شێرپەنجە لە دهۆك؛ دنیایەك نەهامەتی دیكەی لەگەڵدایە

01-11-2023 06:29

پەرەگراف- عەمار عەزیز لە دهۆک

شيرين پێنج ساڵە شارە و شار بەدوای چارەسەردا دەڕوات، سەرباری ماندوێتی رێگا و ئازاری بێبەزەییانەی شێرپەنجە، بارگرانی زۆر بۆ سەر گیرفانی دروستدەبێت.

ئەو نەهامەتییانەی بەسەر ئەو ژنە و زۆربەی توشبوانی دیكەی شێرپەنجەدا دێت لە دهۆك، كە ئازارەكەی كردون بە دوو هێندە و زیاتریش، بەهۆی نەبونی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بەو نەخۆشییەیە لە پارێزگاكەدا.

"ئێمە بارودۆخی داراییمان تاڕادەیەك باشە، بۆیە زۆرجار بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی هەولێر یان شارەكانی دیكە دەكەین، یان دەچینە دەرەوەی وڵات، بەڵام ئەوانەی باری داراییان خراپە ناچارە دەرمان ناكڕێت یان بە قەرز دەستی دەكەوێت" بەوتەی شیرین، ناوی خوازراوی ژنێكی توشبوی شێرپەنجە بۆ (پەرەگراف).

شیرین (45 ساڵ)، لە قەزای بەردەڕەش-ـی دهۆك نیشتەجێیە و ماوەی پێنج ساڵە توشی شێرپەنجە بووە.

"شێرپەنجە وەك نەخۆشییەكانی دیكە نییە، هەموو دەرمانەكانی گرانن و تاڕادەیەك پەیداكردنیشیان قورسە، لەوانەیە لە هەموو شوێنێك دەستنەكەون"، پێشیوایە ئەگەر نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە شێرپەنجە لە دهۆك هەبوایە، زۆرینەی دەرمانەكان بەردەست دەبون و توشبوانیش لە جیاتی هەولێر و شارەكانی تر، هەر لە زێدی خۆیان و نزیكی شوێنی نیشتەجێبونیان چارەسەریان وەردەگرت.

لە دهۆك نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە نییە، تەنیا بەشێكی ئەو نەخۆشییە لەناو نەخۆشخانەیەكی دیكە كراوەتەوە، لەوێش هەموو چارەسەرێك هاوشێوەی نەخۆشخانەی تایبەت بەو نەخۆشییە، بەردەست نییە و ناكرێت.

ئەوەش لە كاتێكدایە هەزار و 434 توشبووی شێرپەنجە لە دهۆك تۆماركراون لە ساڵی رابردوودا، ئەوەش لە كۆی نۆ هەزار و 61 توشبوو لە سەرتاسەری هەرێم، كە چوار هەزار و 304ـیان لە هەولێر و سێ هەزار و 323ـیان لە سلێمانی بون، بەپێی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە تیایدا هاتووە تائێستا لە هەرێم بە كۆی گشتی ژمارەی توشبوانی شێرپەنجە گەیشتۆتە زیاتر لە 71 هەزار كەس.

توشبوەكەی شێرپەنجە لە بەردەڕەش وتی "بەهیواین بە زوترین كات نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە دهۆك دروستبكرێت" دەپرسێت بۆچی لە هەولێر و سلێمانی هەیە، بەڵام لە دهۆك نییە.

لە سلێمانی نەخۆشخانەی هیوا هەیە و لە هەولێریش نەخۆشخانەكانی نانەكەلی و رزگاری چارەسەری توشیبوانی شێرپەنجە دەكەن.

"لە دهۆك دوو شوێن دابینكراوە بۆ توشبووانی شێرپەنجە، بەشی تایبەت بە شێرپەنجەی منداڵان كە 60 قەرەوێڵەییە لەناو نەخۆشخانەی هێڤی منداڵان بەمنزیكانە دەكرێتەوە" ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆك بۆ پەرەگراف وای وت.

هەروەها رونیكردەوە بۆ توشبوانی شێرپەنجە، لە گەوران، نەخۆشخانەی كۆنی فریاكەوتن لە گەڕەكی بەرۆشكی، نهۆمێكی تەواو بووە و بۆ شێرپەنجە تەرخانكراوە، كە ئێستا نۆژەندەكرێتەوە و بڕیارە لە تشرینی دوەمی ئەمساڵ بە فەرمی بكرێتەوە.

پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی ئەو نەخۆشخانە كۆنەی دهۆك کە بڕیارە بكرێتە شێرپەنجە لە ناوەڕاستی ئەمساڵ دەستیپێكرد و هێشتا تەواو نەكراوە.

