یەکێتی کۆنگرە دەبەستێت؛ ئامانجەکە کۆتایی هێنانە بە چیرۆکی لاهور شێخ جەنگی لەناو ئەو حیزبە

27-08-2023 01:50

پەرەگراف- سورکێو محەمەد

یەکێتی ٢٧ی مانگی داهاتووی وەک ڕۆژی کۆنگرەی پێنجەم دیاری کرد بە بەشداریی ٦٠٠ ئەندام، ئامانجی سەرەکیی کۆنگرەکە کۆتاییهێنانە بە چیرۆکی لاهور شێخ جەنگی لەناو ئەو حیزبە، ئایا دوای کۆنگرەی یەکێتی هەنگاوی لاهور شێخ جەنگی چی دەبێت؟ ئەو واژۆیە چی بوو کە کردی و بە گەورەترین هەڵەی ژیانی سیاسیی لە قەڵەم دەدرێت؟ پەرەگراف لەم بەدواداچوونەدا زانیاریی ورد دەخاتەڕوو.

کۆنگرەكەی یەكێتی، گرنگترین كۆبوونەوەی ڕێكخراوەیی ئەو حیزبەیە بۆ خۆنوێكردنەوەو سیستمی هاوسەرۆکی هەڵدەوەشێنێتەوەو دەگەڕێتەوە بۆ یەک سەرۆکی کە بافڵ تاڵەبانی دەبێت.

لاهور شێخ جەنگی کە لە کۆنگرەی چوارەمدا دەنگی یەکەمی کۆنگرەی بەدەستهێناو چووە لوتکەی دەسەڵاتی حیزب و پاشان ئەو بافڵ تاڵەبانی کردە هاوسەرۆکی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی یەکێتی، زیاتر لە دوو ساڵە لەو حیزبە دوورخراوەتەوەو ڕێگەی پێنادرێت بەشداریی کۆنگرەی پێنجەم بکات.

سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی بە پەرەگرافی وت "ئامانجی سەرەکیی کۆنگرەکە لاهور شێخ جەنگییە کە هێشتا لە هەوڵی گەڕانەوەو کارکردنە بە ناوی یەکێتییەوە، کۆنگرەکە بە تەواوەتی و بە یاسایی لاهور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانی لە یەکێتی دادەبڕێت".

هاوسەرۆکییەکەی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی کەمتر لە دوو ساڵ بڕی کرد، لە ٨ی تەمووزی ٢٠٢١ ناکۆکییەکانیان تەقییەوەو بافڵ تاڵەبانی دەستی بەسەر دەزگای زانیاریی و دژەتیرۆردا گرت کە سەربە لاهور شێخ جەنگی بوون، پاشان میدیاو سەرچاوە داراییەکانی لاهوری ئامۆزای کۆنتڕۆڵ کرد.

"گەورەترین هەڵەی ژیانی سیاسیی" لاهور شێخ جەنگی

٨ی تەمووز گۆڕانکاریی خێرای لە ناو یەکێتی بەدوای خۆیدا هێنا، زۆرینەی سەرکردایەتی ئەو حیزبە کە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بوون، چوونە پاڵ بافڵ تاڵەبانی و ئەو ڕۆژانە تا دەهات بەرەی لاهور لاوازتر دەبوو تا ئێستاش کە ژمارەیەکی کەم لە بەرپرسانی پێشووی یەکێتی لەگەڵدایە.

ئەو ڕۆژانە دۆخی سلێمانی و نێوان ئەو دوو ئامۆزایە لەو پەڕی گرژیدا بوو، ئەگەری ڕوودانی پێشهاتی نوێ بە پێکدادانی چەکداریشەوە لە ئارادا بوو، بەڵام لەگەڵ کۆکردنەوەی هێز لەلایەن هەردوو لاوە چەک بەکار نەهات.

فشارەکان لەسەر لاهور شێخ جەنگی زۆر تووندبوون لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە، بافڵ تاڵەبانی و میدیای یەکێتی لاهور شێخ جەنگی و براکانییان تۆمەتبار دەکرد بە ئەنجامدانی تاوانی قورس، لەژێر فشارەکاندا لاهور "هەڵە گەورەکە"ی کرد.

یەک هەفتە دوای ٨ی تەمووز و لە ١٥ی هەمان مانگدا، لاهور شێخ جەنگی دەسەڵاتەكانی ڕادەستی بافڵ تاڵەبانی كرد. دواتر لاھور شێخ جەنگی لە پەیامێكدا ڕایگەیاند، بەشێوەیەكی كاتیی دەسەڵاتەكانی پێشكەش بە بافڵ تاڵەبانی كردووە تا ئەو كاتەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكەیان هەموار دەكرێتەوە.

