بایکۆتی مامۆستاو فەرمانبەران بەردەوامە؛ شکاندنی دەبەسترێتەوە بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق
پەرەگراف
شکاندنی بایکۆتی مامۆستاو فەرمانبەران و چارەنووسی خوێندنی ٧٠٠ هەزار خوێندکار دەبەسترێتەوە بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، مامۆستاو فەرمانبەران بەوە ڕازی نین و ئەمڕۆش درێژەیان بە خۆپیشاندان دا و سوورن لەسەر بایکۆت تا چارەسەری یەکجاریی و جێبەجێکردنی داواکانیان.
وەرزی یەکەمی خوێندن لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بە بایکۆت کۆتایی هات، ئێستا کە وەرزی دووەم لە هەولێرو دهۆک دەستی پێکردووە، هێشتا بایکۆت لەو بەشەی دیکەی هەرێمی کوردستان بەردەوامەو مەترسی لەسەر فەوتانی خوێندنی ساڵێکی ٧٠٠ هەزار خوێندکار لە ئارادایە.
هۆکاری سەرەکی بایکۆت و نەکردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانی مامۆستاو فەرمانبەرانە کە سەرجەمیان پەیوەندیدارن بە مووچەوە، حکومەتی هەرێم بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی تێیکەوتووە ناتوانێت مانگانە مووچە دابەش بکات و بەهۆی ئەو کێشانەیشی کە لەگەڵ بەغداد هەیەتی مانگانە بەشە بودجەکەی پێنادرێت، هەربۆیە جێبەجێکردنی داوای مامۆستاو فەرمانبەران هێشتا بە هەڵواسراویی ماوەتەوە.
ڕۆژی 22-12-2023، ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، پێنج داواكاری ئاراستەی حكومەتی هەرێم كرد مەبەستی جێبەجێکردنیان لە پێناو شكاندنی بایكۆت و جەختیان کردەوە كە ئەگەر ئەو داواكارییانە جێبەجێ نەكرێن، بۆ وەرزی دووەمی خوێندنیش بایكۆت ناشكێنن.
چوار لە داواكارییەكان بریتین لە "دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، دیاریكردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان و ئەو بڕە پارانەی بە ناوی پاشەكەوت و لێبڕین و خۆگونجاندن و شایستە داراییە خەرجنەكراوەكان لە مووچەكانمان بڕاوە، پێدانی مووچە كە لە ٣٠ ڕۆژ جارێك تێنەپەڕێت".
داواكاریی پێنجەمیشیان ئەوە كە "حكومەتی هەرێم ڕێگری نەكات لەوەی لە هەمواری یاسای بودجەی عێراقدا، مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن بانكە حكومییەكانی حكومەتی عێراقەوە دابەش بكرێت".
وەزیری پەروەردەی هەرێم، ڕۆژی ٧-١-٢٠٢٤ لە نووسراوێكدا لەژێر ناوی "وەڵام"، وەڵامی یاداشتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی دایەوە و ڕایگەیاند كە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراوە بۆ "دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە و بەگرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژ".
بەپێی نووسراوەکەی وەزیری پەروەردە کە وێنەیەکی دەست پەرەگراف کەوتووەو ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردە كراوە، دوو خاڵ لە بەرژەوەندیی مامۆستایان و فەرمانبەران جێبەجێ دەكرێن، بەڵام پاش "هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی و ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان".
بەپێی وەڵامەكەی وەزیری پەروەردە، داواكارییەكانی یەكەم و دووەمی ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی جێبەجێ دەكرێن و سێ داواکەی دیکەیان بێوەڵام ماوەتەوە، لەگەڵئەوەشدا داواكاریی دووەم بەو جۆرە نییە كە مامۆستایانی وانەبێژ داوای دەكەن.
كارزان فیزیك، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "تاكە داواكاریی سەرەكیی ئێمە دامەزراندنە بە شێوەی هەمیشەیی نەك بە گرێبەست".
دواى کەمتر لە دوو کاتژمێر لە وەڵامەکەى وەزیرى پەروەردە بۆ مامۆستایان، ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وەڵامەكەو بایكۆت شكاندنى ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند، "خۆپیشاندانی بەرفراوان لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان ئەنجام دەدەین و درێژە بە بایكۆت و خەباتی مەدەنی دەدەین"، ئەمڕۆش خۆپیشاندانەکان لە چەند شارێکی ناوچەکانی بایکۆت بەردەوام بوون.
ئەنجوومەنەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "مەرجداركردنی جێبەجێكردنی داخوازییەكانمان و بەستنەوەی بە هەمواری نادیاری یاسای بودجەی عێراقەوە، خۆدزینەوەیە لە جێبەجێكردنیان و باوەڕ بەوە ناكەین كە ئەم حكومەتە نیەتی چارەسەركردنی گرفتەكانی هەیە".
