عەممار عەزیز لە دهۆك
محەمەد هەر رۆژێك بە تاكسییەكەی بچێتە سەر كار دەبێت لانیكەم سێ كاتژمێری رۆژەكەی لە نۆرەی وەرگرتنی بەنزیندا بەڕێبكات.
"تەمەنمان هەموو بە نۆرەگرتن رۆیشت" ئەو وای وت، كاتێك سكاڵای بارودۆخی ژیانی بۆ پەرەگراف كرد، بە دەست كەمی و قەیرانی سوتەمەنی لە نەوتی سپییەوە تا بەنزین.
محەمەد مەعاز لە دهۆك نیشتەجێیە، ئەو شارەی دەوڵەمەندترین ناوچەی هەرێمی كوردستانە لە نەوتی رەشدا، بەڵام خەڵكەكەی "رۆژانە دەبێت چەندین كاتژمێر لە چاوەڕوانی وەرگرتنی تەنیا 40 لیتر بەنزیندا بن".
بەنزینی حكومی لیتری بە 750 دینارە و بازرگانیش لە هەزار و 200 دینارەوە تا سەروو هەزار و 500 دینار دەڕوات، بەپێی جۆرەكانی نۆرماڵ و موحەسەن و سوپەر.
"ئەوەندەی لەبیرمە هەر ماوەماوە توشی قەیرانی كەمی بەنزین دەبین، نازانم كەی رزگاردەبین.. ئەگەر رۆژانە ئەوەندە لە نۆرەدا بین، ئیتر ئەبێت كەی فریای كاركردن بكەوین"، محەمەد پرسیاری كرد و هەر خۆیشی لە وەڵامدا دەڵێت، چارەسەر ئەوەیە، بەنزینخانەی تایبەت بە تاكسی دابینبكرێت و لە دابینكردنی سوتەمەنیدا، باشتر بیر لە دهۆك بكەنەوە، كە ژمارەی دانیشتوانی بەهۆی ئاوارە و پەنابەرانەوە زیاتر بون.
قەیرانی بەنزینی 750 دیناری و نۆرە گرتنی دورودرێژ زیاتر لە مانگێكە لە دهۆك بەردەوامە.
ماجد سەید ساڵح ، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری تەكنیكی بۆ پەرەگراف وتی "پشكی پارێزگای دهۆك لە بەنزین و غاز و نەوتی ماڵان بەراورد بە پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان كەمترە".
لە ساڵانی رابردودا سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر رویان لە دهۆك كرد و هێشتا لانیكەم 367 هەزار لەوێ ماونەتەوە، كە ئەوانیش هەر لە پشكی پارێزگاكە بەنزین و نەوت بەكاردەهێنن.
"ژمارەی ئاوارە و پەنابەر هیچ حسابیان بۆ ناكرێت لەرووی دابینكردنی بەنزین و نەوت و غاز، لەكاتێكدا ئەمانیش بەنزین و غاز هەر لەدهۆك دەكڕن، كە وادەكات قەرەباڵغی و فشارێكی زۆرتر لەسەر بەنزینخانەكان و شوێنەكانی دابینكردنی غاز دروستببێت" بەوتەی جێگری پارێزگار.
پارێزگای دهۆك، كە هاوسنورە لەگەڵ وڵاتانی توركیا و سوریا، لە حەوت قەزا و 31 ناحیە پێكهاتووە و ژمارەی دانیشتوانی بەپێی دەستەی ئامار، زیاتر لە ملیۆنێك و 300 هەزار كەسن.
ماجد سەید ساڵح وتی "لەرووی ژمارەی دانیشتوانەوە، پارێزگای دهۆك ژمارەیان زۆر زیاد بووە و دەبوایە لە دابینكردنی سوتەمەنی نەك كەمتر بێت بەڵكو حسابی ئاوارە و پەنابەرانیش كرابایە، بەڵام نەكراوە"، ئیدارەی پارێزگا بەفەرمی داوای زیادكردنی پشكی سوتەمەنی كردوە بەڵام وەڵامی ئەرێنی وەرنەگرتووە "هەوڵەكانمان بەردەوامدەبن تا ئەو فشارە زۆرە لەسەر سوتەمەنی كەمبكەینەوە".
