پینەوپەڕۆ یان قیرتاو؟ نۆژەنكردنەوەی رێگاوبانەكان بەرگەی بارانێك ناگرن

28-12-2023 06:46
چاککردنی شەقامێکی سلێمانی لەلایەن تیمەکانی شارەوانییەوە. 21-12-2023

پەرەگراف

رێگاوبان و شەقامە سەرەكییەكانی پارێزگای سلێمانی؛ دوای نۆژەنكردنەوە بە یەك دوو بارانبارینی پاییز وەكو جارانیان لێهاتەوە، بەشێكیشیان پڕبون لە چاڵ و تاسە.

قیری بێ كەڵك و هاتوچۆی زۆری بارهەڵگر، بە دوو هۆكاری سەرەكی خراپی رێگاوبانەكان دادەنرێن، هەرچەندە هەندێكیش پێیانوایە هەر لە سەرەتاوە ئەوەی دەكرێت پینەوپەڕۆیە نەك پڕۆژەی جددی بۆ نۆژەنكردنەوەی شەقام.

محەمەد لەو كەسانەیە كە وابیردەكاتەوە، بە جەختكردنەوەوە وتی "ئەوەی دەكرێت پینەوپەڕۆیە، لەگەڵ بارانبارینێكدا هەڵدەتەكێت و ئەوەندەی تر ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ دروستدەكات"، محەمەد عەلی، شۆفێری تاكسی لە رێگای سەرەكی كەركوك – سلێمانی وای وت.

ئەو بۆ پەرەگراف رونیكردەوە زیاتر لە 15 ساڵە هاتوچۆی ئەو رێگایە دەكات و چەندینجار بەهۆی خراپی رێگاوبانەكانەوە، "لە مەرگی حەتمی رزگاری بووە"، تائێستا دووجار تووشی روداو بووە، "ئەو رێگایە ساڵانێكە چاك نەكراوە،... كە چاك دەكرێت زوو تێكدەچێتەوە و دەبێتە ئاستەنگ، بە تایبەت لە وەرزی زستاندا چاڵ و شكانی رێگاكان بە تەواوەتی شۆفێر بێزاردەكەن".

"من بەهۆی چاڵی شەقامێكەوە كاتێك لە خێرایی 100كم لە كاتژمێرێكدا ئۆتۆمبێلەكەم لێدەخوڕی، تایەیەكی تەقی و لە مەرگ گەڕامەوە" بەوتەی محەمەد.

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، هەڵمەتێكی نۆژەنكردنەوەی شەقام و رێگاوبانەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، بەناوشار و دەرەوەی شار، چەندین هەفتەیە دەستیپێكردووە و هێشتا بەردەوامە، بەشێكیش لەو قیرتاوانەی بۆ پڕكردنەوەی ناڕێكی شەقام یان پڕكردنەوەی چاڵ بەكارهێنراون، لە بارانبارینی بەخوڕی پاییزدا هەڵكەنراون یان قیرتاوە نوێیەكە جارێكیتر تاسە و ناڕێكی تێكەوتووە.

ئاوات عەزیز ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندی لە شارەوانییەكانی سلێمانی بۆ پەرەگراف وتی "خراپبوونی شەقامە قیرەكان لەناو شارەكاندا دوو هۆكاری هەیە، بەشێكی پەیوەندی بە هاوڵاتیانەوە هەیە كە هێشتا كارەكان تەواو نەبووە ئاو دەخەنە سەر قیرەكە و بەشێكیشی پەیوەندی بە كوالێتی قیرەكەوە هەیە و پێكهاتەكانی وەك پێویست تێناكرێت".

لە زۆربەی رێگاوبانە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان، رۆژانە دەیان بارهەڵگری گەورە بەردەوام هاتوچۆ دەكەن، كە بەوتەی ئاوات عەزیز، بەشێكی سەرەكیین لە هۆكاری تێكچونی رێگاوبان، چونكە پەستانی زۆر دەخەنە سەر شەقام.