"دەبوو حکومەت ڕاستەوخۆ بڕیاری جێبەجێكردنی داخوازییەكانی بدایە، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندینجار بەڵێن و بڕیار دراوە بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانمان، بەڵام تەنیا مەبەست لێیان شكاندنی بایكۆت بووە و دواتر داخوازییەكانمان پەراوێز خراون"، ئەنجوومەنی مامۆستایان فەرمانبەرانی ناڕازی وا دەڵێت.
مامۆستایان فەرمانبەرانی ناڕازی دەڵێن "ئەو نووسراوەی وەزیری پەروەردە لەژێر ناوی وەڵامدا بڵاو كراوەتەوە و نە بڕیارە و نە ڕەزامەندییە، بۆیە وەزارەتی دارایی هەرێم دەتوانێت بە پاساوی نەبوونی بودجە جێبەجێكردنی ڕەت بكاتەوە".
ڕەخنەیەکی دیکەی مامۆستاو فەرمانبەران ئەوەیە کە دەڵێن، نووسراوەكە كاتی دیاری نەكردووە و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی بەستووەتەوە بە هەمواری یاسای بودجەوە، ئەوە جگە لەوەی كە دەڵێت مامۆستایانی وانەبێژ دەكرێن بە گرێبەست نە میلاك، "مامۆستا هەیە 15 ساڵە وانەبێژە، ئایا چەند ساڵی دیکە دەكرێت بە گرێبەست و كەی دادەمەزرێت بە هەمیشەیی؟".
بەگوێرەی یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق(2023 – 2025)، پشكی ساڵێكی هەرێمی کوردستان 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارە، بەڵام بەغداد ئامادەنییە بودجەی هەرێم بنێرێت چونکە بەپێی هەمان یاسا، هەرێم پابەندکراوە بە ڕادەستکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەو بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت بۆ تورکیاو جۆری گرێبەستەکانی هەرێمەوە، عێراق ناتوانێت سوود لە نەوتی هەرێم وەربگرێت.
لەگەڵ بەردەوامیی بایکۆت و خۆپیشاندانی مامۆستاو فەرمانبەران، حکومەتی هەرێم هەوڵەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ چارەسەری کێشەی مووچەو مسۆگەرکردنی لە بەغداوە.
بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژی ٦-١-٢٠٢٤ شاندی باڵای هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی گەیشتنە بەغداد، ئامانجی سەرەکی سەردانەکە چارەسەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە لە ڕێگای هەمواکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراق.
سەرچاوەیەک لە شاندی هەرێم بە پەرەگرافی وت "ئامانجی سەرەکیمان مسۆگەرکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانە لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەو دورخستنەوەی مووچە لە کێشەکانی دیکەی نێوان هەولێرو بەغداد".
"داوا دەکەین تا یاسای بودجە هەمواردەکرێتەوەو ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت، حکومەتی عێراق مانگانە بەردەوامبێت لە ناردنی ٧٠٠ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، نیەتێکی باش لای بەرپرسانی عێراق هەیەو هیوادارین گفتوگۆکان ئەنجامی باشیان هەبێت" سەرچاوەکە وای وت.
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕەزامەندە بە چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەڵێنیداوە پڕۆژەی هەمواری یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بنێرێتە پەرلەمان بە مەبەستی پەسەندکردن و جێبەجێکردنی ئەو داوایەی هەرێمی کوردستان.
حکومەتی عێراق ساڵی ڕابردوو سێ مانگ قەرزی ٧٠٠ ملیار دیناریی بۆ هەرێمی کوردستان نارد بۆ مووچە، حکومەتی هەرێم بەو قەرزە مووچەی مانگەکانی ٧ و ٨ و ٩ی دابەش کرد، بەڵام مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەو ساڵەی دابەش نەکرد.
بەپێی نووسراوێک کە دەست پەرەگراف کەوتووە، مووچەی ئەو سێ مانگە نەدراوە بە "مووچە شایستە نەدراوەکان" تۆمار دەکات، بەوپێیەش سێ مووچە نەدراوەکە وەک قەرز لەسەر حکومەتی هەرێم دەمێننەوە هاوشێوەی پاشەکەوتەکانی ساڵانی ڕابردوو.
پاشەكەوتی موچە، بڕینی ڕێژەی لە سەدا 10 تا سەدا 70 بوو لە پارەی مانگانەی موچەخۆران و فەرمانبەران لە نێوان ساڵانی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩)، لە هەندێك ساڵدا چەند مانگێك بە تەواوی موچە نەدرا و مانگەكانی دیكەش بە پاشەكەوت یان لێبڕینی بەشێكی موچە دابەشكرا؛ لەو چەند ساڵەدا 12 موچە بە تەواوی نەدرا و زیاتر لە 30 موچەش بە پاشەكەوت و لێبڕینەوە دابەشکران.