ڕێباز حەملان: بە چڕى لەگەڵ بەغداد لەسەر خەتین بۆ ئەوەى بەر لە هەڵبژاردن دوو مووچە دابەش بکەین

23-10-2025 01:58

پەرەگراف

ڕێباز حەملان، یاریدەدەرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، ڕایگەیاند "سەرۆکوەزیرانى عێراق بەڵێنى داوە پابەند بن بە خەرجکردنى سەرجەم مووچەکانى ئەمساڵى هەرێمى کوردستان". دەشڵێت "حکومەتى هەرێمى کوردستان چەند ڕۆژێکە زۆر بە چڕى لەگەڵ بەغداد لەسەر خەتین بۆ ئەوەى بەر لە هەڵبژاردن دوو مووچە دابەش بکەین".

ئەم قسانەى ڕێباز حەملان لە کاتێکدایە کە تەنیا ٢٠ ڕۆژ ماوە بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و هێشتا وەزارەتى دارایى عێراق مووچەى مانگى هەشتى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانى نەناردووە، هەرچەندە سوودانى بڕیارى خەرجکردنى داوە.

هەر بە قسەى یاریدەدەرى سەرۆکوەزیرانى هەرێم، دواى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسروور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێم، بەڵێنى داوە لە سەرەتاى مانگى ١٠ مووچەى مانگى هەشت خەرج بکەن، بەڵام پێوەى پابەند نەبوون. دەشڵێت "بەغداد بەتەمایە ناردنى مووچەى مانگى هەشت بخاتە هەفتەى داهاتوو".

هەرچەندە نزیکەى یەک مانگە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستى پێ کردووەتەوە و وەزارەتى دارایى هەرێمیش چەند ڕۆژێکە ١٢٠ ملیار دینار داهاتى ناوخۆیى ڕادەست کردووە، دوو ڕۆژ لەمەوبەریش سەرۆکوەزیرانى عێراق وەزیرى دارایى ڕاسپارد بە خەرجکردنى مووچەى هەرێم، بەڵام وەزارەتى دارایى فیدراڵ تا ئەمڕۆ مووچەى مانگى هەشتى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانى خەرج نەکردووە، لە کاتێکدا لە عێراق مووچەى مانگى ١٠ دابەش دەکرێت.