قادری حاجی عەلی: پاشەكشێی سیاسیی گۆڕان نائومێدیەكی گەورەی دروست كردووە

02-06-2019 07:48
قادری حاجی عەلی. وێنە؛ پەرەگراف


پەرەگراف

قادری حاجی عەلی بەهۆی بەشداری لە حكوومەت ڕەخنەی توند لە گۆڕان دەگرێت و دەڵێت: پاشەكشێی سیاسیی گۆڕان نائومێدیەكی گەورەی دروست كردووە و ئەم قۆناغەی تیایدا دەژین نسكۆیەكی سیاسی ‌و ئیداری ‌و ئەخلاقیشە.

لە گفتوگۆیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە چەند ڕۆژنامەنووسێك لەگەڵی سازیان كردووە، قادری حاجی عەلی، سیاسەتمەداری دیاری كورد و یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕۆشنایی دەخاتە سەر دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێم و نیگەرانی و نائومێدیی خەڵك لە حیزبەكان.

قادری حاجی عەلی كە خۆی وەك "سیاسییەكی سەربەخۆ" ناساندووەو دەڵێت "سەر بە هیچ ئۆرگانێكی حیزبی نیم"، ڕەخنەی توند لە گۆڕان دەگرێت و لەبارەی بەشداریكردنی بزووتنەوەكە لە حكومەتدا دەڵێت "ئاسایی نییە لە كوردستاندا هەڵبژاردن جێگەی تەواوی گومان بێت و سەرلەبەری پڕۆسەكە بە ساختەكاری و خۆسەپاندن بە هێز بزانیت، كەچی پاشان لەبەر دەستكەوت و پلە و پۆست و ڕازیكردنی نوخبەیەك لە كادیری هەلپەرست و بێ‌ ئیش، ببیتە شەریكی ئەو حیزبانەی كە دەنگەكانیان خواردویت. نائاساییە بانگەشەی دامەزراندنی سیستمی دیموكراسی پەرلەمانی بكەیت، كەچی دەنگ بۆ سیستمێكی سەرۆكایەتی بدەیت".

ئەو كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان، پێی وایە "ئەمەی ئێستا لەناو گۆڕان ڕوو دەدات، پشتكردنە لە دەنگدەران و خەڵكی ئەم هەرێمە. لەوەی كە گۆڕان هەوڵێك بێت بۆ گۆڕانكاری ڕیشەیی، ئێستا ڕێگرە لە گۆڕانكارییەكان".


دەقی چاوپێكەوتنەكەی قادری حاجی عەلی

پ: با سەرەتا بەم پرسیارە دەست پێ بكەین، ناونیشانی سیاسیی ئێستای ئێوە چییە؟

قادری حاجی عەلی: من لەمڕۆدا وەك سیاسییەكی سەربەخۆ دەژیم ‌و سەر بە هیچ ئۆرگانێكی حیزبی نیم. گەرچی زۆربەی ژیانی خۆم لە خەبات ‌و كاری سیاسیدا بەسەر بردووە، بەڵام هەرگیز سیاسەتكردن بۆ من نەبووەتە پیشە، بەڵكو كەرەستەیەك بووە بۆ ئەوەی لە ڕێگایەوە ژیانی گەلەكەمانی پێ خۆش ‌و باش بكەم. هەر وەكو چۆن لەگەڵ هاوڕێكانمدا كاتێك لە شاخ خەباتی چەكداریمان دەكرد، لەپێناو چەند پرنسیپێكدا تێدەكۆشاین ‌و ئەوەندەی بیرمان لە شەهیدبوون دەكردەوە، هێندە بیرمان نەدەكردەوە ڕۆژێك لە ڕۆژان ببین بە سەرۆكی حكومەت ‌و سەرۆكی پەرلەمان ‌و وەزیر، ئاوهاش كە بزووتنەوەی گۆڕانمان دامەزراند، بیرمان لە دەستكەوتی شەخسی ‌و بەرژەوەندیی خێزانی نەدەكردەوە. ئێستاش ئەوەی بەردەوامی بە ژیانی من لە سیاسەتدا دەدات، ڕاستگۆیبوونە بەرامبەر بەو ئایدیا ‌و پرنسیپانەی كە كاتی خۆی بزووتنەوەی گۆڕانمان لەپێناویدا دامەزراند.

