'قەرەج'ــــەكان ژیــــان و خزمەتگوزارییان دەوێت

29-11-2023 07:54
فیستیڤاڵی تایبەت بە کلتورو دابونەریتی "قەرەجەکان" لە دهۆک، تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣

پەرەگراف- عەممار عەزیز

دەیان ساڵە بە زستان قوڕ دەشێلن و لە هاویندا دەبێت تەپوتۆز هەڵمژن، وەك كۆمەڵگەیەكی دابڕاو، تائێستاش بنكەی تەندروستییان نییە و خوێندنگەیەكی ئامادەیی شكنابەن، ئەمە دۆخی كۆمەڵگەی ئادارە لە پارێزگای دهۆك کە 16 ساڵە بۆتە زێد و نیشتمانی هەزاران "قەرەج"، ئەو كەمینەیەی هەندێك بە "دۆم" ناویان دەهێنێت و خۆشیان پێیانخۆشە پێیانبڵێن "هۆستا".

"سێ‌ كێشەی سەرەكیمان هەیە؛ تائێستا كۆڵانەكانمان كۆنكرێت نەكراون، بە زستان هەموی دەبێتە قوڕ و لیتە، تەنانەت ناتوانین تا ماڵە دراوسێیەكانیش بڕۆین، لە هاوینانیشدا دەبێتە تۆزێكی یەكجار زۆر و تەواو بێزاربوین" نەجمان موسا بۆ پەرەگراف وای وت.

نەجمان لە كۆمەڵگەی ئادار نیشتەجێیە، دەڵێت، داواكارییەكی دیكەیان بۆ خوێندنگەیە، تائێستا تەنیا خوێندنگەیەكی سەرەتایی هەیە كە بیناكەی تەواو نەكراوە و بۆ قۆناغی ئامادەیی دەچنە ناوچەكانی تر.

"قەرەج" یان "هۆستا"، كەمینەیەكی ناجێگیرن و زیاتر كۆچەرین، بەپێی وەرز و گەرما و سەرما شوێنی نیشتەجێبونیان دەگوازنەوە، بەڵام لە ساڵی 2007ـەوە، بەشێكیان لە كۆمەڵگەی ئادار ماونەتەوە، كە لە ناوەندی ناحیەی فایدەی دهۆك بنیاتنراوە و ئێستا زیاتر لە چوار هەزار كەسی تێدایە.

لەو كۆمەڵگەیە بنكەی تەندروستی نییە، وەك نەجمان موسا باسیكرد، ئەگەر نەخۆشیان هەبێت، پێویستە بچنە ناوچەكانی دیكە، وەك قەزای سێمێل یان ناوشاری دهۆك، ئەو روی دەمی دەكاتە حكومەتی هەرێمی كوردستان تا هاوكارییان بكات، چونكە "بێ ئومێد" بون لە حكومەتی فیدراڵی عێراق.

ئاماری ورد لەبەردەستدا نییە لە بارەی ژمارەی "قەرەج"، ئەوەی هەیە نا رەسمی و خەمڵاندنە، كە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دادەنرێن، لە عێراق دەگەنە 200 هەزار و بەپێی ئامارێكی ساڵی 2018ـیش لە هەرێمی كوردستان، ژمارەیان گەیشتۆتە 46 هەزار كەس، زۆرینە لە هەولێر دەژین و بەدوای ئەودا پارێزگای دهۆك دێت.

فیستیڤاڵی تایبەت بە کلتورو دابونەریتی "قەرەجەکان" لە دهۆک، تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣

زاهیر یونس، نوێنەری "دۆم"ـەكانی هەرێمی كوردستان كە لە پارێزگای دهۆك دەژی، بۆ پەرەگراف وتی "ئەوانەی لە هەرێمن هەمویان دۆمن و بەمدواییە هەندێكیان داوایانكرد ناویان بگۆڕێت بۆ هۆستا، بەپێی داتاكانی بەردەست دەگەنە 46 هەزار كەس بەڵام ئەو ژمارەیە پێنج ساڵە نوێنەكراوەتەوە و دڵنیام ئێستا زیاترن".

