قوباد تاڵەبانی: پارتی دروشمەکانی لە کوردستان جێبەجێ بکات بە چەند ڕۆژێک حکومەت پێکدێت

23-10-2025 07:19

پەرەگراف- قوباد تاڵەبانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی لە کۆیە ڕایگەیاند: دروشمی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا، هاوبەشی و هاوسەنگی و سازانە. ئێمەش هەمان شتمان لە کوردستان دەوێت. ئەگەر پارتی ئەم دروشمە لە کوردستان جێبەجێ بکات، بە چەند رۆژ حکومەت پێکدێت.

"یەکێتی بڕیاری یەکلاکەرەوەی داوە لە کوردستان حکومەت دەبێت کارا و خزمەتگوزار و دادپەروەر بێت و لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە پێک بێت. لە بەغداش کار بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان بە تایبەتیش کێشەی بودجە و مووچە بەپێی دەستوور دەکات." تاڵەبانی وای وت.

18ی ئەم مانگە مەسعود بارزانی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە نیگەرانیی لە یەکێتی پیشانداو داوای لێ کرد "لەوە زیاتر بەهانە نەدۆزنەوە". وتیشی ئەو کۆتا پێشنیازەی پۆستەکان کە پارتی بۆ یەکێتیی کردووە، "هاوسەنگیی زۆری تێدایە و لەوە باشتر و زیاتر مومکین نییە".

سەرۆكی پارتی دیموكرات، لە كۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی وتی "ئومێدەوارم پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەو مەسەلە کۆتایی بێت و برایانی یەكێتی بێن لەگەڵ پارتی حكومەت پێك بهێنن، چونکە نە لە بەرژەوەندیی هەرێمە، نە لە بەرژەوەندیی ناوچەکەیە".

بارزانی ئاماژەی بەوە کرد "پاش نزیکەی ساڵێک لە گفتوگۆ، پارتی و یەکێتی لەسەر شێوەی بەڕێوەبردنی حکومەت ڕێککەوتوون".

سەرۆکی پارتی ئاشکرای کرد حیزبەکەی ئۆفەرێکی نوێی پۆستەکانی خستووەتە بەردەم یەکێتی، کە بە بۆچوونی بارزانی "عەرزێكی زۆر باشە، هاوسەنگییەکی زۆری تێدایە".

مەسعود بارزانی جەتی کردەوە کە "لەو عەرزەی پارتی داویەتی بە یەكێتی، باوەڕ ناكەم باشتر و زیاتریش مومكین بێت".