پ: ئەم قۆناغە كە هەندێك بە قۆناغی تاریك ‌و نائومێدكەر ناوی دەبەن، ئێوە ناوی دەنێن چی؟

قادری حاجی عەلی: لە مێژووی نزیكی ڕاپەڕین ‌و شۆڕشەكانی كورددا، شكستی كاتی ‌و سەركەوتنی كاتیش تۆمار كراون. كاتێك لە 1975دا شۆڕش بڵاوەی پێ كرا، هەندێك بە ئاشبەتاڵ، هەندێكی تر بە نسكۆ لەقەڵەمیان دەدا. ئەم دۆخەش سەرەنجام تێكشكان ‌و بێئومێدییەكی گەورەی لەناو كۆمەڵگای ئێمەدا دروست كرد، چونكە هەم شكستێكی سیاسی ‌و هەم شكستێكی چەكداری بوو. لە ساڵی 1988یشدا پاش پرۆسەی ئەنفال، جارێكی تر ڕووبەڕووی كارەساتێكی مرۆیی ‌و سیاسیی گەورەتر بووینەوە، كە هەندێ‌ كەس بە ئاشبەتاڵی چەكداری ناویان ناوە، بەڵام چونكە ئیرادە هەبوو، هێزی بەرگری ‌و شۆڕش لە هەردوو جارەكەدا هەستایەوە‌و ئەم ئەزموونەی دروست كرد كە ئێستا لەبەردەستماندایە. لە دوای فەشەلی حوكمڕانیی یەكێتی ‌و پارتی ‌و نائومێدبوونی هاونیشتمانییان لەم دوو دەسەڵاتە، كۆمەڵگای ئێمە هێزی بەرگریی نوێی دروست كرد كە لە ڕووە سیاسییەكەیەوە لە بزووتنەوەی گۆڕاندا بەرجەستە بوو. بێگومان لەم قۆناغەشدا پاشەكشێی سیاسی گۆڕان نائومێدیەكی گەورەی دروست كردوە، بەڵام بڕوای تەواوەتیمان بەوەیە كە ئەمەش دوا قۆناغی مێژووی خەبات ‌و بەرگریی كۆمەڵگای ئێمە نابێت بۆ ئازادی ‌و دادپەروەری.

بە ڕای من ئەم قۆناغەی ئێستا تیایدا دەژین، نسكۆیەكی سیاسی ‌و ئیداری ‌و ئەخلاقیشە. لە باشترین حاڵەتدا دەتوانیین بڵێین پاشەكشێیەكی تەواوە لە دیموكراسی، گومان خستنە بۆ سەر خەباتی پەرلەمانی بۆ دامەزراندنی سیستمێكی دیموكراسی، سەركێشانێكە بۆ ناو قۆناغی سیستمێكی بنەماڵەیی سوڵتانی. ئەوەی هەستی پێ دەكرێت دیاردەی نەمانی جیاوازییە لە گوتاری سیاسیی حیزبەكاندا، لاوازبوونی بڕوا ‌و متمانەی خەڵكە بە هەڵبژاردن ‌و دەرەنجامەكانی. جێگاگرتنەوەی بەرژەوەندییە گشتییەكانە بە دەستكەوتی شەخسی ‌و پۆست ‌و پایە بۆ خێزانە سیاسییەكان ‌و منداڵ ‌و خزم ‌و كەسوكاریان. بێئەرزشكردنی گرنگترین دەزگای سیستمی دیموكراسییە كە پەرلەمانە لە ڕووی چۆنایەتی ‌و چەندایەتی و هەیبەت ‌و توانایەوە. وێرانكردنی ئینتیمای هاووڵاتیانە بۆ نیشتمانەكەیان. ڕۆچوونی ڤایرۆسی گەندەڵییە بەناو هەناوی هەموو دامەزراوەكان لە سەرەوە بۆ خوارەوە و زۆر شتی تریش. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم نەهامەتییانەدا، هەست دەكەم خەڵك وەك شكستەكانی پێشوو ئیرادەی هەستانەوەی هەیە. بایكۆت ‌و سزادانی حیزبەكان لە هەڵبژاردندا ئەم ڕاستییە دەردەخەن كە ئەمڕۆ بە بایكۆتی دەنگ، سبەینێش بە یاسا یان بە هەر ئامرازێكی تری مەدەنی، سزایان دەدەن.

