لە شارێك و شەش ناحیە لە ئامێدی کە ١٥٠ هەزار کەسیان تێدایە یەك پزیشكی ددان هەیە

21-01-2024 03:16
ژوورێکی پزیشک لە نەخۆشخانەی ئامێدی. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف- عەممار عەزیز

هێرش هەندێكجار رێگایەكی یەك كاتژمێر و نیوی دەبڕێت تا دەگات بە پزیشكی ددان و چارەسەر وەردەگرێت، چونكە لە هەموو قەزاكەیاندا، تەنیا یەك پزیشكی ئەو پسپۆڕییە لە كاردایە و ئەویش لە شوێنی نیشتەجێبونیەوە نزیك نییە.

"خوا قبوڵی ناكات بۆ پاككردنەوەی ددان یان هەڵكێشانی ددان و نەخۆشییەكانی دیكەی ددان بگەینە دهۆك یان موسڵ، كە كاتژمێر و نیوێكە بە ئۆتۆمبێل، دەیان ساڵە ئەوە حاڵی ئێمەیە" هێرش موسا بۆ پەرەگراف وای وت، ئەو لە گوندێكی قەزای ئامێدی پارێزگای دهۆك نیشتەجێیە.

هەروەها دەڵێت، پێشتر چەند جارێك بۆ پزیشكی ددان گەیشتۆتە موسڵ و كەسوكارەكەیشی دەچنە ئامێدی و شارەكانی تر.

بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، لە هەموو قەزای ئامێدی، بە سەنتەری قەزاكە و هەر شەش ناحیەكەیەوە، تەنیا یەك پزیشكی ددان ئێستا دەوام دەكات، لە كاتێكدا ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە نزیكەی 150 هەزار هاوڵاتی دەبێت.

دكتور ئیبراهیم حەسەن، بەرێوەبەری تەندروستی قەزای ئامێدی بۆ پەرەگراف وتی "لە قەزاكەدا تەنیا دوو پزیشكی ددان هەیە، یەكێكیان ئافرەتە و مۆڵەتی دایكایەتی وەرگرتووە، ئەویتر دەوام دەكات لە سەنتەری ناحیەی دێرەلوك، بەڵام لە سەنتەری ئامێدی و ناحیەكانی تر پزیشكی ددانـمان نییە".

قەزای ئامێدی (باكوری خۆرهەڵاتی دهۆك) لە ناوەندی قەزا و ناحیەكانی دێرەلوك، كانی ماسێ، بامەڕنێ، سەرسنگ، چەمانكێ و شیلادزێ پێكهاتووە لەگەڵ نزیكەی 250 گوند.

"زۆر گلەیی و ناڕەزاییمان هەیە لەسەر كەرتی تەندروستی، پزیشك و دەرمان كەمە، بەشێك لە پزیشكەكانی پسپۆڕیی دیكە ماڵیان لە دهۆكە و تا دەگەنە ئامێدی دەبێتە كاتژمێر 10ـی بەیانی و بەشێك لە كاتی دەوام دەڕوات و خەڵكێكی زۆر لە نەخۆشخانە چاوەڕێی بینینی پزیشك و چارەسەر دەكەن" بەوتەی هێرش موسا.

هەر پزیشكێكی ددان ئەگەر نیازی دانانی كلینیكی تایبەت بە خۆی هەبێت پێویستە دوو ساڵ وەكو خۆبەخش لە نەخۆشخانەیەكی حكومیدا كاربكات و ئەگەر کلینیکەکە لە دەرەوەی شاریش بێت ئەوا مەرجەكە دەبێتە یەک ساڵ.

دكتۆر سەعید عەلی محەمەد، سەرۆكی لقی دهۆكی سەندیكای پزیشكانی ددان بۆ پەرەگراف رونیكردەوە "پزیشكانی ددان دوای تەواوكردنی خزمەتی خۆیان پێویستە حكومەت كاریان بۆ بكات لانیكەم خەرجی هاتوچۆیان بۆ دابین بكات، بەڵام نە پارەیان بۆ خەرجدەكرێت نە دەبن بە گرێبەست یاخود دادەمەزرێن، بۆیە ناچارنین تا هەتایە بە خۆبەخشی دەوام بكەن و ناتوانین فشار بكەین".

