ئومێد بەرۆشکى بە مەرج ئازاد کرا

22-10-2025 02:58

پەرەگراف

پاش نزیکەى نۆ مانگ لە زیندانیکردنى، ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکى کەمێک لەمەوبەر ئازاد کرا. دادگاى دهۆک داواکاریى ئازادکردنى بەمەرج (افراج شرطي)ـى ئەو ڕۆژنامەنووسەى قبووڵ کرد و ئەمڕۆ بڕیارى ئازادکردنى بۆ دەرکرد. پارێزەرەکەى ئەو هەواڵانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن ئازادکردنەکەى بەرۆشکى بەهۆى کشاندنەوەى سکاڵاکەیە لەلایەن سکاڵاکارەوە.

ڕێڤینگ یاسین، پارێزەرى ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکى، بە پەرەگرافى ڕاگەیاند "کاتژمێر ٣:٠٠ـى پاشنیوەڕۆى ئومێد بەرۆشکى لە چاکسازیى گەورانى دهۆک ئازاد کرا و بە کەسوکارى شاد بووەوە".

پێشتر ڕۆژنامەنووس ئومێد بەرۆشکى بە پەرەگرافى ڕاگەیاند، تا ئێستا "نۆ" دۆسیە لە دژى کراوەتەوە و لە هەشت دۆسیەى پێشوودا "ساڵێک و حەوت مانگ" زیندانى کراوە.

سەبارەت بەوەى کە باس لەوە دەکرێت ئازادکردنەکەى ئەمڕۆى بەرۆشکى بەهۆى کشاندنەوەى سکاڵاکەوەیە لەلایەن سکاڵاکارەکەوە کە چاکسازیى زەرکاى دهۆکە، پارێزەرەکەى بەرۆشکى دەڵێت "ئەوە ڕاست نییە" و ڕوونى کردەوە "بەرۆشکى لە ٣٠-٠١-٢٠٢٥ـەوە دەستگیر کراوە و سزاکەى شەش مانگ بووە، بەڵام سزایەکى پێشتریشى بۆ زیندووکرایەوە کە شەش مانگ بوو، ئیتر سزاکە بووە بە ساڵێک".

"ئێمە داوامان لە داداوەر کرد کە هەردوو دۆسیەکە سزاکەى یەک ساڵە و بەوپێیەش ئازادکردنى بەمەرج (افراج شرطي) دەیگرێتەوە، ئیتر دادوەر داواکارییەکەى قبووڵ کرد و ئێستا کە نۆ مانگى سزاکەى تەواو کرد، سێ مانگەکەى دیکەى بەر ئازادکردنى مەرجدار کەوت و هیچ پەیوەندییەکى بە کشاندنەوەى سکاڵاکەوە لەلایەن سکاڵاکارەوە نییە"، پارێزەرەکەى بەرۆشکى بۆ پەرەگراف واى وت.

نۆیەم سكاڵا پەیوەست بوو بە زانیارییەكی ڕۆژنامەوانی كە ئومێد بەرۆشكی لە ٢٣-٠١-٢٠٢٤ لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، تێیدا دەڵێت "بەپێی زانیارییەكان، زیندانكراوی بادینان (مەلا نەزیز) لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە ڕفێنراوە و لە زیندانی چاكسازیی گەورانی دهۆك نەماوە".

سەبارەت بە دوادۆسیە، ئومێد بەرۆشكی لە مانگى شەشى ٢٠٢٤ بە پەرەگرافی وت "ئەوەی بڵاوم كردبووەوە، ڕاست بوو. چاكسازی خۆیشی دەڵێت كە مەلا نەزیر بۆ دۆسیەكەی دیکە چەند ڕۆژێك بۆ شوێنێكی تر گواستراوەتەوە".

سەبارەت بەو سزا کۆنەى کە بۆ ڕۆژنامەنووسەکە زیندوو کراوەتەوە، ڕێڤینگ یاسین وتى "سزاکە هى زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر بوو، ئەوکات لەبەر ئەوەى ئومێد بەرۆشکى قوتابى بوو، دادوەر سزاکەى بەسەردا جێبەجێ نەکرد، دواتر کە لە دۆسیەى دواتردا سزا درا، ئەو سزایەشى بۆ زیندوو کرایەوە".

لێخۆشبوونى مەرجدار (افراج شرطي) بۆ ئەو سزایانەى کە دەیگرێتەوە و دادوەر بڕیارى لەسەر دەدات، بۆ هەر ساڵێک سێ مانگە. واتە تاوانبار ئەگەر سزاى زیندانیکردنەکەى یەک ساڵ بێت، ئەوا دواى تەواوکردنى نۆ مانگى زیندانیکردنەکەى ئازاد دەکرێت.

ئومێد بەرۆشکى، ڕۆژنامەنووس و چالاکێکى دیارى دەڤەرى بادینانە. لە ساڵى ٢٠٢٠ کە هەڵمەتى دەستگیرکردن و سزادانى ڕۆژنامەنووس و چالاکانى بادینان دەستى پێ کرد، یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانە بووە کە زۆرترین دۆسیەى لە دژ کراوەتەوە.