پەرەگراف- غەمگین محەمەد
بەبێ ژاوەژاوی مۆلیدە و دوكەڵ و چاوەڕوانی حكومەت؛ ماڵی هەردی لە شەو و رۆژێكدا 12 كاتژمێر كارەبایان هەیە، بەبێ ئەوەی مانگانە یەك دینار بە كەس بدەن.
هەردی عوسمان لە سلێمانی نیشتەجێیە، هەر لە سەربانی ماڵەكەی خۆیدا، ژمارەیەك پەنەڵ و ئینڤێنتەرێكی بە چەند پاترییەكەوە جێگیركردووە، بەوشێوەیە لە وزەی خۆر كارەبا بەرهەمدەهێنێت.
"چوار بۆ پێنج ئەمپێر كارەبا بەرهەمدەهێنم، ئەوەش بۆ ماوەی 12 كاتژمێر بەكاردەهێنم، هەشت كاتژمێر بە رۆژ و چوار كاتژمێر لە شەواندا" ئەو بۆ پەرەگراف ئەوەشی رونكردەوە، ئەو بڕە كارەبایە هەندێكجار زیاتر دەبێت، بە تایبەت لە هاویناندا كە وزەی خۆر زۆرتر و بەتینترە.
شێوازی بەرهەمهێنانی كارەبای ماڵی هەردی پێیدەوترێت "سیستمی سۆلار"، كە بریتییە لە كرداری گۆڕینی تیشكی خۆر بۆ وزەی كارەبا، ئەوەش بەچەند رێگایەكی زانستی كە لە ژمارەیەك ئامێر و كەرەستەدا كورتكراونەتەوە و كۆمپانیاكان بە ئاسانی بۆ هاوڵاتیانی دادەنێن.
هەڵكەوتەی جوگرافیای هەرێمی كوردستان ئاڕاستەیەكی لەبارە بۆ دانانی چەندین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر، درێژیی وەرزی هاوین و تەنانەت كەمیی رۆژەكانی هەور و بارانیش یارمەتیدەرە.
"ماوەی ساڵێکە ئەو سیستمەم داناوە و نرخی هەمووی نزیكەی سێ هەزار دۆلاری تێچووە و بە تەواوی ئیسراحەتم کردووە" هەردی وای وت.
بەپێی قەبارەی بەرهەمهێنان لە سیستمەکە دوای دانان، تاوەکو نزیکەی شەش ساڵ هیچ تێچووییەکی دیکەی نییە و دواتر تەنیا باترییەکانی بە نیوەی تێچووی سەرەتا دەگۆڕدرێت، هەموو سیستمەكەش بەپێی ناوچە و شارەكانی عێراق تێچویان دەگۆڕدرێت و لە نێوان سێ تا نزیكەی شەش هەزار دۆلاردایە.
پێشڕەو نوری، بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنان لە وەزارەتی کارەبای هەرێم، دەڵێت، بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر لەلایەن هاووڵاتیانەوە، سوودێكی یەكجار زۆری هەیە، لەبەرئەوەی هاووڵاتی سەرچاوەیەكی كارەبای بەردەوامی دەبێت و بەپێی كاتیش تێچوی كارەبای نیشتمانی لەسەر کەمدەبێتەوە.
هاوڵاتیان لە هەرێمی كوردستان و عێراق، زۆربەی مانگەكانی ساڵ، بە تایبەت لە هەردوو وەرزی سەرما و گەرمادا، بەدەست كەمی كارەبای نیشتمانییەوە دەناڵێنن، كە لە شەو و رۆژێكدا تەنیا چەند كاتژمێرێك هەیە، كاتەكانی دیكە، زۆربەی بە كارەبای مۆلیدەی ئەهلی پڕدەكرێنەوە، هەر ئەوەش وایكردووە ڕووكردنە بەكارهێنانی وزەی خۆر زیاتربن، وەك پەرەگراف بەدواداچونی بۆ كردووە.
شادمان شوکری، ئەندازیار لە بەشی وزە نوێبووەوەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی، بەپێی درێژی رۆژ و بەتینی تیشکی خۆر، بڕی کارەبای بەرهەم هاتوو لە تیشکی خۆر لە گۆڕاندایە، "بەشێوەیەک لە وەرزی هاوین و لە نیوەڕواندا زۆرترین بڕە کارەبامان دەست دەکەوێت بە بەراورد بە بەیانیان و ئێواران بەهۆی ئەوەی بەتینی تیشکی خۆر کەمترە".
