پەرەگراف
هیوا تاهیر، نیوەی تەمەنی لە كرێچێتی بەسەربردووە و ترسی هەیە نیوەكەی دیكەشی لە چاوەڕوانی وەرگرتنی شوقەكانی حكومەتدا بەڕێبكات، كە چەند ساڵێكە پڕوپاگەندەی بۆ دەكرێت و هیچی دیارنییە.
لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بانگەشەی دروستكردنی زیاتر لە 29 هەزار یەكەی نیشتەجێبون لە شێوەی شوقە كراوە، ئەوەش لە دوو قۆناغی جیاوازدا فۆڕمی ئەلیكترۆنی بۆ بڵاوكراوەتەوە.
لە هەر شوێن و كات و سەردەمێكدا فۆڕمی وەرگرتن یان كڕینی شوقە بڵاوكرابێتەوە، هیوا تیایدا بەشدار بووە، "بەڵام تائێستا هیچ هیوایەكم پێنەدراوە كە لەداهاتوودا ببم بە خاوەنی یەكەی نیشتەجێبونی خۆم" ئەو 39 ساڵە هاوسەرگیری كردووە و لە كرێچێتیدا دەژی.
شوقەكانی حكومەت قۆناغی یەكەمی كە 20 هەزار یەكە بوو بەسەرپەرشتی دەستەی وەبەرهێنان؛ لە ناوەڕاستی ساڵی رابردودا فۆڕمی بۆ پڕكرایەوە و ئەویتر زیاتر لە نۆ هەزار یەكەیە، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن سەرپەرشتی دەكات و چەند مانگێكە پڕكردنەوەی فۆڕم دەستیپێكردووە و بەردەوامە.
هەردوو پرۆژەكە بە ناوی كرێنشین و كەمدەرامەت و هەژارەوە بانگەشەی بۆ دەكرێت.
"من ژیانم لە كرێچێتیدا تەواو كرد، با منداڵەكانم وەك خۆم نەژین و شوێنكیان هەبێت كە خاوەنی خانوو بن و مانگانە كەس نەچێتە سەریان بۆ كرێ" هیوا تاهیر بۆ پەرەگراف وای وت، ئەو كاسبییەكەی هێندە نییە بتوانێت زەوی یان شوێنێكی نیشتەجێبون بكڕێت.
بە خەرجی پێنج منداڵەوە، مانگانە 200 هەزار دینار بە كرێ دەدات و ئەگەر لەو 39 ساڵەدا شوقەی هەبوایە، "لەبری كرێ پارەكەم بە حكومەت دەدایەوە و رەنگە ئێستا پارەی دوو خانوم هەبوایە".
نۆ هەزار شوقەكەی حكومەت بە سەرپەرشتی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە؛ لە ئابی ئەمساڵەوە تا كۆتایی ساڵ فۆڕمی ئەلیكترۆنی بۆ چالاككراوە، بڕیارە بەبێ پێشەكی، بە قیستی درێژخایەنی 25 ساڵ بە هاوڵاتیان بدرێت، ئەوانەیشی وەریدەگرن بەزنجیرەیەك رێكار و فلتەردا تێدەپەڕن، تا بەپێی خاڵبەندی ریزبەندبكرێن.
"یەكەكان ژمارەیان نۆ هەزار و چوار یەكەی نیشتەجێبوونە، بە قۆناغی جیاجیا كەوتونەتە بواری جێبەجێكردنەوە.. بەشێك لەو یەكانە سەدا 95ـیان تەواو بووە، بەشێكیشیان سەدا 13ـی تەواو بووە" بەوتەی مەریوان مەلا حەسەن، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدنكردنەوە و نیشتەجێكردن بۆ پەرەگراف.
ئەو یەكەی نیشتەجێبونانە پرۆژەی كۆنی حكومەتە و بەهۆی خەرجنەكردنی بودجەوە لە كابینەكانی رابردودا كارەكانیان راگیراوە.
