
پەرەگراف- هەكار مەحمود
پاپای ڤاتیكان مەرجەعی ئاینیی كاسۆلیكەكانی جیهان كە هاوكات سەرۆكی دەوڵەتی ڤاتیكانە، دوای نزاو نوێژی بەكۆمەڵ بە ئامادەبوونی هەزاران كەس لە هەولێر، هەرێمی كوردستانی بەجێهێشتو بەرەو بەغدا گەڕایەوە، پاپا خاكی كوردستانی بە پاك ناوبردو داوا دەكات دوعای خێری بۆ بكرێت.
بەیانیی ئەمڕۆ، پاپا فرانسیس لە سێیەم ڕۆژی سەردانەكەیدا بە فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی عێراق لە بەغداوە گەیشتە هەولێر، لە فڕۆكەخانە سەرۆكەكانی هەرێم و حكومەتو جێگرەكانیان پێشوازییان لێكردو لەگەڵیدا كۆبوونەوە، هاوكات مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیش كۆبوونەوەی لەگەڵدا ئەنجام دا.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پاپا، دوای بە گەرمیی بەخێرهێنانی، وتی: سەردانتان ڕووداوێكی مێژووییی مەزنە، جێگەی ئەوپەڕی شەرەفمەندی و خۆشحاڵیی ئێمە و شانازیی هەموو گەلی كوردستانە.
سەرۆكی هەرێم تەئكیدی لەوە كردەوە، بڕوای تەواویان بە ئازادیی ئایینی و فرەئایینی هەیە، "لێبوردەیی و پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردنی نێوان پێكهاتەكان، ناسنامە و كولتوورێكی دێرینی كوردستانە، بە هەموو شێوەیەك پارێزگاری لەو كولتوورە دەكەین".
"سەردانی قەداسەتتان بەرەكەت لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. بۆ یارمەتیدانی كوردستان و پێكهاتەكانی، لە هەموو ڕوویەكەوه چاومان لە دوعا و پشتگیریتانە" نێچیرڤان بارزانی وای وت.
لای خۆیەوە پاپا زۆر سوپاس بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی كرد كە لە هەولێر لێی كرا، وتی: زۆر دەمێك بوو دەمویست سەرەدانی هەرێمی كوردستان بكەم و خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بە دەنگ بانگهێشتەكانتانەوە هاتم. زۆر پێزانینم هەیە كە وێڕای ئەوەی لە شەڕدان بوون، بەڵام پێشوازیتان لە ئاوارە مەسیحییەكان لە مووسڵ و دەشتی نەینەوا و قەرەقووش و لە پێكهاتەكانی دیكە كرد. ئێوە باوەشتان بۆ مەسیحییەكان كردووتەوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پاپا وتی: هاتووم موبارەكەی ئەم خاكە بكەم. ئێوە پاكن، دەستی بەزەییتان بۆ هەمووان درێژ كردووە، دوعا بۆ منیش بكەن. سوپاس بۆ هەموو ئەوەی لەگەڵ هەموو ئایینەكان و هەموو پێكهاتەكان دەیكەن.
پاپا لە پایتەختەكەی داعش
دوای كۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی كوردستان، پاپا لە فڕۆكەخانەوە بە هەلیكۆپتەرێك بەرە و موسڵ بەڕێكەوت.
هاتنی پاپا بۆ عێراق گرنگییەكی تایبەتی هەیە، بەڵام بەشێكی زۆری پەیوەستە بە سەردانكردنی بۆ موسڵ كە بە ناوەندی مەسیحییەكانی عێراق دادەنرێت، كاتێك ساڵی 2014 موسڵ لەلایەن داعشەوە داگیركرا، كەنیسە و دێرەكانی وێران كران، مەسیحییەكان هاوشێوەی دانیشتوانی دیكەی ناوچەكە ڕوبەڕوی كوشتن و توندوتیژی بونەوە و بەشێكی زۆریان ئاوارەبوون.
لەو شارەی داعش خەلافەتەكەی لێڕاگەیاند، پاپا بە چەپڵە و سڵاوكردنەوە لەلایەن كریستیانەكانەوە پێشوازییكرا، لە ناو داروپەردووی گۆڕەپانی حەوش ئەلبەیعە، یەكێك لە كۆنترین كەنیسەكانی موسڵ كورسییەكی لە تەختە دروستكراوی بۆ دانرا تاوەكو مەراسیمە ئاینییەكان بەڕێوەبەرێت.
پاپا لەوێ نوێژی بۆ قوربانیانی جەنگ كرد، باسی لە نیگەرانیی خۆی كرد بۆ كەمبونەوەی ژمارەی مەسیحییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەزیانێكی وەسف كرد كە قەرەبوو ناكرێتەوە، نەك بۆ گروپ و لایەنێكی دیاریكراو، بەڵكو بۆ تەواوی ئەو كۆمەڵگایەی لەدوای خۆیانەوە جێیانهێشتووە.
