پەرەگراف
بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بۆ نیوە كەمبووەتەوە، هەرچەندە خواستی هاوڵاتیان دوو هێندە زیاترە و حكومەت چاوەڕێ دەکات لەگەڵ سەرمای زیاتردا، بارودۆخەكە بەرەو خراپتریش بڕوات.
بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، لە وەرزی پایزەوە تا زستانی ئەمساڵ پێدانی كارەبای نیشتمانی لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە لە باشترین دۆخیدا ناگاتە ١٠ كاتژمێر لە شەو و رۆژێكدا، بۆیە زۆرینەی كاتەكانی دیکە بە كارەبای مۆلیدەی ئەهلی پڕدەكرێتەوە کە بەهۆیەوە ژینگە پیس دەبێت و بارگرانی كەوتۆتە سەر گیرفانی خەڵك.
"بە دەگمەن لە 24 كاتژمێدا شەش كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی هەیە، بارودۆخەكە زۆر خراپە، ئەویش لە دوو كاتدایە، بەیانیان نزیكەی چوار كاتژمێر و شەوانیش كەمترە" بەوتەی رێكار محمد، دانیشتووی گەڕەكی بنەسڵاوەی هەولێر.
رێكار بۆ پەرەگراف ئاماژەی بەوەدا بەهۆی نەبونی كارەبای نیشتمانییەوە، لە مانگێكدا نزیكەی 22 هەزار دینار بە یەك ئەمپێری كارەبای مۆلیدەی ئەهلی دەدەن، بەبێ ئەوەی زۆربەی ئامێرە كارەباییە پێویستەكان كار پێبكات، لەوانە بۆیلەر و غەسالە.
بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێم نزیكەی سێ هەزار و 500 مێگاواتە كە ئەوەش نیوەی خواستی هاوڵاتیانە بۆ كارەبا لە ئێستادا.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا بۆ پەرەگراف وتی "ئێستا لەبەرزترین خواستی ساڵداین بۆ كارەبا و تێكڕای بەكارهێنان شەش هەزار و 500 مێگاواتی تێپەڕاندووە، بۆیە لە ناوچە ساردەكان نزیكەی شەش بۆ حەوت كاتژمێر و لە ناوچە گەرمەكان نزیكەی نۆ كاتژمێر كارەبا بە هاوڵاتیان دەدەین".
هەروەها ئاشكراشیكرد ئەگەری هەیە بارودۆخی كارەبا خراپتر بێت، ئەگەر وەرزەكە ساردتربێت و خواست زیاد بكات، "خراپبوونی كارەبا بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی سوتەمەنی پێویستەوەیە، بەرهەممان سنوردارە بۆیە كارەبا بەو شێوەیەیە".
ئەو هۆكارەی كەمبونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا كە ئومێد ئەحمەد باسیكرد، وەزارەتی كارەبا لە راگەیەندراوە رەسمییەكانیشدا جەختی لێكردۆتەوە، بەڵام هێشتا چارەسەر نەكراوە.
وتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەڵێت "بەڵێ نەبوونی غازی سروشتی و سوتەمەنی بۆ وێستگەكان هۆكاری كەمی كارەبان، وێستگە حكومیەكانی وەك دووكان و دەربەندیخان و خەبات بەردەوام كاری نۆژەنكردنەوەی تێدادەكرێت بەبێ هەبوونی پارە و ئیمكانیەت، بەڵام كێشەی سەرەكی كارەبا نەبوونی سوتەمەنییە، ئەگەرنا ئێمە ژێرخانەكەمان گەورەیە".
لە هەرێمی كوردستان جگە لە هەردوو وێستگەی كارۆئاویی دوكان و دەربەندیخان، زیاتر سوود لە غاز، نەوتی رەش و گازوایل وەرگیراوە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا.
"لە ماوەی 24 كاتژمێردا كەمتر لە حەوت كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی هەیە، زۆربەی كاتەكانی تر بە كارەبای مۆلیدە پڕ دەكرێتەوە"، كارەبای نیشتمانی دابەشدەكرێت بەسەر كاتەكانی بەیانیان و شەواندا، دانا رەزا لە شاری سلێمانی بۆ پەرگراف وای وت، ئەو هاوڵاتییە دەڵێت رەوشی كارەبا لەوپەڕی "خراپ"ـیدایە.
ئەو بۆشاییەی لە بەرهەمهێنانی كارەبادا هەیە؛ بە زیاتر لە پێنج هەزار مۆلیدەی ئەهلیی پڕدەكرێتەوە، كە سەرجەمیان بە گاز كاردەكەن و مەترسین بۆ ژینگە و تەندروستی.
دانا وتی، پێشتر حكومەت جۆزەی زیرەكی دانا بە ئامانجی زیادبونی پێدانی كارەبا، بەڵام كارەبا كەمتر بووەوە، ئەو چەند كاتژمێرەی كارەباش هەیە ناتوانن كار بە ئامێری گەرمكەرەوە بكەن، "هیچ هیوایەكمان نییە كارەبا باش ببێت، چونكە لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر داوامانكردووە و هیچ سودێكی نەبووە".
كێشەی دابینكردنی كارەبای نیشتمانی زیاتر لە 30 ساڵە بەردەوامە و هاوڵاتیان زۆربەی مانگەكانی ساڵ، بە تایبەت لە هەردوو وەرزی سەرما و گەرمادا، بەدەست كەمی كارەبای نیشتمانییەوە دەناڵێنن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەرەگراف كەوتووە، تەنیا لە وێستگەی كارەبای غازیی سلێمانی لە چەمچەماڵ كە توانای بەرهەمهێنانی هەزار و 500 مێگاوات كارەبای هەیە، ئێستا تەنیا 750 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنرێت، واتە بەرهەمهێنان لەسەدا 50 كەمیكردووە، بەهۆی دابیننەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا.