پ: بە بەشداریی بەشێك لە هێزە سیاسییەكان لە حكومەتدا، ئایندەی حوكمڕانی لە كوردستان چۆن دەبینیت؟

قادری حاجی عەلی: ئاساییە لە وڵاتێكی دیموكراسیدا بە توانا و بەركەوتەی دەنگی خۆت و بە جێگیركردنی بەرنامەكەت یان بەشێكی بەرنامەكەت لە حكومەتدا بەشداری بكەیت. بەتایبەت كە بەرنامەی حكومەتی نوێ‌ لەگەڵ پرنسیپی حیزبەكەت ‌و دروشمەكانی بەرنامەی هەڵبژاردنەكەتدا بگونجێ‌. هەموو حیزبێك كە دەچێتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، بە نیازی ئەوەیە كە دەسەڵاتی هەبێت ‌و پرۆژەكەی یان بەشێكی جێبەجێ‌ بكات، دەنا دەبێتە ئۆپۆزسیۆن. ئەمە لە كاتێكدا ئاساییە و دروستە كە پرۆسەی هەڵبژاردن دوور لە ساختەكاری بەڕێوە بچێت و سەرەنجامی هەڵبژاردنەكە لای هەموان پەسەند بكرێت. ئەوەی ئاسایی نییە لە كوردستاندا هەڵبژاردن جێگەی تەواوی گومان بێت و سەرلەبەری پرۆسەكە بەساختەكاری و خۆسەپاندن بەهێز بزانیت و پاشان لەبەر دەستكەوت و پلە و پۆست و ڕازیكردنی نوخبەیەك لە كادیری هەلپەرست و بێ‌ ئیش، گومان لەسەر ناڕەوایی پرۆسەكە هەڵبگریت و ببیتە شەریكی ئەو حیزبانەی كە دەنگەكانیان خواردویت و هەزار و یەك ڕەخنەت لێیان هەبووە. ئەوە نائاساییە بانگەشەی دامەزراندنی سیستمی دیموكراسی پەرلەمانی بكەیت، كەچی دەنگ بۆ سیستمێكی سەرۆكایەتی بدەیت. بانگەشەی بەدامەزراوەیی كردنی دەوڵەت بكەیت، بەڵام لەناو ماڵەكەی خۆتدا بەهایەك بۆ دامەزراوەكانت نەهێڵیتەوە و لە دەرەوەی ئەوان بازنەی بڕیاری سیاسی دروست بكەیت. ئەوە نائاساییە كە ئەزموونێكی زۆر تاڵ و تفتت لە كابینەی پێشوودا لەگەڵ هەمان حیزبدا هەبێت و بە ناشرینترین شێوە لە حكومەت و پەرلەمان وەدەری نابیت، بەڵام خاوەن ماڵێتیان قبووڵ بكەیت. ڕێكخەرە گشتییەكەت بە تۆمەتی تیرۆر تا ئێستا لە دادگا داواكراو بێت، تۆش بچیتەوە سەر هەمان دامودەزگای ئەو حكومەتە. خەڵكەكەی خۆت سزای قورست بدات و دەنگت نەداتێ‌، بەڵام یەك كەس تەحەمولی ئەم شكستە نەكات و دەست لە كار نەكێشێتەوە، بە پێچەوانەوە دەنگە ڕەخنەییە ڕاستەقینەكان و ناڕازییەكانی خۆت سزا بدەیت. ئەوە نائاساییە كە سوور بزانیت موجامەلە و پێدانی پۆست زیاد لە قەبارە و ئیستیحقاقی خۆت، جۆرێكە لە بەرتیلی سیاسی بۆ پێ‌ خزاندن، بەڵام بچیتە ژێر باری داواكارییە قەبەكانی دەسەڵاتەوە.

