10 ساڵ دوای فۆكۆشیما؛ ئەو كارەساتە ئەتۆمییەی ژاپۆنییەكانی شۆك كرد

11-03-2021 09:23

پەرەگراف- هەكار مەحمود

بەهێزترین بومەلەرزە لە مێژووی نوێدا ژاپۆنی هەژاند، تسۆنامییەكی بەهێز ڕویدا، دەنگی تەقینەوە لە چەندین شوێنەوە دەبیسترا، دوكەڵی ئاگر ئاسمانی تەنیبوو، لافاو و پاشماوەی داروپەردوی شوێنە ڕوخاوەكان، هەموو شوێنێكی داگیركردبوو، ڕووداوەكە بە ڕادەیەك گەورەبوو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵكرد.

10 ساڵ بەسەر كارەساتەكەدا تێپەڕیوە، بەڵام ژیان هێشتا لە كاتژمێر 2:46 خولەكی دوا نیوەڕۆی 11ی ئازاری 2011 وەستاوە، ئەو ساتەی بومەلەرزەكە ژاپۆنی هەژاند و كارەساتێكی گەوری ئەتۆمیی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بۆسەر زەوی هێنا، بەجۆرێك بە "كارەساتی چاخ" ناودەبرێت.

بەهێزیی بومەلەرزەكە 9 پلەی ڕێختەربوو، كە بە بەهێزترین دادەنرێت لە هەزار ساڵی ڕابردووی ژاپۆندا، ژیان بەتەواوی وەستا، چەندین شار بەتەواوی نوقمی ئاو بوون، زیاتر لە 15 هەزار كەس بوونە قوربانی و بە سەدان هەزاری دیكە ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ مانەوە.

وێرانكردنی وێستگەیەكی ئەتۆمیی

شەپۆلەكانی تسۆنامی لە زەریای ئارامەوە بە بەرزیی 17 مەتر بەرەو وێستگەی (فۆكۆشیما دایچی) بۆ وزەی ئەتۆم ڕۆشتن كە سەر بە كۆمپانیای تیبكۆیە و دەكەوێتە شاری تۆمیوكا، درز كەوتە سێ عەمبارەوەو زیانێكی زۆر بە تەواوی وێستگەكە گەیشت، كاتێك شوێنەكە دەبینرا دیمەنەكە لەوەدەچوو ڕوبەڕوی بۆردومان بووبێتەوە.

كارەساتە ئەتۆمییەكە لەوێوە دەستی پێكرد، تیشكێكی زۆر بەهۆی زیانەكانەوە دزەی كردو ژینگەی ناوچەكەی بەتەواوی پیسكرد، بەڕادەیەك كاریگەریی بۆ چەندین ساڵی دیكە دەمێنێتەوە.

بەهۆی ئەو زیانە زۆرەوە، وێستگەی فۆكۆشیما لەكارخرا و بڕیاردرا بەشەكانی هەڵبوەشێندرێنەوە، ئەو ماددانەش كە تێیدا هەڵگیرابوو، تائێستا ماونەتەوە‌و مەترسییەكی زۆریان دروستكردووە، چونكە دەبێت زۆر بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.

زیانە ئابورییەكان

كاریگەرییەكانی پیسبوون بە تیشكەكە لەسەر شیر و سەوزە و بەرهەمی ماسی دەركەوت، ئەوەش زیانێكی زۆری لە جوتیاران و ڕاوچییەكاندا، جگە لەوە تەواوی سێكتەرەكانی دیكەی ئابوری زیانیان بەركەوت و حكومەتی ژاپۆن قەبارەی زیانەكانی بە زیاتر لە 198 ملیار دۆلار خەمڵاندووە.

ژاپۆنییەكان دژی وزەی ئەتۆم دەوەستنەوە

لەئێستادا تەنها 9 وێستگەی ئەتۆمی لە ژاپۆن كار دەكەن، بەڵام پێش ئازاری 2011 ژمارەی ئەوانەی كاریان دەكرد 54 وێستگەبوون، 24یان بەتەواوی هەڵوەشێندراونەتەوە، ئەوەش بەهۆی سیستمی سەلامەتی ئەتۆمییەوە.

ساڵی 2019 وزەی ئەتۆم كارەبای ئەو وڵاتەی بەڕێژەی 6.2% دابینكردووە، بەڵام پێش كارەساتەكە، 30% كارەبا لەڕێی ئەو وزەیەوە دابین دەكرا، حكومەتیش لە پلانیدایە بۆ ساڵی 2030 ڕێژەكەی بۆ 20_22% بەرزبكاتەوە، بەڵام پاش پێداچونەوەیەكی تەواو بە شێوازی كاركردنی وزەی ئەتۆم لەو وڵاتەدا.

دوای ئەو شۆكەی دانیشتوانی ژاپۆن بەهۆی فۆكۆشیما توشی هاتن، بەشێكی زۆریان بەكارهێنانی وزەی ئەتۆم ڕەتدەكەنەوە، چەندین داوای یاسایی لەسەر ئەو شوێنانە تۆماركراوە كە نزیك ناوچەی نیشتەجێ بونن، ئەوەش بۆ ڕێگریی لە دووبارە كاركردنەوەیان.

گێڕانەوەی ژیان بۆ ناوچەكە

شاری تۆمیوكا ئەو ناوچەیەیە كە وێستگەكەی تێدابوو، دەكەوێتە باكوری ڕۆژهەڵاتی ژاپۆنەوە، بەڵام ئێستا 12%ی ناوچەكە ژیانی تێدا قەدەغەكراوە، ئەو شوێنەش پێشتر 12% شوێنی نیشتەجێبوونی تێدا بووە كە سێ بەشی دانیشتوانی شارەكەی لەخۆگرتووەو ژمارەیان 16 هەزار كەس بووە.

ژیان زۆر بە هێواشی بۆ ناوچەكە دەگەڕێتەوە، هەڵمەتەكانی خاوێنكردنەوە تا ساڵی 2051 بەردەوام دەبن، حكومەت دەیەوێت شوێنێكی تایبەتی نیشتەجێبوون بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانەكەی دروست بكات، بەڵام زۆرینە ڕەتیدەكەنەوە لەو ناوچەیە نیشتەجێ ببن.

ساڵی 2017 بەشێكی شارەكە بەڕووی ئەو كەسانەدا كرایەوە كە ڕێپێدانی فەرمییان هەیە‌و دەتوانن تەنها بەڕۆژدا سەردانی بكەن.

ناوچەی یۆنۆمۆری ناوەندی بازرگانیی شارەكەبوو، ژمارەیەكی زۆر دوكان و ماڵ و كۆگای بازرگانیی تێدابوو، هەروەها باخچەیەك كە پڕبوو لە داری گێلاس و لە وەرزی گوڵكردنی ئەو میوەیەدا خەڵكێكی زۆر سەردانیان دەكردو ئاهەنگی "هانامی" كە بۆنەیەكی تایبەتی ژاپۆنییەكانە لەوێ دەگێڕدرا و دانیشتوانەكەی بۆ سەیران لە ژێر دار گێلاسەكاندا دادەنیشتن.

حكومەتی ژاپۆن دەیەوێت بۆ ساڵی 2023 ئەو ناوچەیە بەڕووی دانیشتواندا بكاتەوە، بەڵام بەشێكی دیكەی شارەكە، ئەو كیسە ڕەشانەی تێدا هەڵگیراوە كە ماددە كیمیایی و تیشكییەكانی وێستگەكەی تێدایە و بۆ كاتێكی نادیار بە داخراوی دەمێننەوە.