سوڵح لە دیوەخان پێش چەكوشی دادگا دەكەوێت

15-08-2023 05:34
دیوەخانی هەمەوەندییەكان لە قەزای چەمچەماڵ شوێنی یەكلاییكردنەوەی زۆر كێشەی كۆمەڵایەتییە.

پەرەگراف- عەممار عەزیز

ئازاد سەعدوڵا و بنەماڵەی بەرانبەری دەچنە دادگا، بە پاساوی گوێگرتن لە بڕیاری یاسا، بەڵام پێش ئەوەی دادوەر چەكوشەكەی دەستی بدات بەسەر مێزەكەی بەردەمیدا و قسەی كۆتایی بكات، ئەوان لە دیوەخان رێككەوتون و هەموو شتێكیان یەكلاییكردۆتەوە.

ئەو دۆسیەیە كە پەرەگراف بەدواداچونی بۆ كردووە، روداوێكی هاتوچۆیە لە ئەیلولی 2021 ڕوویداوە و ژمارەیەك هاوڵاتی بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، تۆمەتبارەكەش شۆفێری بارهەڵگرێكە و بەپێی یاسا دەستگیركراوە.

لە روداوەكەدا، شەش كەس مردون، دوانیان برا و براژنی ئازاد سەعدوڵان، لەگەڵ دراوسێیەكیاندا بە رێگاوەبون بۆ ناحیەی كەڵەك تا بچنە لای پزیشك و لەسەر رێگایەكی شاری هەولێر، بارهەڵگرێك خۆی بە ئۆتۆمبێلەكەیاندا دەكێشێت.

ئازاد كە بنەماڵەكەی خەڵكی گوندی دولێجانە لە قەزای بەردەڕەش-ـی دهۆك، نوێنەرایەتی دۆسیەی برا و براژنەكەی دەكات، پێش ئەوەی بچنە دادگا، بە سوڵحی عەشایەری گەیشتون بە چارەسەر، "لایەنی ئێمە چوار بۆ پێنج خێزان بوین، ئاغای گوندەكەمان سەرپەرشتی چارەسەری ئەم كێشەیەی كرد، سەرەتا راوبۆچونی ئێمەی وەرگرت و دواتر هەموان شۆفێرەكەمان عەفوو كرد، وتمان هیچمان لێی ناوێت، چونكە روداوەكە قەزاو قەدەری خودایە"، ئازاد سەعدوڵا بۆ پەرەگراف وای وت.

ئاغای گوند دوای بانگهێشتی كەسوكار و عەشیرەتی تۆمەتبارەكە، لە بڕیاری لایەنی سكاڵاكار ئاگاداریان دەكاتەوە و كۆتایی بە دۆسیەكە دەهێنن، پێش ئەوەی دادگا هیچ بڕیارێك بدات.

ئەوەش لە كاتێكدا بەپێی یاسای بەركاری هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان، سزای شۆفێری تۆمەتبار ئەگەر لە روداوەكەدا زیاتر لە كەسێك گیانیلەدەستدا، زیندانی لە نێوان حەوت ساڵ تا 20 ساڵدایە لەگەڵ غەرامەی یەک ملیۆن تا حەوت ملیۆن دینار، یاخود یەكێك لەو دوو سزایە.

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، دەیان نمونەی كەیسی دیكە هەن هەر لە دهۆك، پێش بڕیاری دادگا، لەڕێی دیوەخانەكانەوە یەكلاییكراونەتەوە، ئەوەش تەنها لەو پارێزگایە نییەو لە زۆر ناوچەی کوردستان سوڵحی عەشایەریی پێش بڕیاری دادگا دەکەوێت.

رەزا زوبێر، ئاغای زێبارییەكان لە سنوری قەزای ئاكرێ بۆ پەرەگراف ئاشكرایكرد "تائێستا سەرووی هەزار كێشەمان چارەسەر كردووە، رۆژ نییە پێنج تا 10 كێشە چارەسەر نەكەین، ئەوەی ئێمە هاوكارییە بۆ حكومەت و خێرێكی گەورەیە"، ئەو رەتیدەكاتەوە كارەكەیان بە دەستتێوەردان لە كاروباری دادگا ناوببرێت، دەڵێت "لە هەر ناوچەیەك پیاوی خێر و باش هەبێت بۆ چارەسەری كێشەكان، دەستخۆشیی لێدەكەین".

جگە لە دیوەخان و كەسایەتییەكان، زۆربەی حیزبەكانی هەرێمی كوردستانیش مەكتەب و ناوەندی كۆمەڵایەتییان هەیە، یان بەشداردەبن لە سوڵحی عەشایەری بۆ چارەسەری چەندین كێشە، بە تایبەت لە نێوان دوو بنەماڵە یاخود دوو عەشیرەت.

"لە پارێزگای دهۆك، ئاستی عەشیرەتگەری زۆر بەهێزە و لەهەمانكاتیشدا هەموو پارتەكان زۆر گرنگی بە ئاغا و سەرۆك عەشیرەتەكانی ئەم سنورە دەدەن لە پێناو دەستخستنی دەنگی هاوڵاتیان لەكاتی دەنگداندا، بۆیە رێگەیان بۆ خۆشكراوە بە رۆڵی دادگا هەڵسن و چارەسەری كێشەكانی خەڵك بكەن" شڤان  فەتحی، پارێزەر لە دادگای سێمێل و دهۆك بۆ پەرەگراف وادەڵێت.