پ: گۆڕان لەكوێی ئەم هاوكێشانەی ئێستادایە، قسەتان لەسەر شووناسی سیاسی و وەزیفەی مێژوویی چییە؟


قادری حاجی عەلی: گۆڕان ئێستا بەشێكە لەو دەسەڵاتە. ئەوەی گۆڕان لەپێناویدا دامەزرا‌و خەڵكێكی زۆریش قوربانیی بۆ دا، چاككردنی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بوو، نەك پلە و پۆست و ئیمتیاز دۆزینەوە. ئێمە ئەم بزووتنەوەیەمان دروست نەكردووە بۆ ئەوەی چەواشەی خەڵك بكات، بەڵكو بۆ ئەوە بوو ڕاستگۆیانە خەڵك لەگەڵ سیاسەت ئاشت بكاتەوە، ببێتە زمانحاڵی زوڵملێكراوەكانی هەرێمی كوردستان. ئەمەی ئێستا ڕوو دەدات پشتكردنە لە دەنگدەرانی گۆڕان و خەڵكی ئەم هەرێمە. لەوەی كە گۆڕان هەوڵێك بێت بۆ گۆڕانكاری ڕیشەیی، ئێستا ڕێگرە لە گۆڕانكارییەكان.

پ: ناكۆكییە جەوهەرییەكان لە گۆڕاندا چین؟ دەكرا بزووتنەوەكە بەم دۆخەی ئێستا نەگەیشتایە؟

قادری حاجی عەلی: بە گشتی ناكۆكی لەسەر جۆری ئیدارەدان و دیاریكردنی سیاسەتی بزووتنەوەكە و ناڕوونی لە جۆری دروستكردنی بڕیارداندا لە بزووتنەوەكەدا، كەموكووڕی لە دەستووری ناوخۆی بزووتنەوەكەیە. وازنەهێنان لە تەكەتول و سەركردن بە یەكدا، سیاسەت كردن بۆ سیاسەت نەك بۆ گۆڕانكاری، دروستكردنی هەندێ‌ كەسی بێ‌ ئیرادە و ڕیاكەر لە دەوری سەركردەكان.

كاتی دامەزراندنی كۆمپانیای وشە و پاشان بزووتنەوەی گۆڕان، ڕەنگە هەندێك جیاوازیی لاوەكی لە بۆچوونماندا هەبووبێت لەگەڵ خوالێخۆشبوو كاك نەوشیرواندا، بەڵام دوو مەسەلەی زۆر گرنگ هەبوو كە هەموومان لەسەری كۆك بووین، هەمیشە بەڕێزی دووپاتی دەكردەوە كە خەباتی بۆ بكەین: یەكەمیان دژایەتی گەندەڵی لە كوردستاندا. دووەمیان ڕێگە نەدان بە بنەماڵە و بە خێزانبوونی سیستم و سیاسەت بە گشتی لە كوردستاندا. زۆر بە داخەوە كە ئێستا لە هەموو حیزبێك زیاتر ئەم دیاردانە بە گۆڕانەوە دیارە. ئەمەش ناكۆكیی جەوهەریمانە لەگەڵ گۆڕانی ئێستا.

