سەلاحەدین بەهادین بۆ بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ: بڕیارێكی خێرای پێكهاتن بدەن

02-06-2019 03:10


پەرەگراف

سەلاحەدین بەهادین پەیامێكی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ كردو داوادەكات بڕیاری خێرای پێكهاتن بدەن‌و دەڵێت، كەی ڕەوایە یاری بە چارەنوسی ئەم ئەزمونە بكرێ بە پاساوی هەڵەی سیاسی و تۆڵە لە یەكتر كردنەوە.

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەیامەكەیدا باسلە دۆخی كوردستان‌و ناوچەكە دەكات‌و دەڵێت "كەی ئەمە كاتی ئەم ناسازی و ناڕێكی و هەڕەشە بارانەیە، ئا لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی هەرێم و ناوچەكەدا هەرچی زوترە ئەبێ ڕێكەون و جیاوازیەكانتان بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەر بكەن".

دەقی پەیامەكەی سەلاحەدین بەهادین

بسم الله الرحمن الرحیم

پەیامێك لەلایەن (م.صلاح الدین محمد بها‌والدین ) ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە
لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان

بەرێزان ...
هاونیشتمانیانی ئازیز....
سەركردایەتی سیاسی كوردستان.....

سڵاوی خواتان لەسەر بێت..

لەم رۆژە پیرۆزانەی كۆتایی رەمەزان و شەوانی قەدر و پێشوازی جەژنی پیرۆزدا
داواكارم لە خودای پەروەردگار تاعەت و عبادەت و بەخشندەیی موسڵمانان قبوڵ بكات .
ئومێدەوارم مانگی رەمەزان و هاورێیەتی قورئان خۆراگری زۆرتر و ئیرادەی بەهێزتر و هۆشیاری بەرپرسیارانەی زیاتری پێ بەخشیبین ...

هەر لەم بۆنە پیرۆزە دا سەرنجتان رائەكێشم بۆ ئاڵۆزی هەل و مەرجی ناوچەكە و عێراق و تەحەدی و هەرەشە جۆراوجۆرەكانی شەڕی بەرژوەندی وڵاتان .. ئالەم حاڵەدا كە هاوڵاتیانی كوردستان چاوەرێی سەقامگیری و كۆتایی نەهامەتی و رێكسختنەوەی دامەزراوە دەستوری و نیشتمانیەكان بوون ، بەداخەوە واقعەكە شتێكی ترە..! شەیپوری شەر و هەرەشە و گرێ دروستكردن لە رێگەی یەكتردا دەبینین، جێگای داخە كە دڵە راوكێ و قەلەقی لە ناو خەڵكدا دروست ئەكرێ و ئاسۆی ئاشتەوایی و بەحیوار چارەسەركردن لە ئارادا نیە..

بەرێزان:
ئێوە لە سەركردایەتی سیاسی كوردستان و بەتایبەت بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێویستە هەڵوێستەیەكی بەرپرسیارانە بكەن، كەی ئەمە كاتی ئەم ناسازی و نارێكی و هەرەشە بارانەیە، ئا لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی هەرێم و ناوچەكەدا هەرچی زوترە ئەبێ رێكەون و جیاوازیەكانتان بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەر بكەن رێگە نەدەن زمانی شەڕ زاڵ بێ و پرۆسەی سیاسی و دەزگا فەرمیە نیشتمانیەكان پەكیان بكەوێ و ناچاری قبوڵی دەستێوەردانی خەڵكانی بەرژوەندی خواز بن و هەرێمەكە و ئەزمونە سیاسیەكە دووچاری پاشەكشێ و گەرانەوە بۆ چوارگۆشەی شەڕ و دولەتی و دودڵی و ترس زاڵ بێ بەسەر بازار و ژیانی گشتیدا .
ئەمە بەرپرسیارێتێكی مێژووییە و نابێ پشتگوێ بخرێ ، دۆخە سیاسیەكەی عێراق و ناوچەكە و ئاراستە نێودەوڵەتیەكان پەیامی ترسناكمان پێدەدەن ،بەرگەی ئەم ئاستەنگ دروستكردن و بڕوبیانوە لە یەكترگرتنە ناوخۆیییە ناگرێ و بە زیانی گەورە ئەشكێتەوە بەسەر هەمولایەكماندا و بەسەر ئەزموون و ئایندەی گەلەكەماندا ...

