دایكانی شەممە لە توركیا؛ دوای 26 ساڵ هێشتا بە ئومێدن بۆ زانینی چارەنووسی كوڕەكانیان

12-03-2021 08:28
ئابی 2018/ ساتی دەستگیركردنی ئامینە ئۆجاك تەمەن 84 ساڵ كە دایكی یەكێك لەو كەسانەیە لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو دەستگیركراوەو چارەنووسی نادیارە

پەرەگراف- هەكار مەحمود

پێش بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەر گەشتیارێك لە ڕۆژی شەممەدا سەردانی توركیای كردبێت و بە ئەستەنبوڵدا سوڕابێتەوە، سەدان كەسی ناڕازیی دەبینی كە لە ناوەڕاستی گۆڕەپانی "گەلاتەسەرای" بە بێدەنگ وەستابوون، زۆرینەیان لە ژن پێكهاتبوون، هەر یەكەیان گوڵە مێخەكێكی سور و وێنەی كەسێكیان بەدەستەوە بوو.

هیچ بڕیارێك نەبوو ڕێگری لەو كەسانە بكات، هەفتانە لەو شوێنەدا دەوەستان، بەڵام لە ڕِۆژێكی شەممەی مانگی ئابی ساڵی 2018 كە خۆپیشاندانی ژمارە 700 ئەنجامدرا، پۆلیس هەوڵیدا بە بەكارهێنانی هێز ڕێگرییان لێبكات، ئاو و گازی فرمێسكڕێژ بۆ بڵاوەپێكردنیان بەكارهێنرا و دەیان كەسیش لەو ژنانە دەستگیركران.

دەسەڵاتدارانی توركیا بیانوی ئەوەیان هێنایەوە، كە لە پەیجەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، داواكاری بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكە بڵاوكراوەتەوە.

دایكانی شەممە كێن؟

دایكانی شەممە كە دایكانی ئاشتی-شیان پێدەوترێت، دایك‌و كەسوكاری ئەو سیاسەتمەدارو چالاكوانە كوردانەن كە ساڵانی ڕابردوو بە تایبەت نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو لە توركیاو باكوری كوردستان كوژراون یان بێسەروشوێن كراون‌و تائێستا ئەنجامدەرانی تاوانەكانیان نادیارن.

ئەوان ڕۆژانی شەممەی هەموو هەفتەیەك لە مەیدانی گەڵاتەسەرای چالاكیی مەدەنی ئەنجامدەدەن، داواكاریی سەرەكییان ئاشكراكردنی چارەنوسی بێسەروشوێنكراوان‌و تاوانبارانە.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) ئەندامی دایكانی شەممەیەو دوای تیرۆركردنی ساواش بوڵدانی هاوسەری چووەتە ڕیزی ئەوانەوە.

ساواش بۆڵدان، كەسایەتییەكی دیاربووە لە توركیاو باكوری كوردستان‌و خەباتكاری مافی كورد بووە، لە ساڵی 1994 لە لایەن گروپێكی نادیارەوە ڕفێندراوەو دوای دوو ڕۆژ تەرمەكەی دۆزراوەتەوە، پەروین بوڵدان دوای ساڵێك لە ڕفاندن‌و تیرۆركردنی هاوسەرەكەی چووەتە ڕیزی دایكانی شەممە.

سەرەتای ساڵانی 90ی سەدەی ڕابردوو شاڵاوی كوشتن‌و بێسەروشوێنكردنی سیاسەتمەدارو چالاكوانە كوردەكان لە توركیاو باكوری كوردستان پێینایە قۆناغێكی تووندو فراوان، بەبێ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە دیاربن.

لە ساڵی 1995 دایكانی شەممە دامەزران، ئەوان 26 ساڵە لە ژێر باران‌و بەفر، بە گەرماو سەرما، سەرباری فشارو ئاستەنگییەكان بەردەوامن لە چالاكیی، دایكانی شەممە داوای دیاریكردنی چارەنوسی ڕۆڵەو كەسە بێسەروشوێنەكانیان دەكەن لەگەڵ دیاریكردنی بكوژو ڕفێنەران كە ئەنجامدەری ئەو تاوانانەبوون كە بەرامبەر چالاكوان‌و سیاسەتمەدارە كوردەكان كراون لە توركیا، دایكان نایەڵن ئەو ڕووداوانە ون ببن‌و دۆسیەكانیان بە زیندویی دەهێڵنەوە.

دایكانی شەممە دەڵێن، بیرۆكەی چالاكییەكانیان لە بزوتنەوەی مایۆ دی پلازا واتە "دایكانی گۆڕەپانی مایۆ" لە ئەرجەنتین وەرگرتووە، كە كوڕەكانیان لەسەر دەستی خۆرخێ فێدێلا دیكتاتۆری پێشووتری ئەو وڵاتە لەدەستداوە.

ئەم هەفتەیە چالاكيی ژمارە 832 ئەنجام دەدرێت

ئەوانەی ساڵی 2018 بەشداریی خۆپیشاندانەكانی ژمارە 700یان كرد، 50 كەسیان دەستگیركران كە بەشێكیان خانمانی بە تەمەن و گەنجان بوون، ساڵانی دواتریش ژمارەیەكی زیاتر لە بەشداربووانی چالاكییەكانی دایكانی شەممە دەستگیر كران.

