
پەرەگراف
وەزارەتی دەرەوەی توركیا سەبارەت بە پوولێك كە وێنەی كوردستانی گەورەی لەسەرە و لە كاتی هاتنی پاپا فرانسیسدا نمایش كرا، داوای ڕوونكردنەوە لە "دەسەڵاتدارانی هەرێم" دەكات و دەڵێت "هەندێك لە دەسەڵاتدارانی هەرێم سنووری خۆیان نازانن، بە خەیاڵی خۆیان ئەو سەردانە بەكار دەهێنن بۆ لێدان لە یەكپارچەیی خاكی وڵاتانی دراوسێی عێراق".
وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە ڕاگەیەندراوێكی فەرمیدا دەڵێت "لەو پوولەدا كە حكوومەتی هەرێم دەری كردووە، هەندێك شار و ناوچەی وڵاتی ئێمە دەردەكەون".
وەزارەتەكە ئەو كارەی بە "هەوڵی نەزۆك" ناو بردووە و "وەكوو بیرهێنانەوەیەك بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم" دەڵێت "ئەم هەوڵانە بە بێهیوایی و شكست كۆتایی دێت".
وەزارەتی دەرەوەی توركیا نمایشكردنی ئەو پوولەی بە "هەڵەی گەورە" وەسف كردووە و داوای "دەستبەجێ ڕاستكردنەوە"ی دەكات. ڕایشیگەیاندووە "چاوەڕوان دەكەین دەسەڵاتدارنی هەرێم بەمزووانە ڕوونكردنەوە بدەن".
ڕاگەیەندراوەكە وەزارەتی دەرەوەی توركیا پاش ئەوە هات كە عومەر چەلیك، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاك پارتی)ی دەسەڵاتداری توركیا، نامیشكردنی ئەو پوولەی بە "كاری درۆ و هەڵە" ناو برد و ڕایگەیاند "پێمان وایە بەدەر لە سەردانەكە، شتێكە كە ناوەندێكی دیاریكراو بە عەقڵی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی دوژمنایەتی دژی توركیا دەیكات".
عومەر چەلیك لە كاتی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندیی ڕاپەڕاندنی پارتەكەی كە بە سەرۆكایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی گشتیی ئاك پارتی بەڕێوە چوو، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ساز كرد كە تێیدا نمایشكردنی ئەو پوولەی بە "كاری هەندێك ناوەند و چەند چینێكی جۆراوجۆر" ناو برد كە "لە چەند شوێنێكی جۆراوجۆر" ئەو كارەیان كردووە.
وتەبێژی ئاكپارتی نموونەی بەوە هێنایەوە كە "لە ڕابردوودا لە فەڕەنسا نەخشەیەكی لەو شێوەیە دەركەوتبوو. ئەرمینیا ناوە ناوە دەیكات".
ڕۆژی 5-3--2021 پاپا فرانسیس بە سەردانێكی مێژوویی گەیشتە عێراق. لە دووەم ڕۆژی سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق كۆبووەوە.
پاپا فرانسیس لە سێیەم ڕۆژی سەردانەكەیدا بە فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی عێراق لە بەغداوە گەیشتە هەولێر، لە فڕۆكەخانە سەرۆكەكانی هەرێم و حكومەتو جێگرەكانیان پێشوازییان لێكردو لەگەڵیدا كۆبوونەوە، هاوكات مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیش كۆبوونەوەی لەگەڵدا ئەنجام دا.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پاپا، دوای بە گەرمیی بەخێرهێنانی، وتی: سەردانتان ڕووداوێكی مێژووییی مەزنە، جێگەی ئەوپەڕی شەرەفمەندی و خۆشحاڵیی ئێمە و شانازیی هەموو گەلی كوردستانە.
سەرۆكی هەرێم تەئكیدی لەوە كردەوە، بڕوای تەواویان بە ئازادیی ئایینی و فرەئایینی هەیە، "لێبوردەیی و پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردنی نێوان پێكهاتەكان، ناسنامە و كولتوورێكی دێرینی كوردستانە، بە هەموو شێوەیەك پارێزگاری لەو كولتوورە دەكەین".
"سەردانی قەداسەتتان بەرەكەت لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. بۆ یارمەتیدانی كوردستان و پێكهاتەكانی، لە هەموو ڕوویەكەوه چاومان لە دوعا و پشتگیریتانە" نێچیرڤان بارزانی وای وت.
لای خۆیەوە پاپا زۆر سوپاس بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی كرد كە لە هەولێر لێی كرا، وتی: زۆر دەمێك بوو دەمویست سەرەدانی هەرێمی كوردستان بكەم و خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بە دەنگ بانگهێشتەكانتانەوە هاتم. زۆر پێزانینم هەیە كە وێڕای ئەوەی لە شەڕدان بوون، بەڵام پێشوازیتان لە ئاوارە مەسیحییەكان لە مووسڵ و دەشتی نەینەوا و قەرەقووش و لە پێكهاتەكانی دیكە كرد. ئێوە باوەشتان بۆ مەسیحییەكان كردووتەوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پاپا وتی: هاتووم موبارەكەی ئەم خاكە بكەم. ئێوە پاكن، دەستی بەزەییتان بۆ هەمووان درێژ كردووە، دوعا بۆ منیش بكەن. سوپاس بۆ هەموو ئەوەی لەگەڵ هەموو ئایینەكان و هەموو پێكهاتەكان دەیكەن.
دوای كۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی كوردستان، پاپا لە فڕۆكەخانەوە بە هەلیكۆپتەرێك بەرە و موسڵ بەڕێكەوت. لەوێ نوێژی بۆ قوربانیانی جەنگ كرد، باسی لە نیگەرانیی خۆی كرد بۆ كەمبونەوەی ژمارەی مەسیحییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەزیانێكی وەسف كرد كە قەرەبوو ناكرێتەوە، نەك بۆ گروپ و لایەنێكی دیاریكراو، بەڵكو بۆ تەواوی ئەو كۆمەڵگایەی لەدوای خۆیانەوە جێیانهێشتووە.