لە كۆتاییشدا ڕێككەوتنی ژێربەژێری دەستەیەكی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسا و بڕیارانەی لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارانە بۆ زیاتر خۆسەپاندن، نەك بۆ دژایەتی گەندەڵی و دروستكردنی حكومەتی هاووڵاتیان، جگە لەوەی دەستكەوتی ئابووریی نوخبەیەكی بەرژەوەندیخوازی ناو گۆڕانە بۆ بەرجەستەكردنی پایەكانی تەوریسی سیاسی. ئەمە هەموی دوور لەئیرادە‌و بڕیاری جڤاتەكانی گشتی‌و نیشتیمانی‌و هەتا خانەی ڕاپەڕاندنیش كراوە.

پ: كێشەی مووچە بۆچی چارەسەر ناكرێت، لە كاتێكدا ئومێدێكی گەورە لەسەر ئەوە هەڵچنرابوو دوای ناردنی پارە لە بەغداوە كۆتایی بەم كێشەیە بێت؟

قادری حاجی عەلی: وا چاوەڕوان دەكرا كە ئەو پارەیەی لە بودجەی عێراق تەرخانكرابوو بۆ هەرێمی كوردستان، كێشەی مووچە چارەسەر بكات، دیارە بە هیمەتی زۆری پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا توانرا كە ئەو بەشە بودجەیە لە یاسای بەدجەی ئەمساڵی عێراقدا جێگیر بكرێت لە بەرامبەر ڕادەستكردنی نەوتدا، كە لە ڕاستیدا حكومەتی عێراق تەنها داوای 250 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێكدا كردووە، لە كاتێكدا ئەوان لە ئێمە باشتر دەزانن كە بەرهەمهێنان لە كوردستاندا بە ئاشكرا ‌و دزییەكانەوە زۆر لەوە زیاترە.

لە سەرەتای ساڵەوە بەغدا باپەندبوونی خۆی بە ناردنی بەشە بودجەی كوردستان جێبەجێ‌ كردووە، بەڵام لێرە حكومەت نە دەتوانێ‌ مووچە خوراوەكان قەرەبوو بكاتەوە، نە چارەنووسی پاشەكەوتەكانیش دیاری دەكات، بەڵكو ئەو پارەیەی كە دێت وەك خۆیان دەڵێن دەدرێتەوە بە قەرزی كۆمپانیا و وڵاتەكان. بە بۆچونی من خەلەلەكە ئا لێرەدایە، هەرگیز نە ئێمەی خەڵكی هەرێم نە حیزبەكانیش نە بەغدایش، نازانیین ئەم هەموو قەرزە چییە كە دەبێت تا چەندین ساڵی تریش گیرۆدەی دانەوەی بین. لێتان ناشارمەوە پێشتریش لە چاوپێكەوتنێكدا پار ساڵ گوتوومە گومانی تەواوم هەیە كە ئەو قەرزانەی باس دەكرێت كە گوایە لەو وڵات ‌و كۆمپانیایا ‌و بانكانە كراوە، نەك هەر ناشەفاف ‌و ناڕوونە ‌و دوور لە هەموو چاودێرییەكی پەرلەمان كراوە، بەڵكو ئەمڕۆش هیچ بەرهەمێكی دیار نییە كە بۆ خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان بەكار برابێت، تەنها خۆیان ‌و خوا دەزانێ‌ كە چوونەتە حسابی كێ‌ ‌و لە چ كەناڵێكی تاریكدا ون كراوە. ئێستا ئێمە وەك هاونیشتمانیانی ئەم هەرێمە، دەبێت ئەو قەرزە بدەینەوە، لەبەر ئەوە هەتا ئەم قەرزە نادیارە تەواو نەبێت ‌و پڕنەكرێتەوە، نە پارەی هەرێم ‌و نە هی عێراقیش ناچێتە خزمەتی هاوڵاتیانەوە.

جگە لەوەی 250 هەزار بەرمیلەكەش نانێرن، جگە لە ناشەفافیی هەموو داهاتەكانی تریش، جگە لە هەموو مەسرەفە قورسەكانی لێپرسراوان ‌و دەزگاكان، جگە لە تەخشان ‌و پەخشان كردن بۆ حیزب ‌و میدیا زەبەلاح ‌و دامەزراوەكانی تری، جگە لە مەسرەفی حیمایە ‌و میوان ‌و سەفەر كە مانگانە بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێت. كەواتە چۆن مووچە ‌و خزمەتگوزاری دابین دەكرێت؟!!