چەكدار ئەحمەد، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشیەكانی خوێن لە دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "توشبوانی شێرپەنجە لە دهۆك رێژەكەی بەرزبۆتەوە، پێش دووساڵ توشبووانی شێرپەنجە تەنیا هەزار و 16 كەس بوون"، هەرچەندە ئاماژەی بەوەشدا رێژەكە بەراورد بە هەولێر و سلێمانی كەمترە.

توشبوانی شێرپەنجە لە دهۆك تا ساڵی 2018 دەوروبەری 700 تا 800 كەس بون تا لە 2021ـدا گەیشتە سەروو هەزار كەس.

"زیاتر لە سەدا 90ـی دەرمان و پێداویستی تایبەت بە توشبوانی شێرپەنجە بۆ دهۆك دابینكراوە، لەسەر ئەركی حكومەت، ئەوەی دەمێنێتەوە پێویستە كەسوكاری نەخۆش لە دەرەوە بیكڕێت" بەوتەی دكتۆر چەكدار.

پارێزگای دهۆك، لە حەوت قەزا و 31 ناحیە پێكهاتووە، هەژارترین پارێزگای هەرێمە بەپێی ئامارەكانی دەستەی ئامار و ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە ملیۆنێك و 400 هەزار كەسە، سەرباری لە خۆگرتنی هەزاران ئاوارەی ناوخۆی عیراق و پەنابەری خۆرئاوای كوردستان.

بەرێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك دەڵێت، دەرمان و پێداویستی تایبەت بە شێرپەنجە سەدا 100 نییە، چونكە بودجەی ساڵانەی تەرخانكراو بۆ دهۆك بە ئامانجی كڕینی دەرمان و پێداویستی پزیشكی، تەنیا سەدا 23ـی بودجەی تەرخانكراوی تایبەت بە نەخۆشخانەكانی شێرپەنجەیە لە هەرێمی كوردستان.

دكتۆر ئەفراسیاب موسا وتی "رێژەی سەدا 23 بۆ دهۆك كەمە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان، جگەلەوەی بەشی زۆری ئاوارە و پەنابەران لە سنوری پارێزگاكەدان، ئەوەش ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی دوو هێندە كردووە"، بۆ ئەوەش ساڵانە ئامار و ژمارەی نوێ دەنرێن بۆ وەزارەت بە ئامانجی زیادكردنی تایبەت بە روبەروبونەوەی شێرپەنجە.

پاشماوەی كارگەکان و دوكەڵ و پیسبونی ئاووهەوا بە مەترسی و هۆكارێك بۆ زیاتربونی شێرپەنجە دادەنرێن، لە دهۆك دەیان پاڵاوگەی نایاسایی پاڵاوتنی نەوتی خاو هەن و هەر لەو پارێزگایەوە نیوەی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێت.

بەڕێوەبەری تەندروستی وتی ئامارەكانی توشبون بە شێرپەنجە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت لە عیراق روو لە زیادبونە و لە دهۆكیش رێژەكە بەرزە، "ساڵانە تەنیا لەناو منداڵاندا 50 بۆ 60 توشبوو تۆمار دەكرێت، بەشی زۆریان لە جۆری شێرپەنجەی خوێنە".

شێرپەنجە؛ زیاتر لە 100 جۆری هەیە، نەخۆشییەکی درێژخایەنە و لە زۆربەیاندا كوشندەیە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لەنێو ئافرەتاندا جۆری شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك و بۆ پیاوانیش شێرپه‌نجه‌ی پرۆستات بەربڵاوترینن و لە پلەی یەكەمدا دێن.

پسپۆڕەكەی نەخۆشییەكانی خوێن رونیكردەوە كە خواردنی ناتەندروست، قەڵەوی، جگەرەكێشان و نێرگەلە، هەوای پیس، زیادبوونی خەڵك، پیسبوونی ئاو، بەكارهێنانی خواردنی ناو قوتو، نەبونی وەرزش و مەی خواردنەوە لە هۆكارەكانی توشبوون بە شێرپەنجەن، باشترین رێگاچارەش پشكنینی پێشوەختەیە تا لە قۆناغەكانی سەرەتادا توشبوو چارەسەر وەربگرێت.

بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، نەخۆشی شێرپەنجە يەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی مردن و ساڵانە نزیكەی 20 ملیۆن كەس توشدەبن و نیوەیان بەوهۆیەوە دەمرن، لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست مردن بەو نەخۆشییە دەگاتە نزیكەی نیو ملیۆن كەس لە ساڵێكدا و سەدا 14ـی توشبوو كە پێویستیان بە چاودێری پزیشكی هەیە بۆیان فەراهەم دەبێت، چاوەڕوانیشدەكرێت تا ساڵی 2040 ژمارەی توشبوان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە رێژەی سەدا 50 زیادبكات.