ئەم هەفتەیە چالاكیی ژمارە 832 ئەنجام دەدرێت، پێشبینی دەكرێت وەك ئەوانەی ڕابردوو پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان ڕوبەڕوی ئەو خانمانە ببنەوە و ژمارەیەكیان لێ دەستگیر بكەن.

ئەو گروپانەی كار لە بواری مافی مرۆڤدا دەكەن، ڕەخنەیان لە سەركوتكردنی بێپاساوی ئەو خۆپیشاندانانە گرتووە و بە ئابڕوچوون بۆ حكومەتی توركیا وەسفیان كردووە.

ئیما وێب لە ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، دەڵێت "مایەی شەرمە دەسەڵاتدارانی توركیا بەو شێوە دڕندانەیە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندانێكی هێمندا دەكەن، كە داوای یەكسانی و لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی دەوڵەت دەكەن".

چالاكوانانی مەدەنی ئەوەدەخەنەڕوو، لە ساڵانی ڕابردوودا هیچ لێكۆڵینەوەیەك لەبارەی ونبونی ئەو دەستگیركراوانە نەكراوە و كەس چارەنوسیان نازانێت.

هێزەكانی توركیا لەنێَوان ساڵانەی 1999 بۆ 2009 بەهەمان شێوە ڕێگرییان لە گردبونەوەی ئەو دایكانە كردووە، ئەوەش بەهەمان بیانوی ئەوەی كە پەكەكە هانی گردبونەوەكانیداوە.

یەكێك لەو وێنانەی دەنگدانەوەیەكی زۆری لێكەوتۆتەوە، ساتی دەستگیركردنی ئامینە ئۆجاك تەمەن 84 ساڵە لە مانگی ئابی 2018، كە دایكی یەكێكە لەو كەسانەی لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو دەستگیركراوە و تائێستا چارەنوسی بە نادیاریی ماوەتەوە.

عەبدوڵا زەیتون سەرۆكی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە دیاربەكر، دەڵێت "شاردنەوەی بە مەبەست سیاسەتێكە دەوڵەت پەیڕەوی دەكات، بۆ پەردەپۆشكردنی بەرپرسیارێتی ئەوانەی هەزاران كەسیان ونكردووە، كاتێكیش پۆلیس دژی دایكانی شەممە دەوەستێتەوە، واتە لە پشتی ئەو كەسانە دەوەستێت كە بەرپرسن لە ڕفاندن و دەستگیركردنی ئەو كەسانە و هێشتنەوەی چارەنوسیان بە نادیاری".

ونبووەكان كێن؟

كۆمەڵێك گەنجی كورد و توركە چەپەكان لە كۆتایی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا گروپێكیان دامەزراند، دواتر لە ناوەڕاستی هەشتاكاندا بەشێكی پارتێكی چەكدارییان لێدروستبوو بەناوی "پارتی كرێكارانی كوردستان" كە عەبدوڵا ئۆجەڵان سەركردایەتی دەكردن.

ئۆجەلان لەو كاتەدا خوێندكاری زانكۆ بووە لە كۆلێژی زانستە سیاسییەكان، بەڵام بۆ ئەو كارەی وازی لەخوێندن هێنا و خۆی بۆ كاری سیاسی و سەربازی تەرخانكرد.

چالاكییەكانی ئەو پارتە فرابوو، لە عێراق و ئێران و سوریا لایەنگری بۆ دروستبوو، هەروەها كوردانی تاراوگە بونە پشتیوانیان، ئەمە جگە لەوەی چەندین گەنج لە توركە چەپە ماركسییەكان چونە پاڵیان.

لەماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا پەكەكە هیچ سفەتێكی شەرعیی نەبووە لەناو توركیا، بەڵام لایەنگرانی لە زیادبوندابووە، نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو بە پڕ توندوتیژیترین ساڵانی توركیا دادەنرێت، ئەوەش بەهۆی داواكارییەكانی پەكەكە بۆ دەوڵەتێكی كوردی سەربەخۆ و ڕوبەڕوبونەوەكانی نێوان پارتەكە و هێزەكانی توركیا.

توركیا ئەندامانی پەكەكە بە "تیرۆریست" ناودەبات، بۆیە هەركەسێكیان لێ دەستگیر بكات، ڕاستەوخۆ ڕەوانەی زیندان دەكرێت.

لەئێستادا لیستی ئەوانەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستگیركراون و ڕفێندراون هەزاران كەسی تێپەڕاندووە، چارەنوسی بەشێكی زۆریان نادیارە، بۆیە چەندین ساڵە دایكی ئەو گەنجانە لەژێر ناوی "دایكانی شەممە" گردبونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و داوای ئاشكراكردنی چارەنوسی كوڕەكانیان دەكەن كە بەشێكیان لە ناوخۆی توركیا چالاكی مەدەنیی بوون‌و پەیوەندییان بە خەباتی چەكداریی پەكەكەوە نەبووە.