بەپێی ئامارە رەسمییەكان 700 پزیشكی ددان لە سەندیكای پزیشكانی ددان لە دهۆك تۆماركراون و لەو ژمارەیە تەنیا 120 پزیشكیان دامەزراوە، ئەوانیتر هەندێكیان بە خۆبەخشی دەوام دەكەن و وەك دكتۆر سەعید عەلی باسیكرد، ئەوەی دەمێنێتەوە لە ماڵەوە دانیشتون.

لە قەزای ئامێدی 23 بنكەی تەندروستی هەیە لەگەڵ نەخۆشخانەی گشتی لە ناوەندی قەزاكەدا، لەو 23 بنكە تەندروستییە تەنیا نۆ بنكەیان پزیشكی هەیە و بنكەكانی دیکە پەرستار و كارمەندانی پزیشكی بەرێوەی دەبەن.

بەرێوەبەری تەندروستی ئامێدی دەڵێت، داوای پزیشكی ددان-ـیان لە دهۆكەوە كردووە، بەڵام نەنێردراوە و هۆكارەكەی نەبونی دامەزراندنە لەو كەرتەدا، "ئەوانەشی دامەزراون ناچارنین ماڵ و منداڵەكانی خۆیان بەجێبهێڵن و بێنە ئامێدی دەوام بكەن"، دكتور ئیبراهیم ئامێدی پێیوایە ئەوەی روودەدات كێشەیەكی "زۆر گەورەیە" و چارەسەركردنیشی لە دەستی ئەواندا نییە، جگەلەوەش، بە هەموو قەزاكە هیچ پزیشكێكی دەرمانساز-ـیان نییە.

نزيكەی 10 ساڵە لە پارێزگای دهۆك هیچ پزیشكێكی ددان دانەمەزرێنراوە.

ئەفراسیاب موسا، بەرێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆك بۆ پەرەگراف وتی "دوو هۆكار هەن؛ لە 2014ـەوە پزیشكی ددان دانەمەزراوە و دووەمیش ئەوەیە پزیشكانی ددان خزمەتی خۆیان لە دەرەوەی شار تەواو كردووە و گەڕاونەتەوە ناوەندی دهۆك، بۆیە بۆشایی لە ئامێدی و چەند ناوچەیەكی تر دروستبووە".

ئەو دەڵێت، هەوڵێك هەیە تا پزیشكانی ددان كە بە خۆبەخشی كاردەكەن، لە سەنتەری شارەوە بگوازرێنەوە بۆ قەزاكان و ئەو شوێنانەی بۆشاییان هەیە، كە جگە لە ئامێدی لە ئاكرێ، زاخۆ و ناوچەی تر هەمان كێشە هەیە، بەڵام پێویستە پارەی هاتۆچوو و مانەوەیان بۆ خەرج بكرێت.

ئامێدی كە ئێستا بەهۆی بۆردومان و شەڕی توركیا و پەكەكە خەریكە دەبێتە ناوچەی قەدەغەكراو، زۆربەی شوێنەكانی گەشتیارین و ساڵانە هەزاران كەس سەردانی دەكەن، لەكاتێكدا بەدەست خراپی كەرتی تەندروستییەوە دەناڵێنێت.

تەنها ئامێدی نییە کە کێشەی نەبوونی پزیشکی پسپۆڕو کەرتی تەندروستی هەبێت، دهۆک لەسەر ئاستی پارێزگاکە چەندین کێشەی لەو کەرتەدا هەیە، خەڵکی دهۆک و قەزای بەردەڕەشی ئەو پارێزگایە، زیاتر لە ١٠ ساڵە لە چاوەڕوانی دروستکردنی دوو نەخۆشخانەدان، نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی لە دهۆک ساڵی 2012 بەردی بناغەی دانراوە و 100 قەرەوێڵەییش لە بەردەڕەش ساڵی 2013 بەردی بناغەی دانرا، بەڵام كاتی تەواوبونی هەردوكیان نادیارە.

دهۆک هاوسنورە لەگەڵ وڵاتانی توركیا و سوریا، دوو دەروازەی سنوری فەرمیی تیادایە و بەرهەمهێنەری زیاتر لە نیوەی نەوتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام بەپێی ئامارەكانی هەردوو وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم وفیدراڵ، دهۆك لەسەر ئاستی هەرێم هەژارترین پارێزگایە.