ئەو لێپرسراوەی شارەوانی دەڵێت، سەرباری ئەوەش رێكاریان هەیە، ئەگەر قیر لە پشكنینی پێشوەختە دەرنەچێت، ئەوا رەتیدەكەنەوە و پێشتریش ئەو رێگایە گیراوەتەبەر.

هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێلی تۆماركراوی تێدایە كە زیاتر لە 593 هەزاریان دەكەونە پارێزگای سلێمانی و هەر لەوێ ساڵی رابردوو، زیاتر لە هەزار روداوی هاتوچۆ تۆماركراون و بەهۆیەوە زیاتر لە 174 كەس گیانیانلەدەستداوە، كە بەشێكیان بەهۆی خراپی رێگاوبانەكانەوە بون.

"پێویستە قیر بە ستانداردەكان و بەپێی مواسەفات دروستبكرێت، یەك كەموكوڕی لە قیرەكەدا هەبێت و بە پشكنینەكاندا تێنەپەڕێت، دەبێتە هۆی تێكچوونی شەقامەكان" ڕزگار ستار، ئەندازیاری ڕێگاوبان بۆ پەرەگراف وای وت.

قیر بریتییە لە قیری شلی بەرهەمهێنراو لە نەوتی رەش، دواتر لەگەڵ چەوی شكاو و تێكەڵەی لم دروستدەكرێت، بەكارهێنانی هەر جۆرێكیش لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر دەگۆڕێت، بە تایبەت بەپێی كەشوهەوا و گەرم و ساردی ناوچەكان.

جگە لە ستافی شارەزا بۆ قیرتاوكردن، سێ قۆناغ بۆ پڕۆسەكە هەن؛ لە چینی یەكەمدا كە قیرەكە دەنكەكانی گەورەتر و قیری شلی كەمترە و زبرە، بە بەرزی 10 سانتیمەتر دەكرێت، دواتر چینێكی شەش سانتیمەتری دەكرێت لە قیرێكی شلتر و دەنكە چەوی وردتر و نەرمتر، دوایین چینی قیرتاو، بە بەرزی چوار سانتیمەترە، قیری شلی زۆرە و زبری كەمە.

"بەو سێ چینە دەتوانرێت قیرێكی تۆكمە و ستاندارد بكرێت"، رزگار ستار دەڵێت، چینی سێیەمی ئەو قیرتاوكردنە لە كوردستان ناكرێت.

بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان؛ لەكاتی نوێكردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێلدا، بۆ جۆری بارهەڵگر بڕی 70 هەزار دینار، بۆ ئۆتۆمبێلی كرێ بڕی 30 هەزار دینار و بۆ ئۆتۆمبێلی بچوكی تایبەت بڕی 20 هەزار دینار، بەناوی ژینگە و ڕێگەوبانەوە وەردەگیرێن، تا بخرێنە سندوقێك و لە خزمەتی ژینگە و ڕێگەوبانەكاندا خەرج بكرێنەوە، بەڵام زۆربەی شەقام و ڕێگەوبانەكان، كۆنن و پڕن لە چاڵ و تاسە، جگەلەوەی بەشێكیان تائێستا هێڵ و هێمای هاتوچۆ و تایبەتمەندییە پێویستییەكانی ڕێگای تێدانییە.

تا رێگاوبانەكان لە چاڵ و تاسە بەدووربن، پێویستە لەكاتی قیرتاوكردندا چینەكانی ژێرەوە، بەردی شكاو دواتر تێكەڵەیەك بە مواسەفات بکرێت و كوترانەوەیەكی باشی بۆ كرابێت، وەك رزگار ستار وتی، "هۆكارێكی تری تێكچونی رێگاوبان كۆبونەوەی ئاوە لە قەراغی شەقامەكەدا، كاتێك جۆگەلەكانی لێواری شەقامەكە تێكدەچن، ئاو دێتە سەر قیرەكە و تێكیدەدات".