"لە دوای واژۆکردنی ڕادەستکردنی دەسەڵاتەکانی، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە کاک لاهوری وت ئەو واژۆیە گەورەترین هەڵەی ژیانی سیاسیت بوو" سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەرەگرافی وت.

دەسەڵاتی ڕەهای حیزب کەوتە دەست بافڵ تاڵەبانی، لیژنەی لەسەر لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی حیزبەکەی دروست کردو لە سەرەتای مانگی ١١ی ٢٠٢١ بڕیاری دا لە یەکێتی دەربکرێن بە پاساوی "پێشێلکردنی" چەند ماددەیەکی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکە.

لاهور شێخ جەنگی و دوورخراوەکان دانیان بە بڕیارەکەدا نەناو بەردەوام بە ناوی یەکێتییەوە دەردەکەوتن و خۆیان بە "یەکێتی ڕاستەقینە دەناساند"، لاهور پەنای بۆ یاسا برد لە بەغداد و هەولێر، لە بەغداد لە بەرژەوەندیی بافڵ تاڵەبانی بڕیار دراو دەرکردنەکەی لاهور و کەسە نزیکەکانی بە یاسایی لە قەڵەم درا.

بەڵام دادگای ئاسایشی هەولێر بڕیاری پێچەوانەی دا، دادگاکە لە ١-٢-٢٠٢٣ نووسراوێکی ئاڕاستەی فەرمانگەی حیزبەکان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کردو تێیدا ئەوەی خستەڕوو، یەكێتی لەلایەن دوو هاوسەرۆكەوە بەڕێوە دەبرێت ئەوانیش هاوسەرۆك (بافڵ جەلال حسامەدین) و هاوسەرۆك ( لاهور جەنگی بورهان)ن.

بریارەکەی دادگای هەولێر بۆ ناساندنەوەی لاهور شێخ جەنگی وەک هاوسەرۆک، یەکێتی تووڕەکردو پێیانوابوو "ئەو بڕیارە سیاسییە نەک یاسایی و دەستی پارتی تێدایە" هەرچەندە پارتی ئەوەی ڕەتکردەوە. لەگەڵئەوەی لاهور شێخ جەنگی تا هاوسەرۆکی یەکێتی بوو ڕەخنەگرێکی تووند و دژە پارتی بوو، بەڵام دوای ٨ی تەمووز پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو حیزبە بەرەو ئاسایی بوونەوە ڕۆیشت.

بڕیارەکەی دادگای هەولێر دوو ڕۆژ دوای ئەوە بوو کە فەرمانگەی حیزبەکان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، بڕیاریدا بە ڕەتکردنەوە سکاڵایەکی لاهور شێخ جەنگی و ڕایگەیاند، گۆڕانكارییەكانی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی دروستن بە هەڵوەشاندنەوەی سیستمی (هاوسەرۆكایەتیی)شەوە.

لاهور شێخ جەنگی پشتی بە بڕیارەکەی دادگای هەولێر بەست و دوای سێ هەفتە، لە نامەیەکدا بۆ بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتی، ئاگاداری کردنەوە کە دەسەڵاتەکانی وەک هاوسەرۆک بەکار دەهێنێتەوە.

"بە بڕیاری دادگا هەموو مافە ‏سیاسییەكانمان بۆ گەڕاوەتەوە و ئەگەر هەڤاڵانمان ئامادە ‏نەبن بۆ كاری پێكەوەیی، ناچار دەبین بە جیا و لەژێر ناوی ‏یەكێتیی نیشتمانیدا درێژە بە خەبات و چالاكییە ‏سیاسییەكانمان بدەین" لاهور شێخ جەنگی وای وت، بەڵام لە واقیعدا نەیتوانی دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێتەوەو هیچ ئۆرگانێکی یەکێتی گوێی پێ نەدا. ‏

سەرچاوەیەکی دیکەی پەرەگراف کە ئاگاداری وردەکاریی دۆخی ناوخۆی یەکێتییە، دەڵێت "کاک لاهور بە ئێستاشەوە تموحی لەناو یەکێتیدا ماوەو دەیەوێت سوود لە هێزی جەماوەریی، ئابوری و مێژوویی حیزبەکە وەربگرێت بۆ ژیانی سیاسی خۆی، بەڵام ماڵی مام جەلال لە هەموو شتێکی یەکێتی دایدەبڕن".

لاهور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانی چەندجارێک ئاماژەیان بە ئەگەری دروستکردنی لیست بۆ هەڵبژاردن کردووە بە ناوی یەکێتییەوە، بەڵام وەک ئەو سەرچاوەیەی پەرەگراف دەڵێت "کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ئەو ڕێگایەشیان لێ دەگرێت بتوانن ناوی یەکێتی بەکاربهێنن".

