سوپای پاسداران هەولێری هەژاند؛ خەڵک چاویان لە هەنگاوی کرداریی هاوپەیمانانە بۆ پاراستنیان

16-01-2024 09:30
ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری دیاری هەولێر کە سوپای پاسداران کردیە ئامانج

پەرەگراف

لەگەڵ بەردەوامیی هێرش و پەلامارە ئاسمانییەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان و کوژران و برینداربوونی هاوڵاتییانی مەدەنی، عێراق دەستەوەستانەو هەرێمی کوردستانیش توانای پاراستنی ئاسمانەکەی نییە، هەڵوێستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش جێی ڕەخنەی خەڵکەو داوا دەکەن کاردانەوەکان لە چوارچێوەی قسەو دەرکردنی بەیاننامەدا نەمێننەوە.

درەنگانی شەوی 15ی ئەم مانگە، ئاسمانی هەولێر بە 11 مووشەکی بالیستی ڕووناک بووەوەو دەنگی بەهێزی مووشەکەکان گەورەو بچووکی ڕاچڵەکان، مووشەکەکان لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ئاڕاستەکران.

"ئەمە وەزع نییە ئێمەی تێداین، پێموایە بەهۆی دۆستایەتی و نزیکی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکاو ڕۆژئاوا، ئێران مووشەکبارانمان دەکات، باشە بۆچی ئەوان نامان پارێزن؟ ئەگەر بەتەواوەتی تەسلیمی ئەجێندای ئێران ببین ئایا هەر مووشەکمان پێوەدەنێت؟" عومەر ئەحمەدی کاسبکار لە هەولێر وادەڵێت.

عومەر تەمەنی 55 ساڵەو شەوی ڕابردوو لەکاتی مووشەکبارانەکەدا لە میوانیی بووەو مووشەکەکان لەناوچەیەکی نزیک ئەو ماڵەیانداوە کە ئەوی لێبووە، وتی "گەورەو بچووک ڕاچڵەکاین و ترسێکی زۆر لە دەموچاومان نیشت، چ گرەنتییەک هەیە سبەینێ بەرماڵی ئێمەش نەکەوێت؟ خۆ ئێمە لە شەڕدا نین بۆ ئەبێت لە ترسدا بژین؟".

ئەو هاوڵاتییەش وەک زۆر کەسی دیکە، نیگەرانە لەوەی حکومەتی هەرێم توانای خۆپاراستنی نییەو عێراقیش "نە جدییەو نە دەتوانێت بەرامبەر هیچ وڵاتێک هەڵوێستی هەبێت، عێراق لەناوخۆیدا چەند گروپێکی میلیشیای پێ کۆنتڕۆڵ ناکرێت ئێستا بەرامبەر ئێران دەتوانێت چی بکات؟ ئەسڵەن عێراقیش هەر ئێران دەیبات بەڕێوە".

خەڵک توڕەو نیگەرانن، تەنها هیوایان پاراستنی هەرێمە لەلایەن هاوپەیمانانەوەو پێیانوایە تەنها ئەوان لەسەر ئەرزی واقیع دەتوانن ئەوکارە بکەن.

دلێر ئیبراهیم، دەرچووی زانکۆیەو بێکارە، ئەو لە هەولێر نیشتەجێیەو دەڵێت "ئەمەریکاو هاوپەیمانانیش ڕاست ناکەن، ئەوانیش بەرژەوەندیی خۆیان هەیەو خەڵکیان لا گرنگ نییە، عەیبە ئەمەریکا تەنها کونسوڵخانەکەی خۆی بپارێزێت، ئەی خەڵکی کوردستان؟".

ئەو گەنجە وتیشی "دەمێکە گوتراوە مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی فشەن، هەمووی بەرژەوەندییە، ڕەنگە باشتربێت هەرێم بەتەواوەتی سیاسەتی خۆی لەگەڵ ئێران بگۆڕێت ئەوکات حسابی بۆ بکرێت".

ئاری هاوڕێی دلێرەو کاتێک قسەی بۆ پەرەگراف کرد پێکەوەبوون، ئەویش وتی "مەگەر تەنها خواو ئەمەریکا ئێمە بپارێزێت لە ئێران و میلیشیاکانی سەربەو وڵاتە، نازانم ئەمەریکا بۆوا بێهەڵوێستەو بەس قسە دەکات و کرداری نییە!".

مووشەکەکانی ئێران پێنجیان بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری دیاری هەولێر کەوتن، دزەیی و کچێکی و کەرەم میخائیل گەورە بازرگانی عێراقیی کە کە میوانی پێشڕەو بووە، لەگەڵ کارگوزارێکی پێشڕەو کە فلیپینییە کوژران، ١٦ کەسی دیکەش برینداربوون کە سەرجەمیان مەدەنین.

سوپای پاسداران بە پاساوی لێدان لە "بنکەی ئیسرائیل" هەولێری بۆردومان کرد، پاساوێک کە هەمیشە بەکاری دەهێنێت بۆ هێرشەکانی و بەردەوام بە تووندی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ڕەتدەکرێتەوە.

ئەمیر عەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، سەبارەت بە هێرشەکەی سەر هەولێر ڕایگەیاند "چوار مووشەک لە پارێزگای کرماشان و حەوت مووشەک لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتەوە ئاڕاستەی بارەگای زایۆنیستەکان کراون".

مووشەکبارانەکەی ئێران کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە، مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەو هێرش و دوژمنکارییە هیچ هۆکاری نییەو بێپاساوە و نابێت بەهیچ جۆرێک بێوەڵام بمێنێتەوە".