ئەو پارێزەرە دەڵێت، بیركردنەوەی خەڵك ئاوایە، كە چارەسەری كێشەكان لە دیوەخان و لای عەشیرەت "زووتر و خێراتر و بێ سەرئێشە یەكلایدەكرێنەوە، ئەمەش نەبونی سەروەری یاسا دەگەیەنێت".

پاساوی بەشێك لەو كەسانەی كێشەكانیان نابەنە دادگا یاخود ڕۆڵ بە سوڵحی عەشایەری دەدەن ئەوەیە، یاسا لە هەرێمی كوردستان سەروەر نییە یان ڕێكار و ڕۆتیناتی زۆری دەوێت.

شڤان باسی ئەو رەخنەیەی هاوڵاتیانی لە دادگا كرد، وتی "هۆكارێكی ئەوەی خەڵك رودەكاتە دیوەخان، هاتوچۆی زۆری دادگا و دواكەوتنی بڕیاردانە.. جگە لە نەبونی رۆشنبیری یاسایی".

لە بەرانبەر رەخنەكاندا، بەشێك لە خەڵك، لە نێویاندا لێپرسراوان، دەستتێوەردانی عەشیرەت و دیوەخان بە "ئەركێكی باش" و وەك هاریكاریی جێبەجێكردنی یاسا، ناودەبەن.

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "لە چارەسەركردنی كێشەكاندا دەبێت هەموولایەك هاوكاربن، كەسوكاری قوربانییان، موختار، ئاغا و سەرۆك عەشیرەتەكان، لەهەمانكاتیشدا بەپێی یاسا كاری خۆمان هەر دەكەین، بەڵام ئەگەر ئەوانیش هاوكارمان بن باشە".

وتەبێژی پۆلیس پاڵپشتی قسەكانی دەهێنێتەوە كە چۆن دەستتێوەردانی ئەوان "زۆرجار پاڵنەری باش و خێردارن بۆ چارەسەری كێشەكان"، دەشڵێت "زۆرجار ئاغایەك بووەتە هۆكار كە تۆمەتبارێك خۆی ڕادەستی پۆلیس بكات".

لە بەشێكی سوڵحە عەشایەرییەكاندا، بە تایبەت دۆسیەكانی كوشتن، لە بەرانبەر پارەدا بۆ لایەنی قوربانیی، كێشەكە چارەسەر دەكرێت، تاوەكو نەبێتە دوژمنداری و كوشتنی تری بەدوادا نەیەت، هەرچەندە چەندین كێشە دوای سوڵحی عەشایەری، جارێكیتر سەریهەڵداوەتەوە و قوربانیشی لێكەوتۆتەوە.

"دوو جۆر كێشە هەن؛ یەكێكیان دەبێت حكومەت چارەسەری بكات و ئەویتریان لەڕێگەی ئێمەوە چارەسەر دەكرێت، وەك كێشەكانی بەزاندنی سنوری گوند، كوشتن، رفاندنی ئافرەت و كێشەی خوێن كە باشترە ئێمە چارەسەریان بكەین، چونكە لە ڕەگەوە چارەسەری دەكەین و هەردولایەن رازی دەبن، ئەگەر ئەو كێشانە لەڕێی یاساوە چارەسەر بكرێن، لەوانەیە دواتر هەردولایەن قسە لەگەڵ یەكتری نەكەن یان لایەنێك هەستبكات غەدری لێكراوە" بەوتەی ئاغای زێبارییەكان لە ئاكرێ.

رەزا زوبێر رونیكردەوە ئەوان بەهیچ شێوەیەك دەستێوەردان لەكێشەكانی میراتگری و ماڵ و موڵك ناكەن، چونكە حكومەت چارەسەریان بكات زۆر باشتر و گونجاوترە، هەر كەسێكیش بۆ ئەو كێشانە سەردانیان بكات پێیدەڵێن؛ ببورە دەستێوەردان ناكەن.

"سەدان كێشە هەبووە حكومەت پێی چارەسەر نەكراوە، بەڵام ئێمە چارەسەرمان كردوە، هیچ جارێك لە خۆمانەوە ناچینە ناو كێشەی هیچ كەسێك و خەڵك خۆیان داوای هاوكاری ئێمە دەكەن، منیش وەك باوكێك و دادوەرانە كێشەكان چارەسەر دەكەم" رەزا زوبێر زێباری وای وت.

بەشێك لە خەڵك وای دەبینن ئەگەر لە بری دیوەخان، دادگا و لایەنی ئەمنی فەرمیی لە چارەسەری كیشەكاندا ڕۆڵیان هەبێت، ئەوا ڕوداوەكان كەمتر دەبنەوە.

پارێزەرەكەی دهۆك ئەو بۆچونەی هەیە و جەختیكردەوە "بەدڵنیاییەوە چارەسەركردنی كێشەكان لە دادگا و پەنابردن بۆ یاسا باشترە، چونكە بەڕێگەی یاسا هەركەسێك دەگاتە مافی خۆی، كەسی تاوانباریش دەگاتە سزای خۆی، زیانلێكەوتوو بەپێی یاسا قەرەبوودەكرێتەوە"، شڤان  فەتحی دەشڵێت، لەوكاتەدا بەڵگەكان لە دادگا دەمێننەوە و لەحاڵەتی دوبارەكردنەوەی تاوانەكەدا، تاوانبار جارێكیتر سزای توندتر دەدرێت.