوەرێک لە ئەنجومەنی دادوەری بۆ پەرەگراف وای وت، كە بە پاساوی نەبونی مۆڵەتی لێدواندان نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە.

تەنیا دۆسیەكەی هاوكار جاف نییە، بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف چەندین بڕیاری دیكەی دادگا و ئەنجومەنی دادوەری بە "سیاسی" كراون، لە سەردەمی شەڕی ناوخۆو ململانێی زۆربەی كاتەكانی حیزبایەتی تائێستا.

هەر لە كۆتایی ئایاری ئەمساڵدا بوو، كاتێك ئەنجومەنی دادوەری مەراسیمی بۆ سوێندخواردنی دوو ئەندامی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رێكخست، كە لە دانیشتنێكی پڕ لە كێشەی پەرلەمان و رەتكراوە لەلایەن یەكێتییەوە "دەنگیان لەسەر درابوو"، ئەوەش وایكرد یەكێتیی ئەنجومەنی دادوەری بە لایەنگر و بەكارهێنراو وەسف بكات.

محەمەد رێکانی، ئەندامی داواکاری گشتی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "داواکاری گشتی لە سنووری ئەو دادگایەی بڕیارەکەی بۆ دەرچووە، پێویستە چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکان بکات، یاخود بەدواداچوون بۆ هۆکاری هەر بڕیارێک بکات کە جێبەجێ نەکراوە". 

دەستتێوەردانی حیزبی لە كاتێكدایە، بەپێی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆیی یەكێـتی و پارتی كە پەرەگراف بەدواداچونی بۆ كردوە، زیاد لە جارێك جەخت لە "سەروەری و سەربەخۆیی" دەسەڵاتی دادوەری و یاسا كراوەتەوە.

"رۆژانە پێشێلکردنی یاسا دەبینین لەلایەن بەرپرسانی ئەم هەرێمەوە، بە سزادانی نەیارەکانیان و سوپاسکردنی دۆستە تاوانبارەکانیان، ئەوە وایکردووە هاوڵاتیانیش متمانەیان بە بڕیاری دادگاکان نەبێت و دەبینین هاووڵاتی کە تووشی کێشەیەک دەبێت روو لە سوڵحی عەشایەری دەکات یاخود بە دەستی خۆی تۆڵە دەکاتەوە" ساکار سەردار، هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستانە، دەربارەی سەروەری یاسا بۆ پەرەگراف وادەڵێت.

حیزبەكان لە كاتێكدا بانگەشەی سەروەری یاسا دەكەن، بەڵام مەكتەبی كۆمەڵایەتییان بۆ چارەسەری كێشەی خەڵك بە سوڵحی عەشایەری هەیە.

ئەندامەكەی داواکاری گشتی هەرێم وتی، بە دڵنیاییەوە جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگاکان دەبێتە هۆی "لاوازکردنی رۆڵی دادگا، پێشێلکردنی سەروەری یاسا و مافەکان پارێزراو نابێت، بەشێکی گرنگی سەروەری یاسا لەوەدایە بڕیارەکانی وەک خۆی جێبەجێبکرێن".

"هەر بڕیارێک کە جێبەجێ ناکرێت داواکاری گشتی دەتوانێت داوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی بکات لە لایەنی جێبەجێکردن و ئەگەر هەر کەمتەرخەم بوون دەتوانێت سکاڵا دژی لایەنی جێبەجێکردن بەرز بکاتەوە" بەوتەی محەمەد رێکانی.

ئەنجومەنی دادوەری، بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی کوردستان لە پاڵ دەسەڵاتی یاسادانان (پەرلەمان) و دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت).

کارزان فازڵ، پارێزەر و بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافەكانی مرۆڤ، بۆ پەرەگراف وتی "یەکێتی و پارتی بەیەکەوە بوونەتە هۆی بێبەهاکردنی دەسەڵاتی دادوەری لای هاوڵاتیان، پڕۆسەکەیان بەردەوامە و بەرەو خراپتریشی دەبەن".

لە دۆسیەی سزادانی ژمارەیەك لە رۆژنامەنوس و چالاكوانانی مەدەنی لە دادگای هەولێر، جارێكیتر، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق و رێكخراوە جیهانییەكانیشدا، دەسەڵاتی دادوەری روبەڕوی رەخنەی توند بۆتەوە و بە "ئاڕاستەكراو و لایەنگر" ناودەبرێت.

تیمی كوردستانی رێكخراوی CPT –رێكخراوێكی نێودەوڵەتییە كە گرنگی بە ئازادی و ئاشتەوایی دەدات-، لە نوێترین هەڵوێستیدا، تەمموزی ئەمساڵ، دوای دەركردنی سزای چوار ساڵی دیكەی زیندانی بەسەر شێروان شێروانی رۆژنامەنوسدا، جەختیانكردەوە "سیستەمی دادوەری لە هەرێم سەربەخۆ نییە، حیزبە سیاسییەكان دەستوەردان دەكەن و دادگا و دادوەرەكان وەكوو كەرەستەیەكی سیاسی بۆ سزادان و سەركوتكردن و ستەمكردن بەكار دەهێنرێن لە دژی ئازادی ڕادەربڕین"، هەروەها پێیانوایە "سیستەمی دادوەری لە هەرێمی كوردستان بە تەواوی شكستی هێناوە".