پ: كێشەكانی نێوان هەرێم ‌و بەغدا بۆچی وەك نەخۆشییەكی درێژخایەنی لێهاتووە ‌و چارەسەر ناكرێت؟

قادری حاجی عەلی: كێشەكانی هەرێم ‌و بەغدا زۆرن كە بێ‌ چارەسەر ماونەتەوە، بەڵام گرنگترینیان ساغكردنەوەی كێشەی ناوچە دابڕێنراوەكانە، بەتایبەتی كەركووك. ئاشكرایە كە سیاسەتی حكومەتەكانی عێراق پێش پرۆسەی ئازادی، ساسەتێكی نەتەوەپەرستانە بووە، ئەوەی پێیان كرا، كردیان بۆ گۆٍینی دیمۆگرافی كەكووك، بەڵام دوای 2004 بارودۆخێكی وا هاتە پێش كە دەكرا لە هەندێ‌ قۆناغدا چارەسەر بكرێت، یان تا ڕادەیەكی باش ناكۆكییەكان كەم بكرێتەوە، وەك لە كاتی نووسینەوەی دەستوور ‌و دامەزراندنەوەی حكومەتی عێراق كە كورد باڵادەست بوو، خاوەن پشتیوانییەكی نێونەتەوەیی گەورە بوو، یان لە كاتی دەركردنی داعش ‌و كەوتنە دەستی ئەو ناوچانە بۆ ژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگە.

لە حاڵەتی یەكەمدا بەشێوە دبلۆماسییەكەی دەتوانرا لە ڕێگا یاساییەكەیەوە فشار بكرێت بە ماددەی 140 كە لە دەستووردا دیاری كرابوو. لە حاڵەتی دووەمیشدا بە بوونی سیاسەتێكی تەندروستیی هەرێم لەو ناوچانە كە وا بكات نەك تەنها كورد بەرگری لە دەسكەوتنەكانی بكات، بەڵكو عەرەب ‌و توركمان ‌و كلدانی ‌و ئاشووری هەموو پێكهاتە ناڕازییەكانی تر، بە موڵكی خۆیان بزانیایە ‌و بەرگرییان لێ بكردایە، نەك تەنها موڵكی پارتی ‌و یەكێتی بێت. بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا ناكۆكیی نێوان هەردوو حیزبە فەرمانڕەواكەی كوردستان لەسەر نفوز ‌و دەسەڵات ‌و نەوت لە كەركووك ‌و ناوچەكانی تر، نەك تەنها پێگەی هەرێمیان لاواز ‌و بێبەها كرد، بەڵكو دانیشتووانی ئتنی ‌و ئایینی جیاوازی ئەو ناوچانەشیان لە سیاسەتی ئەم دوو حیزبە نائومێد كرد، كە وەك سیاسەتی كورد تەماشایان دەكرد.

ڕاستییەك هەیە دەمەوێت زۆر بە ڕاشكاوانە بیڵێم، كێشەی كەركووك دوای پرۆسەی ئازادی ئەوەندەی كێشەی نێوان پێكهاتە سیاسییەكانی كورد خۆیەتی، هێندە كێشەی هەرێم ‌و پێكهاتە نەتەوەیی ‌و ئایینییەكان نییە، هێندە كێشەی ململانێی پارتی ‌و یەكێتیە بۆ بەتاڵان بردنی سامان ‌و داهات، هێندە كێشەی سیاسیی هەرێم ‌و بەغدا نییە. دڵنیام گەر ڕۆژێك پارتی ‌و یەكێتی بە یەكگرتوویی ‌و یەكدەنگی داوای چارەسەری كێشەكەیان بكردایە، زۆر باش دەیانتوانی لەگەڵ بەغدا یەكلای بكەنەوە، تا ئێستا كە لە ڕووی سەربازییەوە لە دەستیشمان داوە، شەڕ لەسەر دەسكەوتێكی ئایندەیی وەهمی ‌و خەیاڵی دەكەن، لە كاتێكدا هەموو جومگەكانی ئەو ناوچانە بەدەست بەغداوەیە، كەچی شەڕ لەسەر دانانی پارێزگارە كە خوا دەزانێت ئەگەر داشبنرێت لەم بارو دۆخەدا دەتوانێ‌ پارێزگاری شارەكە بێت یان نا.

