ئاسایشی سلێمانی: بكوژانی دوو كەسەكەی چەق چەق دەستگیركران

13-03-2021 11:53

پەرەگراف

ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی سەرجەم ئەو كەسانەی ڕاگەیاند كە تەقەیان لە كۆگایەكی فرۆشتنی خواردنەوە كحولییەكان كرد لە ناوچەی چەق چەقی سلێمانی‌و بەهۆیەوە دوو كەس كوژران‌و دوو كەسی دیكە بریندار بوون.

ڕووداوەكە شەوی 11ی ئەم مانگە ڕوویداو لەلایەن چەند چەكدارێكەوە بە چەكی ئۆتۆماتیك دەستڕێژی گوللە لەو كۆگایە كرا كە دەكەوێتەسەر شەقامی گشتیی چەق چەق-قلیاسان.

ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ پەرەگراف نێردراوە دەڵێت "بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان تیمێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش پێكهێنرا لە بەشە پەیوەندیدارەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، دەستبەكار بوون‌و توانراوە تا 24 كاتژمێر تاوانباران دەستنیشان بكرێن".

ڕاگەیەندراوەكەی ئاسایش دەشڵێت "پاش وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش توانرا سەرجەمیان دەستگیربكرێن، بەو كەرەستەو ئۆتۆمبێلانەی تاوانەكەیان پێ ئەنجام دا بوو وە ڕوبەڕوی یاسا بكرێنەوە".

ئاسایشی سلێمانی، دانیشوانی شارەكە دڵنیا دەكاتەوە كە شەو و ڕۆژ لە خزمەتدا دەبن‌و تاوانبارانی ئەو جۆرە ڕووداوانە بە سزای دادپەروەرانە دەگەیەنن لە ڕێگەی یاساوە.