ئەو ئەندازیارەی رێگاوبان دەڵێت پەستانی زۆریش هۆکارە، بە تایبەت بارهەڵگرەکان دەبێت لە وێستگەكانی كێش رێگە بە باری زۆر نەدرێت هاتوچۆ بكەن و شۆفێرەكانیان هۆشیاربكرێنەوە هەموو تایەكان بەكاربهێنن، تا پەستانەكە بە یەكسانی دابەشببێت نەك تەنیا لەسەر چەند تایەیەك بن و زیان بە رێگاوبانەكان بگەیەنن.

"ئەگەر درزێكی بچوك لە شەقامەكەدا دروستببێت و لە ساڵی یەكەمدا چاكنەكرێت، ئەوا ساڵی دوەم شەقامەكە تێكدەدات، ئەگەر ئەمساڵ چاككردنەوەی 10 ملیۆن دیناری بوێت ئەوا ساڵی دواتر چوار هێندە خەرجییەتی" ئەندازیار رزگار ستار بۆ رزگاربون لە كێشەكانی رێگاوبان داوای كۆنفرانسێك دەكات، "چونكە هێشتا لە كوردستان بە سیستەمی ساڵی شەستەكان قیردەكرێت و پێویستی بە گۆڕانكارییە".

ئێستا چەندین شەقامی دەیان ساڵ لەمەوبەر هەن بەراورد بە رێگاوبانە نوێییەكان و قیرتاوی نوێ، قیری رێگاوبانە كۆنەكان باشتر بەرگە دەگرن و چاڵ و تاسەی كەمتریان تێدایە.

ئەندازیار شاهۆ ڕەشید غەفور، لێپرسراوی پلان و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی سلێمانی، بۆ پەرەگراف وتی "تێكچوونی شەقامەكان زۆر هۆكاری هەیە، مەرج نییە هەمووكات كێشە لە پێكهاتەكانی قیرەكەدا هەبێت، لەوانە چینەكانی ژێر قیر، ئەمەش لەبەر نەبوونی چینێكی پێویست لە تێكەڵەی ژێر قیرەكە و هەروەها نەگونجانی تێكەڵەی ژێر قیرەكە كە لە پشكنین دەرناچێت".

نەبوونی پشتیوانی بۆ شانەكانی قیرەكە وەک دانانی کربستۆن و نەبونی جۆگەی لا تەنیشتەكان كە دەبێتە هۆی ئەوەی ئاو بێتەوە سەرو ژێری قیرەكە، لە هۆكارەكانی دیكەن، "جاری واش هەیە كێشە لە جۆر و تایبەتمەندی قیرەكە هەیە" بەوتەی شاهۆ.

لێپرسراوەكەی ڕێگاوبانی سلێمانی دەڵێت بەشێوەیەكی گشتی هیچ پرۆژەیەكی ڕێگاوبان نەبووە بەتەواوەتی رەتبكرێتەوە، "بەڵكو بەپێی ستەیشنەكانە، كاتێك ڕۆژانە قیر فەرش دەكرێت لە ستەیشنێك بۆ ستەیشنێكی تر، پشكنینی بۆ دەكرێت و ئەگەر لە سنوری خۆی تەجاوز بكات، ئەو قیرە قەلع دەكرێت یاخود چینێكی تری قیری بەسەردا فەرشدەكرێت".

هەروەها ئاماژەی بەوەدا ساڵانە پلانی چاككردنەوەی ڕێگاوبانەكانی دەرەوەی شار و دروستكردنی ڕێگای قەزاو ناحیەكانیان هەیە، لەكاتی فەرشكردنی قیر-ـیشدا، رەچاوی پلەی گەرمی ناوچەكە و شوێنە جیاجیاكان دەكرێت.