مەریوان دەربارەی ئەو پرۆژانەی زۆرینەی كارەكانیان تەواو بوون؛ دەڵێت لە شاری سلێمانی لە زڕگوێز و سیتەك پرۆژە هەیە كە سەدا 95ـی تەواو بووە، لە بنەسڵاوەی هەولێر پرۆژەیەك سەدا 95ـی تەواو كراوە و لە زاخۆش پرۆژەیەكی دیكە سەدا 96ـی تەواو بووە.
بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف؛ دوو پرۆژەكەی زڕگوێز و سیتەك كە 1500 یەكەی نیشتەجێبوونن، لە 2010ـەوە باڵەخانەكانیان تەواو كراون و خزمەتگوزارییان ماوە، بەڵام لەوكاتەوە تەواو نەكراون.
بەرهەم قەرەداغی، سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكی لە مافی كرێنشینانی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "لە هەرێمی كوردستان بە نزیكەیی ١٣٠ هەزار خێزانی كرێنشین هەن، ئێمە دەیان كێشە دێتە لامان كە كرێنشین لەلایەن خاوەن خانووەوە تەنگەتاو دەكرێن بۆ كرێ، هەموو ئەمانەش پەیوەستە بە گوزەرانی هاوڵاتیان و نەبوونی موچەوە".
بەپێی ئەو ئامارە بێت شوقەكانی حكومەت سەدا 22ـی پێداویستی كرێنشینان پڕدەكاتەوە، ئەگەر تەنیا بە كرێچی بدرێت.
ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ نیشتەجێبونی هەزاران خێزانی پارێزگاكانی عیراق لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و هۆكارە بۆ بەرزبونەوەی نرخی كرێ.
وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدنكردنەوە و نیشتەجێكردن رونیكردەوە یەكەكانیان بەبێ پێشەكیە و بە قیستی درێژخایەنە، بەپێی شوێن و تێچووی شوقەكان پارەكە وەردەگیرێت، كە 45 ملیۆن دیناری تێدەچێت و بە 25 ساڵ پارەكە لە هاوڵاتیان وەردەگیرێـتەوە.
مەریوان مەلا حەسەن دەڵێت ئەو كەسانەی پێشتر لە حكومەتی هەرێم بە زەوی و خانوو سودمەندبوون، یان خاوەنی یەكەی نیشتەجێبوونن ناتوانن لەو یەكانە سودمەندبن، بەڵام "كرێچی و كەمدەرامەت دەتوانن لەهەمان كاتدا فۆڕمی ئاوەدانكردنەوە و دەستەی وەبەرهێنان پڕكردبێتەوە"، كە دوو پرۆژەی جیاوازن.
لە شوقەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، تا ناوەڕاستی ئەیلول، نزیكەی 20 هەزار فۆڕم پڕكرابۆوە و زۆرینە لە هەولێر بون، بەدوای ئەودا سلێمانی، ئینجا گەرمیان، زاخۆ، سۆران، هەڵەبجە و راپەڕین دێت.
هیچ وادەیەك بۆ تەواوبون و رادەستكردنی شوقەكانی حكومەت بە هاوڵاتیان دیارنییە، نە ئەوەی ئاوەدانكردنەوە نە ئەوەی وەبەرهێنان.
بەرگەشت ئاكرەیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان بۆ پەرەگراف وتی بابەتی یەكەی نیشتەجێبوون لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان "قۆناغی باشی بڕیوە، ڕێكارە یاسایی و كارگێڕییەكانی باش ڕۆیشتوون"، جەختیشیكردەوە "ئەوەی ئێمە پێداگری لەسەر دەكەین كوالیتی یەكەكانە و دەمانەوێت وەبەرهێنێك بدۆزینەوە كە بەو مەرج و كوالێتییەی ئێمە دەمانەوێت دروستی بكات".
20 هەزار یەكەكەی وەبەرهێنان بە روبەری 80 و 100 و 120 مەتری، لە 17ـی حوزەیران تا تەمموزی 2022 فۆڕمی بۆ پڕكرایەوە، كە سەدا 50ـیان لە هەولێرەوە پڕكرانەوە، سەدا 26ـیان لە سلێمانی و سەدا 11ـیان لە دهۆك و پاشان لە ناوچەكانی دیكەوە بون.