کاروان عەبدوڵا، هاووڵاتییەکی دانیشتووی هەرێمە و دەڵێت "هەر لە کۆنەوە یاسا تەنها بۆ کەسانی بێ دەسەڵات و فەقیر بووە، بەرپرسەکان دادگا و بڕیارەکانیان بێ بەها کردووە، ئەگەر یاسا سەروەربوایە لە هەرێمی کوردستان دەبوو پێش هەموان بەرپرسەکان دادگایی بکرانایە لەسەر ئەو هەموو دزی و تاڵانییەی دەیکەن".

بەپێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە 23ـی ساڵی 2007ـی هەرێمی كوردستان، دادگاكان دەسەڵاتیان بەسەر هەموو كەسێكی سروشتی و مەعنەویدا هەیە تا دەگاتە حكومەت، تایبەتمەندن بە یەكلاكردنەوەی هەموو كێشە و تاوانەكان.

حاکم لەتیف مستەفا، شارەزای یاسایی و دەستوری، لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک لەسەر دەسەڵاتی دادوەری نووسیویەتی، "دەسەڵاتی دادوەری خۆیان بە سیاسی دەکەن و سوکی دەکەن، ئینجا پێیان عەیبە باسی بکەن، دەسەڵاتێکی دادوەری ئاوا بە سیاسی کراو ئەسڵەن هەر عەیبە و شورەییە لە هەرێمی کوردستان".

ناوبراو كە پێشتر لە ئەركی دادوەریدا بووە و ئێستا خانەنشینە، دەڵێت "ئەگەر دەسەڵاتی دادوەری تۆزێک سەربەخۆیی بمایە و بە قانون کاری بکردایە و نەبوایەتە ئامڕازی دەستی حیزب و تۆزقاڵیک جێگای ئومێدی خەڵک بوایە، خەڵک پەنای نەدەبردە بەر دادگاکانی دەرەوەی هەرێم".

ئەنجومەنی دادوەری بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێم، كە سەرۆكی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان سەرۆكایەتی دەكات و ئەندامەكانی پێكهاتون لە جێگرەكانی سەرۆكی دادگای پێداچونەوەی هەرێم، سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتی دادوەری، سەرۆكی داواكاری گشتی، سەرۆكی دادگاكانی تێهەڵچوونەوە لە هەرێم یان ئەوەی جێیاندەگرێتەوە.

پۆستە دادوەرییەکان لە هەرێمی کوردستان "لەلایەن حیزبەکانەوە پڕدەکرێنەوە بە کەسانێک کە ئەندامی خۆیانن".

بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافەكانی مرۆڤ رونیكردەوە، لە دوای ساڵی 2018ـەوە وردەوردە دادگا بەوە راگەیشت لە کەسانی بەرپرس و حزبی بپێچێتەوە و دەستەی نەزاهە چالاکتر بوو و ناوی بەرپرسەکانی خستە لیستی لێکۆڵینەوەوە بەهۆی کاری نایاسایی و کاری مافیاییەوە، "لەوکاتەوە حیزبەکان هەستیان بە مەترسییەکانی سەربەخۆ بوونی دەسەڵاتی دادوەری کرد".

پارێزەر كارزان فازیڵ وتیشی، حیزبەكان بیریان لەوە کردەوە چۆن ئەو مەترسییە کەمبکەنەوە، بۆیە دەسەڵاتی دادوەرییان "بە حیزبی کرد و تەداخول دەکەن بۆ ئەوەی لە زۆر شتدا خۆیان بپارێزن".

چوارچێوەی یاسایی و سەروەری یاسا بۆ هەر بڕیارێکی دادگا بەو شێوەیەیە، دادگا هەر بڕیارێک دەربکات لە هەر شارێکی هەرێم یاخود ناوەڕاست و باشووری عێراق ئەو بڕیارە واجبە لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە هەر شارێکی تر کە کەسی تاوانباری لێیە جێبەجێی بکات.

"پڕۆسەی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان شەفاف نییە، بەڵێ دەستێوەردانی دەرەکی هەیە لە بڕیار و کاروباری دادگاکاندا، بەتایبەت ئەو کێشانەی تایبەتە بە لایەنێکی دیاریکراو یان کەسێک کە خاوەنی دەسەڵاتێکی سەربازی و حیزبییە و بڕیارێکی لە بارەوە دەدرێت لەسەر هەر بابەتێک بێت" کارزان فازیڵ وای وت.