بێ‌ دوودڵی دەڵێم كێشەی ئەو ناوچانە دەرەنجامی نەبوونی مۆدێلێكی سیاسی ‌و ئابووری ‌و كلتووریی ئەم دوو حیزبە بوو بۆ بونیادنانی پێكەوەژیانێكی دادپەروەرانە لە نێوان پێكهاتە نەتەوەیی ‌و ئایینییەكان لەگەڵ یەكتر، كە هیچ پێكهاتەیەك هەست بەخۆكەمبینی و چەوسانەوە ‌و غوبن نەكات. بۆیە كێشەی نەگەڕانەوەی كەركووك ‌و ئەو ناوچانە، بەرهەمی ئەم شكستە سیاسی ‌و ئیداری ‌و سەربازییەیە كە لە پاش ڕیفراندۆم قووڵتر بووەتەوە، نەك تەنها كێشەی ڕەگەزپەرستی ‌و تائیفی، بێگومان هەر ئەم ئیفلیجی ‌و شكستە سیاسی ‌و ئیدارییەی یەكێتی ‌و پارتی بوون كە وای كرد وڵاتانی دراوسێ‌ زیاتر بێنە ناو كێشەی كەركووكەوە و ببن بە هۆكارێكی تێكدان ‌و چارەسەر نەكردن.

پ: چ ئومێدێك دەبینن لەو نائومێدیەی ئێستا باڵی بەسەر بارودۆخی هەرێمدا كێشاوە؟

قادری حاجی عەلی: ڕاستە نائومێدییەك باڵی بەسەر بارودۆخی هەرێمدا كێشاوە، خەڵكی متمانەیان بە هەڵبژاردن، پەرلەمان، حكومەت، دادگاكان، حیزبەكان...هتد، زۆر لاواز بووە. وا هەشت مانگ تێپەڕی كەچی لەبەر ململانێی حیزبی ‌و تەكەتولاتی ناو حیزبەكان خۆیشیان لەسەر دابەشكردنی پۆست ‌و ئیمتیازات، ئەم حكومەتە دانامەزرێت. ئەگەر لە 28 ساڵی ڕابردووشدا دەسكەوتێك لە ڕووی سیاسییەوە بەدی هاتبێت و چەند هەنگاوێك بەرەو دیموكراسیەت نرابێت، بەڵام ئێستا نەك تەنها مەترسیی لەدەستدانی ئەو دەستكەوتانە هەیە، بەڵكو مەترسیی پایەداركردنی مۆدێلێكی نوێ‌ بە دەسەڵاتگەرایی بنەماڵەیی ‌و خێزانی لەئارادایە كە لە نووسینەوەی دەستوور یەكلا بكرێتەوە.

هەر چاودێرێكی سیاسی ڕەخنەگر تەماشای مێژووی پەرلەمان بكات، ئەو ڕاستییە دەبینێت كە خول بە خول پەرلەمانی هەرێم بەرەو لاوازكردن ‌و لەدەستدانی هەیبەتی دەبرێت، لە كاتێكدا پەرلەمان دڵی زیندووی سیستمی دیموكراسییە. سەیرە لە خولی یەكەمی پەرلەماندا كەسانی زۆری خاوەن پسپۆری یاسایی ‌و ئابووری ‌و هەتا سیاسیی دەسەڵاتدار لە سەرۆكی حیزبەكان ‌و مەكتەبی سیاسسییەكانی تێدا بوو، بەڵام ئێستا لەگەڵ هەموو ڕێزێكم بۆ ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران، لە ئێستادا دەزگای پەرلەمان بووە بە جێگەی دۆزینەوەی هەلی كار بۆ بێئیشەكانی حیزب. كاتێك ئەمە دەڵێم، ئەو ڕاستییەش دەزانم كە هەندێكی كەمیان شارەزایی باشیان هەیە ‌و جێگەی سوود ‌و ڕێزن بۆ هەرێم... زۆر شتی تر هەیە كە جێگەی بەراورد كردن نەماوە.