دابینكردنی بەنزینی 750 دیناری لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە، پشت بە هیچ پێوەرێك نابەستێت بۆ پارێزگاكان، لەكاتێكدا پارێزگای دهۆك بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆوە رۆژانە پێویستی بە ملیۆنێك و 700 هەزار لیتر بەنزین هەیە، بەڵام تەنیا 250 تا 300 هەزار لیتری بۆ دابیندەكرێت.
عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆكی لیژنەی ووزە و سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "دیاریكردنی پشكی پارێزگاكان لە سوتەمەنی بەدەستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە، هیچ شتێكی رەسمی نییە كە بڵێن وەزارەت كۆبوونەوەی كردوە یان پێوەرێك شتێك هەیە، هەرچی ناردی هەر ئەوەیە ئیتر كەم بێت یان زۆر، بڕیارەكە تەنها لای خۆیانە".
هەروەها دەڵێت هیچ كۆنتڕۆڵ و رێكخستنێك لە دابینكردن و دابەشكردنی بەشە سوتەمەنی بەسەر پارێزگاكاندا نییە، "بۆیە دەبینین دابینكردنی بەنزین بۆ پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رۆژێك پێنج تانكەرە، رۆژێكی تر شەش تانكەر و رۆژی واهەیە نۆ تانكەرە، هەر تانكەرێكیش 36 هەزار لیترە".
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەرەگراف كەوتووە؛ لە هەولێر رۆژانە 16 بەنزینخانە بەنزینی 750 دیناری دابەشدەكەن، بەڵام لە دهۆك تەنیا شەش بەنزینخانەن، هەر 10 رۆژ جارێك بەر بەنزینخانەیەك دەكەوێت، لە كاتێكدا لە پارێزگاكە 17 هەزار تاكسی، 800 مینی پاس و هەزار كۆستەر هەن، كە كۆی گشتی ئۆتۆمبێلی تایبەت و گشتی زیاتر لە 190 هەزار ئۆتۆمبێل لە پارێزگای دهۆك هەن.
مەحمود سلێمان، سەرۆكی سەندیكای گواستنەوە لە شاری دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "بەشە بەنزینی دهۆك كەمە، بۆیە شۆفێرانی پاس و مینی پاس و تاكسی گلەیی دەكەن كە بەشیان ناكات"، وەك چارەسەرێكی كاتیی، بەنزینخانەیەك دەستنیشانكراوە بۆ پاس و مینی پاس.
"لایەنی پەیوەندیداریش دەڵێن نازانن بۆچی بەشە بەنزینی دهۆك كەمە" ئەوەش لە وەڵامی بەدواداچونەكانی مەحمود سلێمان، كاتێك پرسیاری هۆكاری كێشەكان دەكات و دەردەكەوێت هیچ پێوەرێك نییە لە دابینكردنی بەشە بەنزینی پارێزگاكاندا.
لەكاتێكدا سەدا 52 بۆ 54ی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، لە كێڵگەكانی دهۆكەوە بووە، جگەلەوەی شارەكە ناوەندێكی بازرگانی گرنگە بۆ نەینەوا و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و عێراق، هاوكات جێی كۆكردنەوەی زۆرێك لە گەشتیارانی هەرێمە، بەڵام خەڵكەكە هەندێكجار بۆ كڕینی بەنزین دەچنە موسڵ یان ناوچەكانی دیكەی نەینەوا، چونكە نرخی یەك لیتر بەنزین لەوێ بە 450 دینارە.
سەرۆكی لیژنەی ووزە و سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت "ئەنجومەن چی بكات ئێمەش وەك خەڵك داوا دەكەین، چونكە ئەنجومەن هیچ دەسەڵاتێكی بەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا نییە بەپێی یاسا، ئەو لایەنەی دەسەڵاتی بەسەر وەزارەتەوە هەیە پەرلەمانی كوردستانە".
پەرلەمانی كوردستان چەند مانگێكە كۆتایی بە تەمەنی كاركردنی هاتووە و هەڵوەشاوەتەوە، دیارنییە كەی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمان دەكرێت.
عەبدولسەمەد تێلی وتی "پێش 2014 رۆژانە وەزارەت قائیمەی دەنارد كە هەر پارێزگایەك رێژەكەی ئەوەندەیە، ئەوكات بەتەواوی دەمانزانی، بەڵام ئێستا ئەوە هەمووی نەماوە، بەدڵنیاییەوە جیاوازی لەنێوان پارێزگاكان هەیە و بەشی دهۆك كەمترە بەراورد بە پارێزگایەكانی تر".