ئەوان لە وڵاتانی دیكەوە رویان لە عێراق كردووە، لەوانە سوریا و توركیا و ئێران، یان وڵاتانی دیكەی وەك هیندستان و روسیا، لە عێراقیش جگە لە هەرێمی كوردستان، لە چەندین پارێزگای دیكە هەن لەوانە بەغدا، موسڵ و دیوانیە.

زاهیر یونس وتی، تەنیا لە دهۆك ژمارەیان دەگاتە هەشت هەزار، "بۆ كاروكاسبی وەك هاوڵاتیانی تری هەرێمی كوردستان ئەگەر دامەزراندن و هەلیكار هەبێت بۆ ئێمەش تەرخاندەكرێت، واتە جیاوازی لە نێوان خەڵكی دیكە و ئێمەدا ناكرێت".

فیستیڤاڵی تایبەت بە کلتورو دابونەریتی "قەرەجەکان" لە دهۆک، تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣

"قەرەج"ـەكانی عێراق تا چەند ساڵێك لەمەوبەر لە ناسنامە و بەڵگەنامە فەرمییەكان بێبەش بون و دواتر بەبڕیاری حكومەتی عێراق، لە كۆتاییەكانی 2019ـەوە، بڕیاردرا ناسنامەیان بۆ دەربكرێت و ئێستا دەتوانن وەك هاوڵاتی عێراقی كارتی نیشتمانی وەربگرن.

شەمعون شلیمون، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری كارگێڕی بۆ پەرەگراف وتی، حکومەتی هەرێم لەو كۆمەڵگەیەدا بەپێی توانا خزمەتگوزاری وەك ئاو، كارەبا و رێگەوبانی بۆ دابینكردون.

"داواكارییەكی ئەوان بۆ گۆڕینی ناویان لە (قەرەج)ـەوە بۆ (هۆستا)، لەوەشدا ئیدارەی دهۆك لاری نییە و هەموو ئاسانكارییەك دەكات" شلیمون دەڵێت، بەبێ جیاواز هەر خزمەتگوزارییەك هەبێت، لە توانای بودجەی پارێزگاكەدا، بە كۆمەڵگەی ئەوانیشی دەگەیەنن.

فیستیڤاڵی تایبەت بە کلتورو دابونەریتی "قەرەجەکان" لە دهۆک، تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣

لە كۆتاییەكانی مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، فێستیڤاڵی تایبەت كلتور و دابونەریتی "قەرەج"ــەكان لە دهۆك بەڕێوەچوو، بۆ گفتوگۆی ئاڵنگارییەكانی بەردەم ئەو كەمینەیە و نمایشی كارە دەستییەكانیان و خواردن و شمەكە نەریتییەكانیان، لەگەڵ جەختكردنەوە لە گۆڕینی ناویان بە رەسمی بۆ "هۆستا" كە بەواتای "وەستا" دێت وەك ئاماژەیەك بۆ دەستڕەنگینی ئەوان لە چەندین كاردا.

حەسەن فەتاح، لێپرسراوی بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری دهۆك، كە فێستیڤاڵەكەیان رێكخستبوو، بۆ پەرەگراف رونیكردەوە ئامانج لێی گرنگیدان بووە بەو توێژە لەڕوی كلتوری و هونەرییەوە، لەگەڵ نمایشی كارە دەستییەكانیان وەك بێشكە، تیرۆك و زۆر شتی دیكە.

"ئامانجێكی دیكە ئەوەیە رای خەڵك بەرانبەریان بگۆڕین، تا بە چاوێكی جیاواز تەماشا نەكرێن، یان بۆچونی خۆیان بگۆڕین بەرانبەر بە خوێندن و هەندێك دیاردەی هەڵە، وەك نەناردنی منداڵەكانیان بۆ خوێندنگە"، حەسەن فەتاح دەشڵێت، هەر لەو فێستیڤاڵەدا داواكاری دەربارەی قیرتاوی كۆڵانەكانی كۆمەڵگەی ئادارو كردنەوەی خوێندنگەی ئامادەیی و بنكەی تەندروستی رادەستی ئیدارەی پارێزگا كراون و "دڵنیام ئیدارەی دهۆك بۆیان جێبەجێدەكات".

فیستیڤاڵی تایبەت بە کلتورو دابونەریتی "قەرەجەکان" لە دهۆک، تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