كۆبوونەوەی بارزانی‌و لاهور شێخ جەنگی؛ "داوای لێبوردن كردن" پێشمەرجی هەردوولایە

13-03-2021 09:55

پەرەگراف

سەركردایەتی یەكێتی‌و بارەگای بارزانی لەبارەی كۆبوونەوەی بارزانی‌و لاهور شێخ جەنگی وەڵام دەدەنەوەو هەریەكەیان ڕوو لەوی دیكە دەڵێت، دەبێت پێشوەخت داوای لێبوردن بكات.

دوای هەوڵ‌و دەستپێشخەرییەكی نوێ بۆ كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی‌و لاهور شێخ جەنگی، ئەمڕۆ بەرپرسێك لە بارەگای بارزانی قسەی لەسەر ئەو پرسە كرد، پاشان سەركردایەتی یەكێتی بە بەیاننامەیەك وەڵامی دایەوە.

ئامینە زكری، بەرپرسی دۆسیەی حكومەت و پەرلەمان لە بارەگای بارزانی، لە فەیسبوك نووسیویەتی "ئەم چەند رۆژە زۆر قسە لەسەر بابەتی دانیشتنی جەنابی سەرۆك بارزانی و كەسێك لە حیزبێكی دیكە دەكرێت، سەرەتا دەبێت بڵێم جەنابی سەرۆك هەموو كات، هەموو سەردەمێك ئەگەر زانیبێتی بابەتێك ئاشتیی كۆمەڵایەتیی لێدەكەوێتەوە، سەقامگیریی سیاسی دروست دەكات، هیچ كات دوودڵ نەبووە، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی قوربانیدانی خۆی و حیزبەكەی بووبێت، مێژوو لەسەر ئەم قسەیەم شاهێدە".

ئەو بەرپرسەی بارەگای بارزانی، دەشڵێت "دەبێ بپرسین ئایا سەرۆك بارزانی كێشەی شەخسیی لەگەڵ كەسێك هەیە؟ ئایا ئەوەی لە كەركووك و شانزەی ئۆكتۆبەر كرا بەرانبەر سەرۆك بارزانی بوو یان بەرانبەر بە هەموو گەلی كوردستان؟ كێ هەبوو لەم وڵاتە دڵی نەشكێت، چ كوردێك ئازاری نەبینی بەهۆی شانزەی ئۆكتۆبەر؟ كەسێك ئەم كارەی كردبێت داوای لێبووردنێك لە هەموو خەڵكی كوردستان و گەلی كوردستان قەرزارە، ئەگەر ئەمە ڕوویدا ئەوكات دانیشتن و كۆبوونەوەش ئاساییە".

لە وەڵامی ئەو وتانەی بەرپرسەكەی بارەگای بارزانی، سەركردایەتی یەكێتی لەسەر هەمان پرس‌و بە هەمان نەفەس وەڵامی دایەوە بەبێ ئەوەی ناوی مەسعود بارزانی بهێنێت، هەروەك چۆن ئامینە زكری ناوی لاهور شێخ جەنگیی نەهێنا.

"لەم چەند ڕۆژە زۆر قسەلەسەر مەسەلەی دانیشتنی جەنابی ھاوسەرۆك لاهور وكەسێك لەحزبێكی دیكە دەكرێت، لەكاتێكدا ئەو كەسە خۆی داوای كۆبونەوەی لە ھاوسەرۆك لاهور كردووە" سەركردایەتی یەكێتی وادەڵێت.

دەشڵێت "سەرەتا دەبێت بڵێین جەنابی ھاوسەرۆك لاهور، هەموو سەردەمێك ئەگەر زانیبێتی بابەتێك ئاشتی كۆمەڵایەتی لیێدەكەوێتەوەو سەقامگیری سیاسیی دروست دەكات، هیچ كات دوو دڵ نەبووە تەنانەت ئەگەر لەسەرحسابی قوربانیدانی خۆی و حیزبەكەی بووبێت، مێژووش لەسەر ئەم قسەیە شاهیدە. پێویست ناكات ناكۆكی خێزانی تێكەڵ بە بەرژەوەندی باڵای خەڵكی كوردستان بكرێت یان بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بكرێتە قوربانی ناكۆكی ناوخۆیی ئەو حیزبە".

سەركردایەتی یەكێتی هاوشێوەی بارەگای بارزانی، پرسی داوای لێبوردنێك لەلایەن مەسعود بارزانییەوە دەخاتە ڕوو، دەڵێت "لەبارەی بابەتی ئەم دانیشتنەش كە ئێستا باسێكی گەرمە، دەبێت بپرسین ئایا ھەڤاڵ ھاوسەرۆك لاهور كێشەی شەخسی لەگەڵ كەسێك هەیە؟ ئایا ئەوەی لە ئەنجامی ڕیفراندۆم بەسەر كەركوك و شەنگال و خانەقین و دووزخورماتودا هات بەرانبەر بە ھەڤاڵی ھاوسەرۆك لاهور بوو یان بەرانبەر هەموو گەلی كوردستان؟ كێ هەبوو لەم وڵاتەدا دڵی نەشكێت، چی كوردێك ئازاری نەبینی بەهۆی خیانەتی شەنگال و ڕیفراندۆمە شومەكە. كەواتە كەسێك ئەم كارەی كردبێت، داوای لێبوردنێك لە ئێزیدییەكان و هەموو میللەتی كورد قەرزارە، ئەگەر ئەمە ڕوویدا ئەوكات لای ھەڤاڵ ھاوسەرۆك لاهور دانیشتن و كۆبونەوەش ئاساییە".