بۆیە تكایەكی برایانە لە هەردو حزبی دەسەڵاتداری هەرێم ( پارتی و یەكێتی ) و بەتایبەت هەردوو سەركردەی بەرێز جەنابی كاك مەسعود بارزانی و كاك كۆسرەت رەسوڵ ئەكەم بریارێكی خێرای پێكهاتن بدەن و رێگە لە تەشەنەكردن و تەصعید بگرن ، تا دۆخەكە ئاڵۆزتر نەبووە و كێشەكان نەچۆتە ئاستی هەڵدێر و نەگەرانەوە بەرپرسیارێیتی دەسەڵاتی كوردستان لە ئەستۆی ئێوەدایە .. كەی رەوایە یاری بە چارەنوسی ئەم ئەزمونە و ئەم دۆزە رەوایە بكرێ بە پاساوی هەڵەی سیاسی وو تۆڵە لە یەكتر كردنەوە ..
پیرۆزیی مانگی رەمەزان و جەژنی رەمەزان داوا لە هەمولایەكمان ئەكات قەدری میللەتەكەمان بگرین و سەرئێشەی ناكۆكی و زەنگی شەڕ و هەرەشەی هەڵتەكاندنی هەرێم نەخەینەسەر نەهامەتی كۆمەڵایەتی و گرفتاری بژێوی و بێكاری گەنجان و تەسكبونەوەی پانتایی فرەیی و ئازادیەكان ...

دەبێ بە ئەركی نیشتمانی و ئەخلاقی خۆمان هەڵسین و هەرلایەو لە خواستی كەسی و حزبی خۆی كەمێك دابەزێ و ئامانجی یەكریزی و سەقامگیری ئەمنی و شەرعیەتی دام و دەزگا نیشتمانیەكان بكەینە خاڵی سەروتر لە جیاوازی بۆچون و بەرژوەندی و پشكی بەركەوتن و دەستكەوتەكان
رێز لە خوێنی شەهیدان و مێژووی خەباتی خۆمان بگرین و بەرژوەندی گەل و نیشتمان و پاراستنی ئەزمونە سیاسیەكە لەسەروی هەموو بەرژەوەندیە حزبی و كەسیەكانەوە بێ.
لە كۆتاییدا داواكارم كە

1-بارودۆخی هەستیار و ئاڵۆزی ناوچەكە و عێراق و مەترسی و هەرەشەكانمان هەمیشە لەبیر بێ.
2-راگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرەكانی گرژی و شەری راگەیاندن.
3-رێگرتن لە لێدوانی دژ بە یەكی سەركردەكانی هەردوولا .
4-كۆبونەوەیەكی خێرای لوتكەی هەردوولا بە گیانێكی لێ بوردەیی و بە ئیرادەی چارەسەر.

ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەم بوارەدا وێرای پاراستنی پێگەی ئۆپۆزسیۆنبونمان ئامادەی هەر ئەركێكین كە ناوماڵی كوردستانی رێكبخاتەوە و یەكریزی و یەك هەڵویُستی بەرهەم بهێنێ ، ئەركی هەمووانە كە بۆ كوردستانێكی ئارام و سەقامگیر تێبكۆشین ..
بەهیوای هەنگاوێكی بەرپرسانە و هەواڵی دڵخۆشكەر لەم بەرە جەژنە پیرۆزەدا .

براتان
صلاح الدین محمد بها‌والدین
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
2/6/2019