بەپێی ئامارێكی كارەبای سلێمانی، بەرهەمهێنان لە وزەی خۆر لهلایهن هاووڵاتیانهوه روو لە زیادبوونە و 150 ماڵ لهناو سلێمانی سیستمی سۆلاریان له سهربانی ماڵهكانیان داناوه، كه كۆی توانای بهرههمهێنانی وزهی كارهبایان نزیكهی 1.5 مێگاواته لەكاتێكدا چەندین ماڵی دیكەش هەن كە تائێستا سیستمەكەیان تۆمارنەكردووە، ئەوە بێجگە لەو گوند و کۆمپانیا و کارگانەی هەمان سیستمیان داناوە.
گوندی هەزارمێرد لە باشوری شاری سلێمانی، 26 ماڵی تێدایە و ماوەی دوو ساڵە رۆژانە لانیکەم 12 بۆ 15 کاتژمێر کارەبایان لە رێگەی وزەی خۆرەوە دەستدەکەوێت، كە بەوتەی گوندنشینان؛ هەموو ئامێرەکانی ماڵەکانیان کار پێدەکەن و هیچ کێشەیان نییە.
شادمان شوكری وتی "لەبەرئەوەی تێچووی سیستمەکە لە سەرەتادا زۆرە، ئەگەر هاوکاری لایەنی پەیوەندیدار و کۆمپانیاکانی دانانی سیستمەکە یان قەرزی بانکی هەبێت، ئەوا زۆرترین هاووڵاتی روو لە بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر دەکەن".
دانیشتوانی هەرێمی كوردستان، بەپێی خەمڵاندنەكان زیاتر لە شەش ملیۆن كەسە و بەپێی ئامارێكی وەزارەتی كارەبا زیاتر لە یەك ملیۆن و 450 هەزار بەشداربووی كارەبا هەن، ساڵانەش 100 هەزار بەشداربوو زیاد دەكات.
چەندین كۆمپانیای تایبەت بە وزەی خۆر دامەزراون و سیستمی جۆراوجۆری وزەی خۆر هاتووەتە كوردستانەوە، كە بەپێی كوالێتی و ماركەی كۆمپانیاكە كوالێتی و خەسڵەتەكانی دەگۆڕێت.
کەمال عەبدوڵا، بەڕێوەبەری كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی كارەبایە لە وزەی خۆر، بۆ پەرەگراف رونیكردەوە ئەگەر حكومەت پلانی بۆ سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر هەبێت، "هەرێمی كوردستان پێویستی بە مۆلیدەی ئەهلی نامێنێت و گرفتی كەمی كارەباش چارەسەر دەبێت" چونكە بەوتەی ناوبراو، كەشی هەرێمی كوردستان گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە.
بەپێی پۆلێنێكی دەستەی ژینگە؛ مۆلیدەی گەڕەكەكان یەكێكە لەو هۆكارانەی كاریگەریی هەیە لەسەر پیسبوونی ژینگە، بە دوكەڵەكەیان، دروستكردنی ژاوەژاو و پاشماوەكەیان واتا بە شێوەیەكی گشتی كاریگەریی سلبیی لەسەر كۆی ڕەگەزەكانی ژینگە؛ هەوا و خاك و ئاوی ژێرزەوی هەیە.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم بۆ پەرەگراف وتی، پێشتر پڕۆژەیەکیان راگەیاندووە بۆ دروستکردنی سێ وێستگە لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر بە توانای 25 مێگاوات وەک پاوەر پلان، "بەردی بناغەی وێستگەکەی هەولێر دانراو هەنگاوەکانی تری جێبەجێکردنی ماوە و وێستگەکانی سلێمانی و دهۆک هێشتا هیچی بۆ نەکراوە".
وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر لە هەولێر، لە ئایاری ئەمساڵدا بەردی بناغەی دانرا، كە دەكەوێتە گوندی منارەی دەوروبەری هەولێر، پرۆژەكە بە گوژمەی 100 ملیۆن دۆلارە و بڕیارە لە ساڵێكدا كارەكانی تەواو ببێت، ئەوەش لەكاتێكدا بەپێی ئامارێكی حكومەت؛ لە هەرێمی کوردستان تەنیا دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەى بەخۆر هەن، کە توانای بەرهەمهێنانی سێ مێگاوات کارەبایان هەیە، وەك پێشتر فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردۆتەوە.
بەڵام وتەبێژی وەزارەتی كارەبا وتی "ئێستا وێستگەیەکی تایبەت نییە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر، تەنها لەناو وەزارەت هەندێک پەناڵمان هەیە و هانی وەزارەتەکانی دیکەشمان داوە بۆ دانانی سیستمەکە".
لە هەرێمی كوردستان جگە لە هەردوو وێستگەی كارۆئاویی دوكان و دەربەندیخان، زیاتر سوود لە غاز، نەوتی رەش و گازوایل وەرگیراوە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا.
ئەوەش لەكاتێكدایە جیهان ئێستا روو لە وزەی خۆرە و نەتەوە یەكگرتووەكان بە بەردەوامی هانی بەكارهێنانی دەدات؛ كە بەپێی راپۆرتێكی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئەمریکی بۆ وزە، ئەو کارەبایەی لەڕێگەی وزەی خۆرەوە دەستدەكەوێت بەرێژەی لە سەدا 90 مرۆڤ و ژینگە لە زیانی گازەكان دەپارێزێت و ئەگەری قەتیسبوونی گەرمای زەوی کەمدەکاتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنان لە وەزارەتی کارەبا دەڵێت، گرنگیدان بە بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر، بە یەكێك لەو رێگایانە دادەنرێت كە بۆ ئیدارەدانی كەرتی وزە و كەمكردنەوەی خەرجی و بەردەوامبوونی گرنگە، چونكە "سەرچاوەیەكی پاك و خاوێن و دۆستی ژینگەیە" بە پێچەوانەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە نەوتی رەش و گازوایل و گازی سروشتی، كە تێچوی زۆر و زیانی بۆ ژینگە هەیە.
بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێم سێ هەزار و 200 بۆ سێ هەزار و 500 مێگاواتە، لە کاتێکدایە هاوینان هەرێمی کوردستان پێویستی بە پێنج هەزار و 500 بۆ شەش هەزار مێگاوات کارەبا هەیە و لە وەرزی زستانیشدا خواست لە سەرووی حەوت هەزار مێگاواتەوەیە.
ئەو بۆشاییەی لە بەرهەمهێنانی كارەبادا هەیە؛ بە زیاتر لە پێنج هەزار مۆلیدەی ئەهلیی پڕدەكرێتەوە، كە سەرجەمیان بە گاز كاردەكەن و مەترسین بۆ ژینگە و تەندروستی.
بەپێی رێنماییەكی وەزارەتی كارەبا؛ ئەو کارەبایەی لە وزەی خۆر بەرهەمدەهێنرێت، ئەگەر هاوڵاتیان و كۆمپانیا و شوێنەكانی دیكە تێکەڵ بە کارەبای نیشتمانی بكەنەوە، ئەوا لە کۆتایی مانگەکەدا، بەقەت ئەو بڕە كارەبایەی داویەتی بە حكومەت، لە كرێی مانگانەی كارەبای نیشتمانی ماڵەكەی كەمدەكرێتەوە.
لەبارەی ئەو رێكار و رێنماییەی وەزارەتەوە، بۆ نمونە؛ ئەگەر هاوڵاتییەک مانگانە بڕی هەزار کیلۆوات کارەبای نیشتمانی بەکاربهێنێت و لە رێگەی وزەی خۆرەوە 300 کیلۆوات کارەبا بکاتە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانییەوە، ئەوا لە کۆتایی مانگەکەدا حكومەت تەنیا پارەی 700 کیلۆوات کارەبای لێوەدەگرێت.
شادمان شوکری وتی "دوای بڕیار و رێنماییەكانی وەزارەتی کارەبا بۆ بەستنەوەی کارەبا بەرهەمهاتووی وزەی خۆر بە تۆڕی کارەبای نیشتماییەوە و هەژمارکردنی، هاووڵاتیان و خاوەن کۆمپانیا و کارگەکان زیاتر روویان لە دانانی ئەم سیستمە کردووە و هاندەرێکی باش بووە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر".
بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، لە چەندین وڵاتی جیهان، یاسای تایبەت بە وزە نوێبووەكان هەیە و حكومەت هانی وەبەرهێنەران دەدات وەبەرهێنان لە وزەی خۆر بكەن، لەڕێی پاڵپشتیكردن و بەخشینیان لە بەشێكی باج و هەروەها كڕینەوەی وزەی بەرهەمهاتوو لە خۆر بە نرخێكی گرانتر لە جۆرەكانی دیكەی وزەی بەرهەمهێنراو.