پەرەگراف پەیوەندیكرد بە ئارام عوسمان، لێپرسراوی وێستگەی كارەبای غازیی سلێمانی (ماس) دەربارەی بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا، بەڵام ناوبراو بەبیانوی نەبوونی مۆڵەتی لێدوان لەلایەن وەزارەتەوە، ئامادە نەبوو لێدوان بدات.
كەمبونەوەی كارەبا بەهۆی نەبونی غازەوە لە كاتێكدایە، هەرێمی كوردستان خاوەنی كێڵگە و یەدەگی زۆری غازە، كە ئێستا وەبەرهێنانی تێدادەكرێت و بڕیارە رەوانەی ناوچەكانی دیكەی عیراقیش بكرێت، وەك وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە ساڵی رابردودا بڵاویكردەوە، کارەکانی هێڵی گواستنەوەی غازی کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ بۆ وێستگەیەکى کارەبا لە کەرکوک کۆتاییهاتووە.
كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەی غازی ھەرێمی كوردستانەو لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیدایە، هەناردەکردنی گازەکەی بەشێکە لە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی.
پەرەگراف نەیتوانی لێدوانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەربگرێت و زیاد لە جارێك پەیوەندی بە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرد و وەڵامی نەدایەوە، هەروەها بە واتسئاپ پرسیارەكانی ئاراستەكرد كە ئایا بۆچی حكومەت غازی پێویست بۆ وێستگەكانی كارەبا دابینناكات؟ بەڵام وەڵامی نەبوو.
بەپێی بەدواداچونی پەرەگراف، بە پێچەوانەی چەند ساڵێك لەمەوبەر، ئێستا بارودۆخی كارەبا لە پارێزگا دراوسێیەكانی هەرێمی كوردستان باشترە، بۆ نمونە لە كەركوك و موسڵ كە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵیدان، دوو هێندەی شارەكانی هەرێم كارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتیان دەدرێت.
ئەحمەد عەزیز، لە گەڕەكی دەروازەی كەركوك نیشتەجێیە و دەڵێت لە وەرزی زستاندا، بە بەردەوامی نزیكەی 15 كاتژمێر كارەبای نیشتمانییان هەیە، بۆ پەرەگراف جەختیكردەوە "شەوان لە كاتژمێر 11ـەوە تا 9ـی بەیانی كارەبا نابڕێت، بە رۆژیش هەندێکجار كارەبای نیشتمانیی هەیە".
وەزارەتی كارەبای هەرێم پێشتر لە بارەی باشبونی كارەبای پارێزگا دراوسێیەكانی هەرێمەوە رەتیكردەوە بە هیچ شێوەیەك وزەی بەرهەمهێنراوی ئەوان بێت و بەو شارانە بفرۆشرێت، وەك بەشێك لە میدیاكان پێشتر بڵاویانكردەوە.
وتەبێژی وەزارەتەكە دەڵێت، هەر شارێكی هەرێم بەپێی رێژەی دانیشتوان و پێویستیی كارەبای نیشتمانیی پێدەدرێت، ئومێد ئەحمەد وتیشی، بارودۆخی كارەبا لە زستاندا وەكو خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام لە هاویندا خواست كەمترە و پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا زیاتر دەبێت.
حکومەتی هەرێم دەیەوێت بە جێبەجێکردنی پێوەری زیرەک و پاشان سیستمی پریپەید، کارەبای بەردەوام دابین بکات و کێشەکانی ئەو کەرتە چارەسەر بکات، تائێستا زیاتر لە ملیۆنێك و ٣٠٠ هەزار پێوەری زیرەک لە تەواوی هەرێمی كوردستان بەستراون، بەوەش ٩٢٪ـى هاوبەشانی کارەبا پێوەرەكەیان بۆ بەستراوە و ئامادەن بۆ ئەوەی بكرێنە سیستمی پریپەید.
بەپێی سیستمی پریپەید کارەبا دەبێت بە وەحدەو ھاوڵاتییان لە پێشدا پارە دەدەن بۆ دەسکەوتنی وزەی کارەبا ئەوەش لەڕێی کڕینی کارتەوە، ئەو شوێنانەی ئێستا کارەبایان کراوەتە ئەو سیستمە، ٢٤ کاتژمێر کارەبایان هەیە.
فەرمانگەی میدیاو زانیاریی حکومەت دەڵێت، بەپریپەیدكردنی كارەبای نیشتمانی، جگەلەوەی كارەبایەكی بەردەوام بۆ هاووڵاتییان دابین دەكات، لەو شوێنانەی سیستەمەكە جێگیركراوە، لۆدی سەر گۆڕەرەکانی کارەبا بە نزیکەی ٥٠٪ کەمبووەتەوە و کارەبای بەردەوام بۆ پڕۆژە، بیرەکانی ئاو و ڕووناکیی شەقامەکان دابین کراوە.
دانیشتوانی هەرێمی كوردستان، بەپێی خەمڵاندنەكان زیاتر لە شەش ملیۆن كەسە و بەپێی ئامارێكی وەزارەتی كارەبا زیاتر لە یەك ملیۆن و 450 هەزار بەشداربووی كارەبا هەن، ساڵانەش 100 هەزار بەشداربوو زیاد دەكات، بەشێكیان بەهۆی خراپی كارەبای نیشتمانییەوە روو دەكەنە دانانی سیستەمی سۆلار، كە بریتییە لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر.