عومەری سەید عەلی چەند پەیامێك ئاڕاستەی ناڕازییەكانی گۆڕان‌و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن دەكات

13-03-2021 09:06
عومەری سەید عەلی لەكاتی وتارەكەی ئەمڕۆیدا.

پەرەگراف

عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان، ناوەڕۆكی دەستپێشخەرییەك‌و وەڵامی ئەوان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ناڕازییەكانی گۆڕان ئاشكرا دەكات‌و ئامادەیی پیشاندەدات بۆ دەستلەكار كێشانەوە لە پۆستەكەی، هاوكات باس لە موڵك‌و ماڵی لە نەوشیروان بەجێماو و تەوریسی سیاسیی لەناو گۆڕان دەكات.

ئەو وتانەی عومەری سەید عەلی، ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی لەگەڵ هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەكەی بووە لە سلێمانی، كە لە بەشێكیدا باسی دۆخی ناوخۆیی هەرێم‌و پرسی گەندەڵیی‌و پێویستیی چاكسازیی دەكات، هاوكات ڕەخنە لە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن دەگرێت كە ڕووی ڕەخنەكانیان "زیاتر لە گۆڕانە تا پارتی‌و یەكێتی".

ڕێكخەری گشتی گۆڕان لە وتارێكدا كە دەقەكەی بە ڤیدیۆ لە میدیای گۆڕانەوە بۆ پەرەگراف نێردراوە، ئەوە دەخاتە ڕوو، لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە كێشەیان هەیەو ناڕازییەكان پێیان دەڵێن گۆڕان لە پرنسیپەكانی لایداوە.

"ئێمە دەرگای گفتوگۆمان بۆ ئەوانە كردووەتەوەو هیچ مەرج‌و تەحەفوزێكمان نییە.. دەستپێشخەرییەك هەبووەو وتم من موحتاج نیم بەم پۆستەو لە ئێستاوە دەست لە پۆستی ڕێكخەری گشتی هەڵدەگرم لە خزمەتی ئەو پرسەدا، بەڵام من لە خانەی ڕاپەڕاندن باسی دەكەم، لە خانە هەندێك تێبینی هەبوو، بەڵام بە گشتی وتمان بەڵێ باشەو قبوڵی ئەوەمان كرد".

عومەری سەید عەلی ئەوەشی خستەڕوو، دەستپێشخەرییەكە لە ڕێی د.بورهان یاسینەوە بووەو ئەوانیش لە وەڵامدا نامەیەكیان بۆ نووسیوە كە نەك هەر ڕێكخەری گشتی، بەڵكو وەكو خانەی ڕاپەڕاندنیش بەتەنگ پۆستەوە نین بۆ خزمەتی بزووتنەوەكەو گەلەكەیان.

"دوای ماوەیەك وەڵام هاتەوە سێ پرسیاریان كردبوو؛ یەكەم: ئایا نامەكەمان ڕای هەموو خانەیە؟. دووەم: ئایا گفتوگۆكە هەموو كەسێكی ناڕازیی دەگرێتەوە؟ سێیەم: دەربارەی تەوریسی سیاسی بوو".

ڕێكخەری گشتی گۆڕان، وەڵامی ئەو سێ پرسارەی ئاشكرا كرد كە داویانەتەوەو وتی "وەڵامماندانەوە كە بە كۆبوونەوە لەگەڵ هەردوو جڤاتەكە ئەمەمان كردووەو پێیان باش بوە. بۆ پرسیاری دووەمیش وتمان كێ ناڕازییە بەسەر چاو".

عومەری سەید عەلی بە درێژی وەڵامی پرسیاری سێیەمی دایەوەو باسی لە موڵك‌و ماڵی لە نەوشیروان مستەفا بەجێماوی كرد كە ئێستا بەناوی كوڕەكانییەوەیەتی‌و زۆرترین مشتومڕی لەسەرە.

"گردەكەو بینای چاودێریی دارایی كاتی خۆی كە كاك نەوشیروان وەریگرتووە بەناوی كۆمپانیای وشەوە وەریگرتووەو لەگەڵیدا 10 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە، ئەوكات وتی وەرن لەگەڵم، وتمان نایەین لەگەڵت، چونكە بە ئێمەت نەوتووە دەستلەكار دەكێشیتەوە، یەك لەسەر سێی سەركردایەتی یەكێتی بووین‌و لەگەڵی نەچووین، دواتر لەگەڵ كاك عومەرو كاك سالارو كاك قادرو ئەوان گفتوگۆیان كردووە بیخەنەسەر هەموویان ڕێك نەكەوتوون، دواتر وتویانە بیكەین بە وەقف وتویانە ڕۆژێك لە ڕۆژان حكومەت بێت دەتوانێت لێمان بسەنێتەوە، دواتر چووەتەسەر ناوی كاك نەوشیروان، پاشان كاك نەوشیروان بۆمنی باسكرد كە مام جەلال تەلەفۆنی بۆكردووەو ئەو برادەرانە هاتوونەت لای‌و داوای پارەیان كردووە، وتی تۆ دەڵێی چی؟ وتم بیاندەرێ قەیچێكا.. عەلا كولین. كە ئەم گردە لەسەر كاك نەوشیروانە لەگەڵا بینای چاودێری دارایی تاپۆ كراوە، لە ڕوی یاساییەوە لەسەر ئەو بووەو كە ئەو كۆچی دوایی كردووە بۆ منداڵەكانی دەبێت، ئێمە مافی ئەوەمان نییە وەكو گۆڕان داوای گردەكە بكەین، ئێمە لە 2009 گۆڕانمان لەگەڵ دروست كردووەو پێمان نەوتووە هاتووین زەوی‌و ئاو دابەش بكەین، ئێمە بۆ خەتی سیاسی هاتووین بزووتنەوەیەكمان دروست كردووە بۆ چاكسازیی".

عومەری سەید عەلی دەربارەی تەوریسی سیاسیی، وتی "تەوریسی سیاسی نازانم بە چ مەنتقێك باسی ئەوە دەكەن، تەوریسی سیاسی یان بە ستونییە یان ئاسۆییە بەپێی وەسیەت، بەڵگەیەكم بدەنێ پێش كۆچی دوایی كاك نەوشیروان وتبێتی كە من مردم كوڕەكانم یان براكەم لە شوێنم بن".

ڕووەو ناڕازییەكانیش كە وازیان لە بزووتنەوەكە هێناوە، ڕێكخەری گشتی گۆڕان وتی "گۆڕەپانەكە كراوەیە ئەو برایانە ئێستا وازیان لێ هێناوین هەرچی ڕێگایەك دەگرنەبەر پیرۆزباییان لێدەكەین".

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا، ڕێكخەری گۆڕان ڕووی ڕەخنەكانی كردە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان‌و باسی لەوە كرد، گۆڕان زیاتر لە ئۆپۆزسیۆن ڕەخنەی لە كابینەی حكومەت گرتووەو وتی "چی بە ئێمە دەفرۆشنەوە؟ چییان كردووە؟ فەرموو ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی 10 هەزار كەس بێنەسەر شەقام".

عومەری سەید عەلی وتیشی "دادەنیشن لە پەیج‌و سایتەكان دەستدەكەن بە شەڕە جنێوو هەرچی هەیەو نییە دەیهێنن بەسەر گۆڕاندا، تەنانەت دەست بۆ لایەنەكانی دیكە نابەن ئەوەندەی دەست بۆ ئێمە دەهێنن، ژێرەوژێریش ئەنواع‌و ئەشكاڵ پەیوەندییان هەیەو ئێمە ئاگامان لێیە پێویست ناكات باسیان بكەین، لە سەرۆكی كۆمارەوە لە پارتییەوە لە یەكێتییەوە".