بۆیەكەمجار پەرەگراف ڤیدیۆی ساتی هێرشكردنەسەر پەرلەمانتار غالب محەمەد بڵاودەكاتەوە

11-03-2021 10:00

پەرەگراف

پەرەگراف گرتەی ڤیدیۆیی ساتی هێرشكردنەسەر پەرلەمانتار غالب محەمەد بڵاودەكاتەوە كە لە سەرچاوەیەكی تایبەت‌و ئاگاداری ئەو دۆسیەیەوە دەستی كەوتووە، ئەو پەرلەمانتارە دوو هەفتە لەمەوبەر لەلایەن كەسێكەوە لە بەردەم ماڵەكەی خۆی لە سلێمانی بە "بۆكسخەنجەر" هێرشی كرایەسەرو بریندار كرا.

هێشتا تاوانبارەكە دەستگیر نەكراوە، لە كاتێكدا كەسێكی ناسراوە لای هێزە ئەمنییەكان‌و بە ڕوونیی لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت كە چۆن هێرشدەكاتەسەر ئەو پەرلەمانتارەو دواتر هەڵدێت.

غالب محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان‌و هاوپەیمانیی هیوایە لە پەرلەمانی عێراق، هاوپەیمانییەكە هەر لەسەرەتاوە هێرشەكەی بە "هەوڵی تیرۆركردنی غالب" لە قەڵەم دا.

هاوپەیمانیی هیوا پەرلەمانتارە كوردەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتین، ئەوان ئومێدیان بە دادگاو دەزگای ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان نییە، هەربۆیە كاردەكەن بۆ گواستنەوەی دۆسیەی هێرشكردنەسەر غالب محەمەد بۆ بەغداد بۆئەوەش هەنگاوەكانیان دەستپێكردووە.

ئەمڕۆ هەریەكە لە سەركەوت شەمسەدین، غالب محەمەدو كاوە محەمەد پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی هیوا، سەردانی فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقیان كرد بە مەبەستی گواستنەوەی دۆسیەكەی غالب بۆ بەغداد، ئەو نووسراوەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیان ڕادەست كرد كە تایبەتە بە گواستنەوەی دۆسیەكە بۆ بەغدادو 8ی ئەم مانگە لە ڕێی هاوپەیمانیی هیواوە ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمان كراوە.

"ئەویش بە پەرۆشیەوە ئامادەیی دەربڕی كە ڕێوشوێنە پێویستەكان بگرێتەبەر" ئەو سێ پەرلەمانتارە لە ڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی سەردانەكەیان وادەڵێن.

ئەو پەرلەمانتارانە لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، باسیان لە "دۆخی خراپی" دادوەریی لە هەرێمی كوردستان كردووە كە "بە تەواوی بەسەر حزبە دەسەڵاتدارەكاندا دابەشكراوەو ڕوونمانكردەوە كە دەسەڵاتداران دادگاكان بۆ ئامانج و بەرژەوەندیی حزبی بەكاردەهێنن و ڕێگە نادەن ڕۆڵی پیشەییانەی خۆیان بگێڕن".

هەروەها داوایان كردووە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لەتەواوی عێراق (بەهەرێمی كوردستان-یشەوە)، ڕۆڵی خۆی لە دوورخستنەوەی دەستێوەدانی حزبیی لە دادگاكاندا ببینێت.