لاهور بە نیازی چییە؟

یەكێتی بەدرێژایی تەمەنی هەورازو نشێوی زۆری دیوە، چەندین سەركردەی لێجیابووتەوە كە حیزب‌و گروپی دیكەی سیاسییان پێكهێناوە، دیارترینیان نەوشیروان مستەفاو هاوڕێكانی بوون كە ساڵی 2006 جیابوونەوەو لە 2009دا گۆڕانیان دروستكردو بەشدارییان لە هەڵبژاردن كردو ٢٥ کورسییان بردەوە لە کۆی ١١١ کورسییەکەی پەرلەمان، ئەوکات هێشتا مام جەلال لە ژیاندا مابوو.

نەخۆشکەوتنی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە ٢٠١٢و پاشان کۆچی دواییکردنی لە ٢٠١٦، هەلومەرج و بۆشایی نوێی لەناو یەکێتی هێنایە کایەوەو لاهور شێخ جەنگی توانی سوود لەو دەرفەتانە وەربگرێت کە هاتنە پێشەوەو خۆی گەیاندە سەر کورسییەکەی تاڵەبانی، بەڵام ٨ی تەمووزی ٢٠٢١ یەکەم تەقینەوە لەناو ماڵی مام جەلال ڕوویداو لە بەرژەوەندیی لاهور نەشکایەوە کە تەمەنی خۆی لەو ماڵەدا بەسەر بردووە.

یەکەم جوڵەی سیاسیی لاهور شێخ جەنگی لە دوای ڕووداوەکانی ٨ی تەمووزی ٢٠٢١، مانگی سێی ئەمساڵ بوو کاتێک بە ناوی "هاوسەرۆکی یەکێتی" سەردانی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی کردو ئەوانەیشی لەگەڵیدابوون وەک "ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتیی" ناویبردن، لەکاتێکدا پێکەوە لەو یەکێتی دەرکراون. بەڵام هیچکام لەو حیزبانە لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکاندا پۆستی لاهور شێخ جەنگییان نەنووسی و دانیان بەوەدا نەنا کە وەک هاوسەرۆکی یەکێتی پێشوازییان لێ کردبێت.

پاشان لاهور شێخ جەنگیی هەوڵەکانی چڕکردەوە بۆ سەرخستنی پڕۆژەیەک بۆ بەشداریکردنی حیزبە کوردییەکان بە یەک لیست لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک کە بڕیارە ١٨-١٢-٢٠٢٣ بەڕێوەبچێت، بەڵام حیزبەکان بە دەم پڕۆژەکەیەوە نەچوون.

لاھور شێخ جەنگی سەرەتای ئەم مانگە ھەڵوێستی ڕاگەیاند لەسەر بەشداریکردن بە لیستی جیاواز لە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، لە پەیامێکدا ڕەخنەی تووندی لە پارتی و یەکێتی گرت و وتی، پڕۆژەی (هاوپەیمانی گەل)ی پێشکەشی لایەنەکان کردووە، بەڵام وەڵامی ئەرێنییان نەداوەتەوەو ئەویش بەشداریی لە هەڵبژاردنەکەدا ناکات.

دوای ٨ی تەمووز، یەکێتی بەبێ لاهوری شێخ جەنگی چووەتە یەک پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە، ئەویش لە ئۆکۆتبەری ٢٠٢١ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لاهور لەو هەڵبژاردنەدا پشتیوانیی یەکێتی نەکردو بەپێچەوانەوە پاڵپشتیی کاندیدی دیکەی لە دەرەوەی یەکێتی کرد بەتایبەت لە کەرکوک، بەڵام ئەو کاندیدانە لە هەڵبژاردنەکەدا سەرنەکەوتن.

ئێستا کە کوردستان لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەماندایەو بڕیارە لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت، قۆناغێکی هەستیارە بۆ لاهور شێخ جەنگی، کەسێکی نزیکی بە پەرەگرافی وت "بەدڵنیاییەوە کاک لاهور بەشداریی هەڵبژاردنەکە دەکات، بەڵام هێشتا زووە بۆ باسکردنی شێواز و میکانیزمی بەشدارییەکە".

کەسە نزیکەکانی ئاماژە بەوەدەکەن، لاهور لیستی دەبێت بۆ هەڵبژاردنەکەو هەوڵیش دەدات گروپ و کەسایەتییە ناڕازییەکانی کۆمەڵگە لەخۆی کۆبکاتەوە، تاڕادەی بەستنی هاوپەیمانیی لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، بەڵام ئەوە کارێکی ئاسان نییەو پێدەچێت یەکێتیش چاوێکی تیژ و تووندی لەسەر ئەوانە هەبێت کە بیانەوێت لە لاهور جەنگی نزیک ببنەوە.