
پەرەگراف
ئەندامێكی كوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "بابەتی بوودجە بە سیاسی كراوە و لەلایەن هەرێم و بەغداوە ئیستغلال دەكرێت". ناوەرۆكی پێشنیارێكی شیعەیش سەبارەت بە ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم بۆ پەرەگراف ئاشكرا دەكات.
سەبارەت بە پێشنیارەكەی شیعە كە تا ئێستا نەگیشتووەتە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی، بۆ پەرەگراف وتی "ناوەرۆكی دەقەكە باسی هەناردەكردنی 460 هەزار بەرمیل نەوت دەكات لە ڕێگای كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ)وە".
وەكو جەمال كۆچەر باسی كرد، لەو 460 هەزار بەرمیل نەوتە "30 هەزار بەرمیل بۆ بەكارهێنانی ناوخۆی هەرێم دیاری كراوە، هەروەها پترۆدۆلاری لێ دەردەكرێت كە بۆ هەر بەرمیلێك پێنج دۆلارە و ئەویش تەقریبەن 20 هەزار بەرمیل نەوت دەكات، لەگەڵ 180 هەزار بەرمیل بۆ تێچووی كۆمپانیاكان و گواستنەوە".
بەپێی پێشنیارەكەی لایەنە شیعەكان، لەو 460 هەزار بەرمیل نەوتەی كە دەبێت هەرێم ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆی بكات، 230 هەزار بەرمیلیان بۆ پێویستیی ناوخۆ و پترۆدۆلار و حەقدەستی كۆمپانیاكان و گواستنەوە دەڕوات، داهاتی 230 هەزار بەرمیلەكەی دیكە دەچێتە خەزێنەی حكوومەتی فیدراڵی.
ئەو ئەندامە كوردەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێی وایە بابەتی بوودجە "لەناو خودی شیعەكانیش بۆ تێپەڕاندنی هەندێك پرۆژەیاسا و فەرزی ئیرادە، ئیستیغلال كراوە". وتیشی "چاوەڕوان دەكرێت دوای تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی، لایەنە شیعەكان پێشنیارەكەیان بهێننە بەر باس".
"ئێمە لە 14-2-20021ـەوە چاوەڕێی جێگیركردنی دەقی پەیوەست بە هەرێم لە پرۆژەیاساكەدا دەكەین. بەدەست هەندێك كەسەوە دەناڵێین كە هەست بە بەرپرسیارێتی ناكەن و تا ئێستایش سەرقاڵی بەرژەوەندیی خۆیانن"، جەمال كۆچەر بۆ پەرەگراف وای وت.
بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە، لایەنە سوننەكان كێشەیان لەسەر بابەتی پشكی هەرێم و ڕادەستكردنی نەوت نییە و "پابەندیی خۆیان بەو دەقەوە ڕاگەیاندووە كە لە حكوومەتەوە هاتووە. بە كوردیشیان وتووە كە ئێمە بەو دەقە ڕازین".
دوێنێ 6-3-2021، جووتیار عادل، وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پابەندیی حكوومەتی هەرێمی "بە گشت پابەندییەكان"ی دووپات كردەوە و ڕایگەیاند "حكوومەت هەموو ژمارە و داتاكانی تایبەت بە داهات و خەرجیی نەوتی و نانەوتی و تۆماری بایۆمەتریی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی پێشكەش بە بەغدا كردووە".
"حكوومەتی هەرێم بە نووسراوی ژمارە (7-تایبەت) لە 1-2-2021، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی ئاگاداركردووەتەوە لە هەموو وردەكارییەكانی پەیوەست بە پرۆسە و داهات و خەرجییەكانی نەوتی، سەرەڕای ناردنی ژمارەكانی پەیوەست بە سەرچاوەكانی داهاتی نانەوتی و دەروازە سنوورییەكان و بڕی داهاتەكانیان و خشتەی ژمارە و زانیاریی تایبەت بە مووچەخۆرانی هەرێم"، جووتیار عادل وا وت.
هەرێمی كوردستان ئامادەی جێبەجێكردنی ئەو ماددانەیە كە لە پڕۆژە بودجەی 2021ی عێراقدا هاتووە و تایبەتن بە نەوتو بودجە، بەڵام پێناچێت دەقی ماددەكان وەكخۆیان بمێنن، زۆرینەی شیعەكان داوای ڕادەستكردنی تەواوی مەلەفی نەوت لە هەرێم دەكەن.
ئەو پشكەی بۆ هەرێم دیاریكراوە لە پڕۆژەكەدا، 13 ترلیۆن و 904 ملیار و 12 ملیۆن و 452 هەزار دینارە، ئەوەش زیاترە لە كۆی مووچەی یەك ساڵی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ لێبڕین، هەرێم مانگانە پێویستی بە 894 ملیار دینارە بۆ مووچە كە بۆ 12 مانگ دەكاتە 10 ترلیۆنو 728 ملیار دینار، بەوپێیەش ئەو بڕەی وەك پشكی هەرێم دیاریكراوە لە پڕۆژە بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق، زیاتر لە 3 ملیار دیناری زیاترە لەوپارەیەی هەرێم پێویستی پێیەتی بۆ مووچەی 12 مانگ بەبێ لێبڕین.
لە بەرامبەر ئەو پشكەی بۆی دیاریكراوە، هەرێمی كوردستان پابەند كراوە بە ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە نرخی نەوتی هەناردەكراو لە كۆمپانیای سۆمۆی عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا هەرێم پێویستە داهاتە فیدراڵییەكان ڕادەست بكات.
بەپێی پڕۆژەكە ئەگەر هەرێم پابەندی ڕادەستكردنی نەوتو داهاتەكان نەبێت، ئەوا لەو پشكە دەبڕدرێت كە بۆی دیاری كراوە.
لە بەشێكی دیكەی پڕۆژە یاساكەدا باس لە قەرزەكانی سەر هەرێم كراوە، ئەوە خراوتە ڕوو، هەرێمی كوردستان پێویستە لە ماوەی 30 ڕۆژدائەو قەرزو پابەندییە داراییانە ئاڕاستەی بەغداد بكات كە لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2019 بەهۆی نەناردنی شایستەكانی لەلایەن بەغداوەتووشی بووە، دیوانی چاودێریی دارایی عێراقو هەرێم لە ماوەی 90 ڕۆژدا وردبینیی بۆ ئەو لیستانە دەكەن.
لە پڕۆژەكەدا ئەوەش هاتووە، حساباتی نێوان هەرێم و عێراق لە 2004 بۆ 2020 پاكتاو دەكرێت، ئەوەش دوای وردبینیی لە لایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراقو هەرێم.
تێڕوانینی دژە كورد و هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان و گۆڕەپانی سیاسی عێراق لە بەهێزبووندایە و ئەو بێمتمانەییەی بەهۆی جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنەكانی پێشووترەوە دروست بووە، باری سەرشانی هەرێمی قورستر كردووە.
لایەنە عێراقییەكان خاڵی لاوازی هەرێمی كوردستان دەزانن كە نەبوونی پارەیە بۆ مووچەو ناڕەزایی فراوانی شەقامی كوردیی لێكەوتووەتەوە، لەگەڵ خراپیی دۆخی دارایی حكومەتی ناوەند لە بەغداد، ناشیانەوێت وەك ساڵانی ڕابردوو مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكەن.