كۆمپانیا نەوتییەكان ڕەحم بە ژینگەی كوردستان ناكەن

01-10-2023 01:48

پەرەگراف- غەمگین محەمەد

كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان، نەك گرنگی بە ژینگە نادەن، بەڵكو هەرچی پاشماوەی كاركردنیشیان هەیە لە گوند و ناوچە سەوزەكاندا بەجێیدەهێڵن.

هەر ئەو دوكەڵ و پاشماوەیە، زیاتر لە جارێك ناڕەزایی لەناو هاوڵاتیانی گوندی ئیلنجاغ لە كۆیە لێكەوتۆتەوە، دواینیان ماوەیەك لەمەوبەر بوو، دژی خراپكردنی رێگاوبانەكانیان و لێكەوتەی خراپی كاری نەوتیی، بەبێ ئەوەی هیچ لە ژیانی ئەوان بگۆڕێت.

سالار سلێمان، دانیشتوی ئەو گوندەیە و دەڵێت، لەگەڵ دانیشتوانی نۆ گوندی دیكەدا دژی پیسبوونی ژینگە، بەهۆی دوکەڵ و پاشماوەی کۆمپانیا نەوتییەکان، تێکدانی رێگاوبانەکانیان و سوودمەندنەبوونی گوندنشینان و کارپێنەدانیان لە کۆمپانیا نەوتییەکان ناڕەزاییان نیشانداوە.

ئەو گوندانە دەكەونە سنوری كاركردنی كۆمپانیا و پاڵاوگە نەوتییەكان.

"ماوەی هەفتەیەک خۆپیشاندانمان کرد، کێشە و گلەییەکانمان گەیاندە قائیمقامی کۆیە و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەڵام تائێستا هیچکام لە داواکارییەکانمان جێبەجێنەکراون" سالار بۆ پەرەگراف وای وت.

لە قەزای کۆیە دوو کێڵگەی نەوتیی (تاوکێ و تەق تەق) هەن، کۆمپانیا نەوتییەکان لە ساڵی 2006ــەوە بە فەرمی کاری تێدا دەکەن.

سالار وتی "17 ساڵە کۆمپانیاکانی نەوت لەم سنوورە کاردەکەن، تائێستا نەک رێگاوبانەکانیان چاک نەکردووە، بگرە بەهۆی بارهەڵگرەکانیانەوە زیاتر تێکیانداوە، لەڕووی ژینگەشەوە هیچ دار و درەختێكیان نەڕواندووە و سەوزایی نییە".

ئەوەش پێچەوانەی هەموو ئەو رێنمایی و یاسا و رێكارانەیە کە لە سایتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و دەستەی ژینگە هەن دەربارەی پابەندكردنی كۆمپانیا نەوتییەكان و كارگەكان بۆ قەرەبوی ئەو زیانانەی بەر ژینگە دەكەون لە ئەنجامی کارەکانیان.

تاریق حەیدەر، قائیمقامی کۆیە پشتڕاستی قسەی گوندنشینان دەکاتەوە و دەڵێت "ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە سنووری کۆیە کاریان کردووە وەک پێویست پابەندی رێنماییە ژینگەییەکان نەبوون و زیانیان بە ناوچەکە گەیاندووە"، ئەوەشی بە پەرەگراف وت كە چەندجارێک لەسەر ئەو بابەتە نووسراویان کردووە بۆ لایەنی پەیوەندیدار، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان بەدەست نەگەیشتووەتەوە کە بەداوداچوون کرابێت.

بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، بەشێکی زۆری کۆمپانیا نەوتییەکان پاشماوەکانیان بەشێوەیەکی زانستی لەناو نابەن و دەیخەنە ژێر خاکەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی خاکەکە و ئاوی ژێر زەوی ئەو ناوچانەی کاریان تێدا دەکەن.

د.نالی جەواد، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری ژینگە بۆ پەرەگراف وتی "رێکارەکانی سەلامەتی ژینگەیی کۆمپانیا نەوتییەکان زۆر سادەن و کاریگەرییەکی زۆر خراپیان بەجێ هێشتووە لەسەر تەواوی ژینگە، بێجگە لەوەی هۆکارەکانی گواستنەوەشیان بەپێی پێویست باش نییە، هەندێکجار لە تەنکەرەکانیان دەڕژێت جگە لەوەی رێگاوبانی ئەو ناوچانەیان تێکداوە کە هاتوچۆی پێدا دەکەن".

هەر بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف كۆمپانیا نەوتییەكان و كارگەكانیش زۆرینەیان فلتەری زۆر سادەیان داناوە بۆ پاڵاوتنی هەوای پاڵاوگەکانیان، لە کاتێکدا دەبێت فلتەرەکان زۆر پێشکەوتوو و بەپێی ستانداردی جیهانی بن، تا دوکەڵەکە بپاڵێوێت پاشان بچێتە هەواوە لەبەرئەوەی ئەو گازانەی لە دوکەڵکێشەکانیانەوە دەردەچن، کاریگەریی هەیە لەسەر گەرمبوونی زەوی و پیسبوونی بەرگە هەوا و توشبوون بە نەخۆشی.

رزاق خەیلانی، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەگراف جەختیكردەوە "هەر پڕۆژەیەك كە دادەمەزرێت كاریگەریی لەسەر پیسبوونی ژینگە دەبێت ئەگەر پابەندی سەرجەم رێنماییەكان نەبن، بە پڕۆژە نەوتییەكانیشەوە"، رونیكردەوە كە هەر پڕۆژەیەكی نەوتی دوای وەرگرتنی مۆڵەتی كاركردن لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، پێویستە پابەندی ئەو رێنماییانە بن كە لەو وەزارەتە دەرچوون.

بەپێی رێنمایی و یاسا بەرەكارەكانی هەرێمی كوردستان، گوندنشینان بەوپێیەی زەرەرمەندی یەکەمن لە کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکاندا، دەبێت سوودمەندی یەکەم بن لە جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکان و دامەزراندنیان لە پڕۆژەکاندا، بەڵام لە زۆربەی ناوچەكاندا ئەو رێكارە جێبەجێنەكراوە.

شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ پەرەگراف باسی لەوەكرد، لە هەرێم 56 بلۆکی نەوتی هەیە و 52 کۆمپانیای نەوت کاریان تێدا دەکەن، کە رێژەی سەدا 92ـیان دەکەونە سنووری پارێزگای هەولێرو دهۆک، "هەموویان کاریگەریی نێگەتیڤیان لەسەر ژینگە هەیە ئەمە بێجگە لە ژمارەیەک پاڵاوگەی نەوتی نایاسایی کە ئەوانیش پاشماوەکانیان دەکەنەوە ژینگە".

دۆخی گوندنشینانی نزیک لە کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەموو ناوچەکان وەک یەک وایە؛ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دانیشتووانی گوندەکانی حەسیرە، میرقاسم و کەواچەرموو بەیانیان کە هەڵدەستن جام و بۆنیدی ئۆتۆمبێلەکانیان و هەموو ئەو کەلوپەلانەی لە دەرەوە دایانناوە لە دوکەڵ و رەشییەکی چەوری خنکێنەردا دیار نییە، چەند جارێک دژی ئەو دۆخە سکاڵایان کردووە و گوێیان لێنەگیراوە.

"کۆمپانیا نەوتییەکان هیچ پابەندییەکیان نییە بەرامبەر بە ژینگە و هاووڵاتیانیش، ئەو دەستدرێژییەی لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە لە هەرێمی کوردستان دەکرێتە سەر ژینگە لە هیچ وڵاتێكی دنیادا نییە، هۆکارەکەشی بەرپرسانن کە تەنیا ئامانجی سەرەکییان دەستکەوتنی پارەیە و هیچی تر" بەوتەی ئیبراهیم زەریف، سەرۆکی رێکخراوی ژینگەپارێزی گەرمیان بۆ پەرەگراف.

پاشماوەی كارگەکان و دوكەڵ و پیسبونی ئاووهەوا، کاریگەری هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ و بە مەترسی و هۆكارێك بۆ زیاتربونی شێرپەنجە دادەنرێت.

بەپێی ستانداردە جیهانییەکان؛ کۆمپانیا نەوتییەکان نابێت بە ئارەزووی خۆیان گاز و پاشماوەکانیان فڕێ بدەنە ژینگەوە، بەڵکو دەبێت بەقەد ئەو بڕە گازەی رۆژانە فڕێی دەدەن، سەوزایی بچێنن، بۆ ئەوەی ئەو گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەی دەیکاتە هەواوە لەڕێگەی درەختەکانەوە ببێتەوە ئۆکسجین و هەوا پیس نەکات.

بە بڕوای نالی جەواد، "لایەنی بەرپرس ئاگاداری دەستدرێژی کۆمپانیا نەوتییەکانە بۆ سەر ژینگە، بەڵام بەبیانووی ئەوەی کەیسی نەوت سەرچاوەی سەرەکی داهات بووە بۆ هەرێم لایەنە بەرپرسەکان چاویان لە هەموو سەرپێچی و کەموکوڕییەکانیان پۆشیوە، نیەتی ترۆپکی دەسەڵات ئەوەیە کە بڕێکی زیاتر نەوت بفرۆشێت نەک ژینگە چی بەسەردێت".

پەرەگراف پەیوەندی بە لێپرسراوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و هەروەها چەند كۆمپانیایەكی نەوتییەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان لەسەر ئەو دۆسیەیە بدەن.

بەپێی رێنمایی ژمارە 2ـی ساڵی 2023، بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان، سزای سەرپێچی ژینگەیی پاڵاوگەکان، قورسترین سزای بۆ نەبوونی یەکەی چارەسەر دانراوە؛ کە بڕەکەی هەشت ملیۆن دینارە، دوای ئەوە سزای نەبوونی سەوزاییە کە بڕەکەی شەش ملیۆن دینارە، ژاوەژاوی موەلیدە و فڕێدانی پاشماوەی رەق هەریەکەیان سزاکەی بڕی سێ ملیۆن دینارە، کەمترین سزا کە بڕی یەک ملیۆن دینارە دانراوە بۆ هەریەکە لە سەرپێچییەکانی نەبوونی سیستمی فلتەری پێشکەوتوو، دوکەڵی موەلیدە، پیسبوونی دەوروبەری موەلیدە بە گازوایل.

وتەبێژی دەستەی ژینگە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەبڕی غەرامەكە بکات وتی "لە رابردوودا زۆر لەپڕۆژە نەوتییەكان بەتایبەتی پاڵاوگەكان سزای غەرامەكردنیان بەسەردا سەپێنراوە".

هەروەها پیسكردنی ژینگە و ئاووهەوای كوردستان بەپێی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008ی پاراستن و چاككردنی ژینگە سزای قورسی بۆ دانراوە، كە زیندانی و غەرامەی تا 200 ملیۆن دیناری تێدایە، ئەوەش بەپێی جۆر و شێوازی سەرپێچیی دەگۆڕێت.

کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواداچوونی کردووە و دەڵێت لەگەڵ فەرمانگەی ژینگەی ناوچەکانیش قسەیکردووە، "بەڵام هەڵوێستێکیان نییە شایەنی باسکردن بێت و نەیانتوانیوە راپۆرتی خۆیان بدەنە دادگا لە دژی پیسکردنی ژینگەو پابەندنەبوونی کۆمپانیا نەوتییەکان بە رێنماییە ژینگەییەکانەوە، ئەوەش بۆ لاوازی بەرپرسە ئیدارییەکانی ژینگە دەگەڕێتەوە" كەریم بۆ پەرەگراف وای وت.

کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ ئەوەی بەپێی پێویست دارو درەختیان نەڕواندووە، بەڵکو لە هەندێک ناوچە رووبەرێکی زۆری زەوی ئەو ناوچانەی کاری تێدا دەکەن دارەکانیان بڕیوەتەوە و رووتەنیان کردووە، بیری نەوت هەیە زیاتر لە دۆنمێک زەوی بۆ تەرخانکراوە.

سەرۆکی رێکخراوی ژینگەپارێزی گەرمیان وتی "لە بەرنامەی کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکاندا شتێک نییە بەناوی یاسا، مافی مرۆڤ، تەندروستی، سەلامەتی، پاراستنی ژینگە و کوالێتی کارکردن، دوژمنی هەر پێنج سێکتەرەکەی ژینگەن؛ ئاو، هەوا، خاک، هەمەجۆری زیندەگی و ژاوەژاو"، ئیبراهیم زەریف وتیشی "گەورەترین دوژمنی ژینگە حکومەتی هەرێمی کوردستانە".

لە هەرێمی کوردستان نە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و نە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانیش وەک پێویست ئاگاداری کاری کۆمپانیا نەوتییەکان نین و ناتوانرێت لەنزیکەوە بەدواداچوون و لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت "وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کۆمپانیاکانی نەوتی وەک دەزگایەکی ئەمنی لێکردووە، بۆیە لە ئیش و کارەکانیاندا هیچ رەحمێکیان بە ژینگە نەکردووە، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا تەنانەت سکاڵای یاساییم لەسەر کۆمپانیایەکی نەوت لە سنووری گەرمیان تۆمارکرد و لەگەڵ ئەوەی بەدواداچوونیش کرا تائێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە".

لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر لە پاڵاوگەش هەن و بەشێكیان جگە لە مەترسیداریی بەرهەمەكانیان، خۆشیان بوونەتەهۆی پیسبونی ژینگە، بەوتەی خودی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوونەتە سەرچاوەی "نەخۆشیی مەترسیدار"، سەرباری چەندین بڕیار بۆ داخستنیان هێشتا بەشێكیان هەر لەكاردان.