بەڵام لە هەموو ئەم كەموكووڕییانەدا، لە دەرەوەی ئەم دەزگا ‌و حیزبانەدا هەست بە ئیرادەیەكی بەهێز بۆ خەمخواردن لە چارەنووسی ئەم هەرێمە دەكەم. بایكۆتكردنی سەروو لە 50%ی خەڵك ‌و دەنگ نەدانیان بەو حیزبانە، دوو دیاردەی پۆزەتیڤی لێ دەخوێنرێتەوە، یەكەم: بەبێ‌ جیاوازی لە نێوان حیزبەكانی دەسەڵات ‌و ئۆپۆزسێۆندا، خەڵك بە دەنگنەدانیان سزای هەموو حیزبەكانیان دا، پێیان وتن كە لە ئێوە ناڕازین ‌و حوكمی ئەم وڵاتەتان پێ‌ ناكرێت. دووەم: ئەوانەشی كە بایكۆتیان كرد سەرەڕای ئەوەی كە دەنگیان نەدا بە حیزبەكانی خۆیان، دەنگیشیان بۆ حیزبەكانی تر نەبوو، واتا تەواو بێزار ‌و نائومێدن لە هەموو سیاسەت ‌و سەركردەكانی هەموو حیزبەكان.

ئێمە خۆمان بە بەشێك لەم كۆمەڵگەیە و ئەو بارودۆخە دەزانین، ئیرادەی ئەوەمان ماوە كۆمەڵگاكەمان هەر شتێكی پێویست بێت بۆ گۆڕانكاری و باشكردن، بە دڵنیاییەوە ئەوە دەكەین.

كۆی ئەمانە نیشانەی ئەوەن كە هۆشیاریی دەنگدەر بەرەو سەرەوە چووە ‌و چیتر دەنگی خۆی ناداتەوە بە حیزبێك كە نوێنەرایەتیی نەكات ‌و لەگەڵ پرنسیپ ‌و دروشمەكانی خۆیشیدا ڕاستگۆ نەبێت. چیتر دروشمی بریقەدار و كوردایەتی موزەیەف ‌و فڕۆشتنەوەی خەباتی شۆڕشگێڕی ‌و قودسیەتی هیچ كەس ‌و بنەماڵەیەك نابێت دەنگدەر بگەمژێنێت ‌و هەڵخڵەتێنێ‌.

بۆ من جێگەی ئومێد و دڵخۆشییە كە ئیرادەیەكی پۆزەتیڤ ماوە، یاخیبوون لەپێناو حەق ماوە، هۆشیارییەكی ڕەخنەگرانە لەبرەودایە كە دەكرێت ئەمڕۆ بێت یان سبەی، ئەو خەڵكە ئەڵتەرناتیڤێكی باشتر بدۆزێتەوە ‌و متمانەی پێ بكات.

خۆشبەختانە هەم ویژدانی زیندوو لەناو هەموو چین و توێژەكان و هەتا لەناو حیزب و ڕێكخراوەكانیشدا ماوە، هەروەها ڕۆشنبیری هۆشیار و بەتوانا و دڵسۆز ماوە كە دەتوانن كاریگەرییەكی باشیان لەسەر زیهنیەتی خەڵك هەبێت و ببنە بەشێكی گرنگ لە مانەوەی ڕووحی بەرگری و گۆڕانكاریدا.