هەرچەندە سێ ساڵ زیاترە موسڵ لە چنگی داعش ئازادكراوە، بەڵام تائێستا بەشێكی زۆری شارەكە بەتایبەت كەنیسە و شوێنی مەسیحییەكان بە وێرانیی ماونەتەوە.
كاتێك ساڵی 2014 ئەو گروپە چەكدارە تیرۆرستییە دەستی بەسەر شارەكەدا گرت، پاپا پشتگیری بەكارهێنانی هێزیكرد بۆ وەستاندنیان، هەر لەو كاتەشدا ویستی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات وەك پاڵپشتییەكان بۆ ئەو مەسیحیانەی ئاوارەبووبوون.
دیارییەكی تایبەت لە قەرەقوشەوە بۆ پاپا
پاپا فرانسیس دوای موسڵ چووە قەرەقوش كە مەسیحییەكان بە بەخدیدا ناوی دەبەن، دەكەوێتە باشوری موسڵ و 30 كیلۆمەتر لە شارەكەوە دوورە، پێش هاتنی داعش زیاتر لە 70 هەزار مەسیحی لێدەژیا، بەڵام بەهۆی ڕووداوەكانی 2014 زۆرینەیان ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، بەشێكیشیان عێراقیان جێهێشت.
قەرەقوش حەوت كەنیسەی مێژوویی لێیە كە تاهیرەی مەزن گەورەترینیانە، پاپا لەوێ لەگەڵ مەسیحییەكانی ناوچەكە نوێژی كرد و مەراسیمێكی ئاینیی بۆ ئەنجامدان.
دانیشتوانی قەرەقوش دیارییەكی تایبەتیان بۆ پاپا ئامادەكردبوو، كە لە ملپێچێك پێكهاتبوو لە قوماشی شاڵ دروستكراوەو چنینی بە تاڵی زێڕین تێدا نەخشێندراوە.
ملپێچەكە ڕەنگی سور و ڕەشە، پێنج خانمی دانیشتووی شارەكە ماوەی دوو مانگ سەرقاڵی دوورینو ئامادەكردنی بوون، ملپێچەكە نەخشێكی لەسەر چنراوە، لەسێ خاچ پێكهاتووە كە لە كڵێسایەكی قەرەقوش هەبووە و لەسەر دەستی داعش وێرانكراوە، لەسەر لاكانی ملپێچەكە چەند ئاماژە و هێمایەكی ئاینی مەسیحیی هەن.
مەسیحییەكان خۆشحاڵو گەشبینن بە سەردانەكەی پاپا، جۆرج جەحولە یەكێكە لە قەشەكانی شارۆچكەی قەرەقوش، دەڵێت "سەردانەكەی پاپا زۆر گرنگە بۆ بەرزكردنەوەی ورەی ئێمە، دوای چەند ساڵێك لە جەنگو كێشە و ململانێكان، كە بونەهۆی كەمبونەوەی ژمارەی مەسیحییەكان".
عەدنان یوسف، مەسیحییەكی نیشتەجێی موسڵەو هیواخوازە ئەم سەردانە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق.
مەسیحییەكان دووەم زۆرترین پەیڕەوانی ئاینێكی ئاسمانیین لە عێراق، بە دێرینترین پەیڕەوكەرانی ئەو ئاینە دادەنرێن لە جیهاندا، لە دەستوردا دانیان پێدانراوە و بەسەر 14 تائیفەی جیاوازدا دابەش دەبن.
مێژووی دەركەوتنی مەسیحییەت لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یەكەمی زاینی، زۆرینەی دانیشتووانی وڵاتەكە مەسیحی بوون، هەر ئەوەش وایكردووە زۆرینەی كەنیسەكان مێژوویی بن.
لەئێستادا ژمارەی ئەو مەسیحییانەی لە عێراق دەژین، بە 400 هەزار كەس دەخەمڵێنرێن، ئەوەش لە كۆی 40 ملیۆن عێراقیی، لەكاتێكدا ساڵی 2003 ژمارەیان زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار كەس بووە.
هۆكاری ئەو كەمبونەوەیە خراپیی دۆخی ئەمنیی بووو، بەگشتی دوای سەرهەڵدانی گروپە توندڕەوەكان و بەتایبەتش گروپەكانی سەر بە ڕێكخراوی قاعیدە كە ژمارەیەكی زۆریان لێكردن بە قوربانیی، بەهۆی ئەو هەڕەشانەش كە لەسەر ژیانیان هەبوو، بەشێكی زۆریان عێراقیان جێهێشت و بەشێكیشیان كۆچیان كرد بۆ هەرێمی كوردستان.