دەرمانی ئۆنلاین؛ ژیانی خەڵك دەشێوێنێت

11-10-2023 09:22
بەشێک لەو دەرمانانەی لەلایەن کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە

پەرەگراف- غەمگین محەمەد

بەهار زیاتر لە ساڵێكە بەڕێی پزیشكێكی پسپۆڕەوەیە، بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیەی بەهۆی كڕینی دەرمانێكی ساختەی ئۆنلاین، جەستە و ژیانیشی شێواند.

ئەو دەرمانەی بەهار كڕیویەتی، بە ناوی گەورەكردنی سنگ-ـەوە لە ئۆنلاین ریكلامی بۆ كراوە و ئەویش كاتێك كۆمێنتە زۆرەكانی دەستخۆشی بۆ دەرمانەكە بینیووە، كەوتۆتە ژێر كاریگەرییەوە و بڕیاریداوە تاقیبكاتەوە.

"دەرمانەكە حەبێك بوو، كە بە زمانی چینی لەسەر قوتووەكەی نوسراوبوو، دەمویست بەو رێگایە سنگم گەورە بكەم، بەڵام كێشەی زۆری بۆ دروستكردم و مووی هەموو لەشم زیادیكرد"، بەهار عەبدوڵا (21 ساڵ) بۆ پەرەگراف وای وت.

دوای ئەوەی یەك قوتوو لەو حەبە بەكاردەهێنێت كە بە رێگای ئۆنلاین و لە پەیجێكی بێ خاوەن كڕیویەتی، موی جەستەی زیاد دەكات و دواتر بە ناچاری دەچێتە پزیشكی پسپۆڕ، تا چارەسەر وەربگرێت.

"بۆیە باوەڕم پێکرد زۆر کەس هەبوو لەکاتی ریکلامکردن بۆ حەبەکە کۆمێنتیان نووسیبوو کە سوودیان لێ بینیوە، ئیتر نازانم ئەو کۆمێنتانە راستی بوون یان فەیک"، ئەو دەڵێت هەرچی بووێت، تازە ئەو تووش بووە و بە هیوای كەسی تر نەكەوێتە ئەو هەڵەیەوە.

بەهار و دەیان هاوڵاتی دیكەی هەرێمی كوردستان، بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، رۆژانە دەبنە قوربانی ئەو دەرمان و چارەسەرییانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ریكلامیان بۆ دەكرێت.

ریكلامەكان كە پشت بە هیچ رونكردنەوە و زانیارییەكی پزیشكی و زانستی نابەستن؛ تایبەتن بە حەب و گیراوەی روكی یان كرێم و دەرمانی سروشتی و قاوە و خواردنەوە، بەناوی خۆلاوازكردن یان قەڵەوكردن، یاخود گەورەكردنی ئەندامێكی جەستە هەروەها بانگەشەی چارەسەری لاوازی سێكسی و دەیان جۆری دیكەی نەخۆشی و گرفتی تەندروستی دەكەن.

ئەوەش لە كاتێكدایە بەبڕیاری فەرمی وەزارەتی تەندورستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، فرۆشتنی دەرمان بە ئۆنلاین بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، ئەگەر تەنانەت فرۆشتنی دەرمانەكە لەلایەن دەرمانخانەیەکەوە بێت کە مۆڵەتی هەیە.

د.هاڤێڵ ئازاد، سەرۆکی لیژنەی هاوبەشی تەندروستی لە قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی "بەشێکی زۆری ئەو دەرمانانەی بەشێوەی ئۆنلاین دەفرۆشرێن پێکهاتەکەیان دیارنییە، کەس نازانێت لەچی دروستکراون و بەشێکی دیکەیان بەسەرچوون و دەستکاری لێبڵەکانیان کراوە و ماوەی بەکارهێنانیان درێژکراوەتەوە" ئەو دەڵێت دەرمانەكانی ئۆنلاین بە کوالێتی کۆنترۆڵدا تێپەڕ نابن و بە قاچاخ هاوردەدەكرێن.

کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان تیمی شاراوەی هەیە؛ خۆیان دەکەن بە کڕیار و لەکاتی گەیاندنی بەرهەمە فرۆشراوەكە بە ئۆنلاین لەڕێگەی شۆفێرێكەوە، دەچنە شوێنی وەرگرتنی دەرمانەكە و ئەو كەسە دەستگیردەكەن كە دەرمانەكە دەگەیەنێت، دواتر دەست بەسەر تەواوی مەوادەکاندا دەگرن.

گۆڤەند رەوەند، لێپرسراوی چاودێری بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لە کوالێتی کۆنتڕۆڵ بۆ پەرەگراف جەختیكردەوە لە رێگەی ئاسایش و لیژنەکانی قائیمقامیەتەوە هەڵمەتیان دەستپێکردووە و دەیان کەسیان بەو شێوەیە دەستگیر کردووە، کە هەندێکیان کەسی ئاسایی و هەندێکیان بلۆگەر بوون و روبەڕوی دادگا کراونەتەوە.

لەو هەڵمەتانەی دەزگا پەیوەندیدارەكان، وەك گۆڤەند وتی "ئەوەیە هاووڵاتی خۆی هۆشیاربێت و بەو رێگەیە دەرمان و تەواوکەرە خۆراکییەکان نەکڕێت".

بەكارهێنەری زۆری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان هەن؛ كە هەزاران پەیج دوور لە چاودێری و لێپرسینەوە كراونەتەوە، لە نێویاندا فرۆشیاری ئۆنلاین، هەر لەڕێی تەلەفۆن یان نامەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، داواكاری كڕیار وەردەگرێت و دەرمانەكە بۆ دەگەیەنێت بۆ ئەو شوێنەی كڕیار دیاریدەكات، لەوێش پارەی دەرمانەكە وەردەگرێت، ئەو جۆرە مامەڵە هیچ رەچەتەیەكی پزیشكی یان پسوڵە و رێكارێكی رەسمی تێدانییە.

داریان کەمال (32 ساڵ)، خێزاندارە و باوكی دوو منداڵە، ئەویش قوربانی كڕینی دەرمان و چارەسەرە لەڕێگای ئۆنلاینەوە، كاتێك ویستویەتی بە بەكارهێنانی جۆرە قاوەیەك، كێشەی دابەزێنێت و كێشەی دیكەی بۆ دروستبووە، كە پێویستی بە چارەسەر هەیە و ئێستا بەردەوام سەردانی پزیشك دەكات.

"کاتێك قاوەکانم دەخوارد ئیشتیهای خواردنم نەدەما، پاش تەواوکردنی دوو پاکەت لەگەڵ دابەزینی کێشی لەشم هەستم بە لاوازی سێکسیش دەکرد، بەڵام بە هەندم وەرنەگرت و پاکەتی سێیەمیشم تەواوکرد، بەڵام زیاتر کاریگەری خراپی هەبوو لەسەرم، ئێستا توانای سێکس کردنم نەماوە" بەوتەی داریان بۆ پەرەگراف.

دامەزراوە تەندروستییەكان و پزیشكانی پسپۆڕ زیاتر لە جارێك هۆشدارییان داوە كە هیچ كەسێك بەبێ رەزامەندی پزیشك دەرمان و چارەسەر بە ئۆنلاین نەكڕێت و بەكارینەهێنێت.

رۆژگار ئیبراهیم، پارێزەری یاسایی بۆ پەرەگراف رونیكردەوە "لەبەرئەوەی ئەو مەوادانە زیان بە جەستە دەگەیەنێت، سزاکەی دەچێتە چوارچێوەی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، چونكە خەڵکی بەهۆی خۆنمایشکردنی کچە مۆدێلەکانەوە دەیکڕن و دوای بەکارهێنان دەبینن زیانی هەبووە لەجیاتی سوود".

بەپێی ئەو یاسایە هەر كەسێك لەڕێی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنەوە، كە ئینەرنێتیش دەگرێتەوە، ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە خەڵك ئەوا بە شەش تا پێنج ساڵ زیندانی و غەرامەی یەك تا پێنج ملیۆن دینار یاخود یەكێكیان سزادەدرێت.

ریکلامکردن بۆ ئەو مەوادانەی بۆ زلکردنی سمت و سنگ و ئەندامانی جەستە یان قەڵەوکردن و خۆ لاوازکردن بەکاردەهێنرێن؛ بەشێكیان لەلایەن کەسانی دیاری ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان کچە مۆدێلەکانەوە لە سۆشیاڵ میدیا کە وێنە و ڤیدیۆی جەستەی خۆیان بڵاودەکەنەوە هۆکارێکە بۆ فرۆشتن و بەکارهێنانیان لەلایەن کەسانی دیکەوە.

لێپرسراوی چاودێری بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لە کوالێتی کۆنترۆڵ دەڵێت "زۆرجار ئەو مەوادانەی دەستمان بەسەردا گرتوون بە ئامێری تایبەت پێوانەمان کردوون و هیچ هاوکێشەیەکی کیمیایی نادات، هەندێکجار ئەوەی لە کەبسولەکاندا هەبووە خەنەی قژ بووە، یاخود بە مەبەستی قەڵەوی فرۆشراوە خورما لەناو کەبسولەکەدا بووە و وشک کراوەتەوە و هاڕدراوە".

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم لە نوێترین راگەیەندراویدا باسی جۆرێك لە قاوە دەكات كە بە ئۆنلاین دەفرۆشرێت بە ناوی دابەزینی كێشەوە و جەختیكردۆتەوە، هیچ رێگەپێدانێکی وەزارەتی نییە و رێکاری پێویست دەگرنەبەر بەرامبەر هەر شوێنێک ئەو بەرهەمە قاچاخە دەفرۆشن.

هەروەها کۆنترۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستی پزیشکی سەر بە وەزارەت ئەوە روندەكەنەوە؛ ئەو بەرھەمانەی دەفرۆشرێن بۆ قەڵەوکردنی روخسار و جەستە ئەنجامە تاقیگەییەکان بە بەڵگەی تەواو ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە بەبڕێکی زۆر ستیڕۆیدەکانیان تێدایە و دوای ماوەیەک بەکارهێنان زیانە مەترسیدارەکانیان دەردەکەون، جگە لەو بەرھەمانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی لاوازی سێکسی ریکلامیان بۆ دەکرێت، كە مەترسیدارن بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و دەبنە هۆی مردنی لەناکاو.

مامەند رەشید، پزیشکی دەرمانساز دەڵێت بەدڵنیاییەوە هەموو دەرمان و تەواوکەرێکی خۆراکی ئۆنلاین کاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر جەستەی کەسی بەکار‌هێنەر، "لەبەرئەوە تاکە شوێن دەرمانخانەکانن و پزیشکانی پسپۆڕی دەرمانسازن کە دەرمانیان لێ وەربگرن بۆئەوەی پەرپرسیارێتی ئەو بابەتە بگرنە ئەستۆی خۆیان و یاساییانە و زانستیانە دەرمانتان پێبدەن" مامەند بۆ پەرەگراف وای وت.

كاریگەری خراپی دەرمانی ساختە و ئەو كەرەستانەی بەناوی چارەسەرەوە بە ئۆنلاین دەفرۆشرێن؛ تەنیا بە كێشەی تەندروستی بۆ بەكارهێنەر تەواو نابێت و هەندێكجار ژیانی خێزانیشی دەشێوێنێت.

پارێزەر رۆژگار ئیبراهیم وتی "لەناو دادگاکاندا دەبینین ئەو مەوادانە بوونەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزان، خەڵک هەیە بەکاریهێناوە تووشی مایەسیری بووە یان ژن هەبووە هاوسەرەکەی بەزۆر وایکردووە ئەو مەوادانە بەکاربهێنێت تا ئەویش وەک کچە مۆدێلەکان سمت و سنگی گەورە بێت و دواتر هەموو جسمی تێکچووە، بۆیە بۆتە کێشەی نێوانیان و گەیشتووە بەجیابوونەوە".

بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستی پزیشکی هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە خۆیان لە کڕینی دەرمانی ساختە و قاچاخ و بێ ستیکەر بەدوور بگرن، بەھیچ جۆرێک نەکەونە ژێر کاریگەریی ریکلام و بانگەشەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ بەرھەمی بەناو سروشتی.