"ئەو 20 هەزار یەكەیە بڕیارە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دروستبكرێن؛ تائێستا 159 هەزار هاوڵاتی فۆڕمیان پڕكردۆتەوە، ئێمە هەڵاوێری ناوەكان دەكەین، كەسانی هەژار و كەمدەرامەت كە شایستەبن جیا دەكرێنەوە، ئەوەش بە ئاگاداری پارێزگا و ئیدارەكان و بەشێوەیەكی شەفاف و بە ئاگاداری میدیاكان" وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان وادەڵێت.
بەرگەشت ئاكرەیی ئاماژەی بەوەدا یەكەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان بەسەر شوێنەكاندا دابەشكراوە، لە شاری سلێمانی لەسەر شەقامی تاسلوجە دروست دەكرێت و بۆ هەولێریش دوو شوێن دیاریكراوە.
پێشتر ئیدارەی پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە هەردوو ناوچەی گەڕەسۆر و باغلومنارە بۆ دروستکردنی یەکەکان دەستنیشانکراون.
هەر كەسێك لە یەكەكانی وەبەرهێنان سودمەندبێت، ناتوانێت لە یەكەی ئاوەدانكردنەوەش سودمەندبێت، یان بەپێچەوانەوە، بەوتەی ئاكرەیی، كە دەڵێت لەڕێی وێبسایتی پەرەگراف-ـەوە داوا لە وەبەرهێنەران دەكەن؛ ئەو كەسانەی كە بەرژەوەندی گشتییان بەلاوە گرنگە تا ئۆفەرەكانیان پێشكەشی دەستەی وەبەرهێنان بكەن بۆ دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبون.
سەرباری ئەو دوو پرۆژەیە؛ حكومەت ناوبەناو بەڵێنی دروستكردنی شوقە بە توێژەكانی دیكە دەدات؛ لە تەمموزی ساڵی رابردودا وەزارەتی ئەوقاف بانگەشەی بنیاتنانی یەكەی بۆ مامۆستایانی ئایینیی كرد و لە ئەیلولی ئەمساڵیشدا وەزارەتی كاروباری شەهیدان بە كەسوكاری شەهید و ئەنفال و زیندانییان دەڵێت حكومەت شوێنی نیشتەجێبونتان بۆ دروستدەكات، بێ ئەوەی وردەكاری دیكە بخەنەڕوو.
سەرۆكی كۆمەڵەی داكۆكی لە مافی كرێنشینان دەڵێت بۆ یەكەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، دواتر ناوەكان دەنێردرێت بۆ تۆماری خانوبەرە و هەر كەسێك موڵك بەناویانەوە هەبێت، ناتوانێت سودمەند بێت. بەرهەم قەرەداغی لەبارەی پرۆژەكەی وەبەرهێنانەوە وتی "ساڵێك و شەش مانگە بەردی بناغەیان لەهیچ شوێنێكی كوردستان دانەنراوە".
سەدان پرۆژەی بچوك و گەورەی نیشتەجێبون لە شارەكانی هەرێمی كوردستان هەن؛ بەڵام بە پێشەكی و قیست و بڕە پارەیەكی زۆر، كە كرێچی و كەمدەرات لە توانایاندا نییە لێی سودمەندبن، بەوپێیەی نرخی هەر یەكەیەك لە زۆربەی پرۆژەكاندا دەگاتە سەروو 100 هەزار دۆلار (10 دەفتەر دۆلار بەزمانی خەڵك).
وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت لەمساڵدا 47 پرۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە؛ 21ـی لە هەولێر بوە، 10 پرۆژە لە سلێمانی، نۆ پرۆژە لە دهۆك، چوار پرۆژە لە گەرمیان، یەك پرۆژە لە هەڵەبجە، یەك پرۆژە لە راپەڕین و یەك پرۆژە لە زاخۆ بووە.
لەو 47 پرۆژەیە تەنیا 8ـیان پرۆژەی نیشتەجێبون بوون، ئەوانیتر 14ـیان پیشەسازی و 8ـیان پرۆژەی دیكەی بازرگانی بون.