سەرۆکوەزیرانی هەرێم، دەستخۆشی لە هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردو وتی، هیوادارن تەنیا بە ئیدانەکردن کۆتایی نەیەت و عێراق هەڵوێستی جددی وەربگرێت، داواشی کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاربێت بۆ کۆتایی هێنان بەو هێرشانە.

هەر ئەمڕۆ مه‌سرور بارزانی کە لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانییە لە داڤۆس، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوەو مووشەکبارانەکە بەشێک بووە لە گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەیان.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبارەی کۆبوونەوەکەوە دەڵێت "وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکەی هەولێر دەکەن کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عێراقە. دووپاتیشی کردەوە کە ئەمەریکا و سەرۆک جۆ بایدن، ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هەڕەشەی جیددی وەردەگرن و هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دەدەن".

لەگەڵئەوەی حکومەتی عێراق بەردەوام هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکات و بە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکەی لەقەڵەمی دەدات، بەڵام ئێران بەردەوامە لە پەلامارەکانی و کاردانەوەکانیش تەنیا لە چوارچێوەی قسەو دەرکردنی بەیاننامەدا ماونەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەک هەمیشە لە بەیاننامەیەکدا هێرشەكەی ئێرانی ئیدانەکردو بە دوژمنكاری و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق ناوی برد، ئەوەشی خستەڕوو حكومەتی عێراق لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكدەهێنێت و سكاڵا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆمار دەكات.

هەمان ڕۆژ لیژنەی لێکۆڵینەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، گەیشتە شوێنی موشەکبارانەکە، ئەعرەجی ماڵی پێشڕەو دزەیی بەسەرکردەوە کە بەهۆی موشەکەکانی ئێرانەوە وێران بووە.

ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دوای بینینی شوێنی مووشەکبارانەکە، ڕایگەیاند "ئەو شوێنەی بۆردومان کراوە ماڵی بازرگانێکی مەدەنییەو دەنگۆی هەبوونی بارەگای ئیسرائیل دوورە لە ڕاستی".

ئێران هەرگیز ڕەچاوی هەڵوێست و نیگەرانییەکانی عێراق و کوردستانی نەکردووەو هەرکات ویستبێتی بەبێ گوێدانە دراوسێیەتی و یاسای نێودەوڵەتی مووشەکبارانی هەرێمی کردووە.

مانگی ٣ی ساڵی ڕابردوویش، سوپای پاسدارانی ئێران هەر بە هەمان پاساوی لێدان لە "بنکەی ئیسرائیل"، ١٢ مووشەکی بالیستی ئاڕاستەی هەولێر کرد و ماڵی شێخ باز کەریم سەرمایەداری دیار کرایە ئامانج و وێران کرا.

لەبارەی کردنە ئامانجی ماڵی سەرمایەدارانی هەولێر لەلایەن ئێرانەوە، مەسرور بارزانی ئەمڕۆ وتی "بۆ ئێمەش جێی پرسیارەو ئەوانەی کراونەتە ئامانج بە هیچ جۆرێک تێکەڵاوی کاری سیاسی و سەربازی نەبوون و سەرمایەداری سەرکەوتوو بوون، بە هەموو جۆرێک سەرکۆنەی هێرشەکان دەکەین و دەبێت لەو لایەنانە پرسیار بکرێت کە بۆچی خەڵکی مەدەنی بێتاوان دەکەنە ئامانج؟".

مووشەکبارانەکانی ئێران بۆسەر هەولێر لەکاتێکدان لەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە سەرەتای ئۆکتۆبەری ڕابردوو، ناوچەکە پێیناوەتە قۆناغێکی نوێ لە گرژیی و ئاڵۆزیی و پەرەسەندنی زیاتری ململانێ و پێکدادان و عێراق و کوردستانیش بەدەرنین لە پریشکی ئاگری شەڕەکان.

میلیشیاکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان ناو ناوە "بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی"و لە دەیان گرووپی چەكداریی شیعە پێكدێن، لە سێ مانگی ڕابردوودا ئەنجامدانی دەیان هێرشیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا ڕاگەیاندووە لە بەرانبەر پشتیوانیكردنی بەهێزی ئیسرائیل لەلایەن ئەمەریکاوە، دەیان هێرشیشیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کردووەتەسەر فڕۆکەخانەی هەریرو هەولێر کە هێزەکانی هاوپەیمانانی تێدان.

دواین هێرشی ئەو گروپانە، چەند کاتژمێرێک دوای مووشەکبارانەکەی ئێران بوو بۆسەر هەولێر، دژەتیرۆری کوردستان(پارتی) ڕایگەیاند "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ 16ی کانوونی دووەمی 2024، کاتژمێر: 05:05، سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو کە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوون، تێکشکێندران و خرانە خوارەوە".

ئەمریکا بەردەوام هۆشداریی داوە کە ھێرشی ئەو گروپانە بێوەڵام نابێت کە بە هێرشی "ئێران" ناویان دەبات، بۆ ئەوەش داوای لە حکومەتی عێراق کردووە هێرشەکان ڕابگرێت و میلیشیاکان کۆنتڕۆڵ بکات، هەرچەندە عێراق ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکات و بە "تیرۆریستی" لەقەڵەمیان دەدات، بەڵام توانای بەسەر میلیشیاکاندا ناشکێت و ناتوانێت کۆنتڕۆڵیان بکات.

لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، ئەمەریکا چەند جارێک بۆدرومانی بارەگای ئەو گروپانەی کردووەو چەندین چەکداری سەر بە بزووتنەوەی نوجەبا و کەتائیبی حیزبوڵای عێراقی کوشتووە کە بەشێکن لە بەرەی بەرەنگاریی ئیسلامی.