مانگێك بەسەر سزادانیان تێدەپەڕێت؛ كەس ئاگای لە ڕەوشی تەندروستیی سزادراوان نییە

14-03-2021 05:41

پەرەگراف

نزیكەی یەك مانگە كەسوكار و پارێزەرانی سزادراوانی بادینان ئاگایان لە ڕەوشی تەندروستیی پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكە نییە. كەسوكاریان بۆ پەرەگراف باس لەوە دەكەن كە "ئاسایش ڕێگە بە دیدار و پەیوەندیی تەلەفۆنی" لەگەڵ سزادراوەكان نادات. پارێزەرێكی دۆسیەكەش دەڵێت "ئاسایش خۆی لە سەروو یاساوە دەبینێت".

پاش سزادانی پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان یەكی بە شەش ساڵ زیندانیكردن لە ڕۆژی 16-2-2021، لە 17 تا 20ی مانگ ئەو سزادراوانە لە زیندانەوە پەیوەندیی تەلەفۆنییان لەگەڵ كەسوكاریان ئەنجام دا و بەشێكیان باسیان لەوە كردبوو كە مانیان لە خواردن گرتووە.

ڕووگەش عیززەدین، هاوسەری شێروان شێروانی، بۆ پەرەگراف وتی "لە ڕۆژی 20-2-2021ـەوە كە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیمان ئەنجام دا، قسەم لەگەڵ شێروان نەكردووە و نەیشم بینیوە".

ڕووگەش دەڵێت "ئێمە و پارێزەرەكانیش هیچ ئاگاداری ڕەوشی شێروان و دەستگیركراوەكانی دیكە نین".

هەروەها ئەیهان سەعید، برای شڤان سەعید، بە پەرەگرافی وت "ڕۆژێك پاش سزادانیان لە 17-2-2021 كە تەلەفۆنیان كرد، لەو كاتەوە ئاگامان لە ڕەوشی تەندروستیی زیندانیكراوەكان نییە. بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە كەسوكار، پارێزەرەكان و پەرلەمانتاریش نادرێت زیندانییەكان ببینن".

ئەیهان سەعید ئاماژەی بەوەش كرد كە "ئەوكات زیندانییەكان وتیان مانمان لە خواردن گرتووە، ئێمە ئێستا نازانین ڕەوشی تەندروستییان چۆنە و بەردەوامن لە مانگرتن یان نا".

كەسوكاری ئەیاز كەرەمیش ئاگایان لە ڕەوشی كوڕەكەیان نییە و برایەكی ئەو چالاكە بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "لە دوای دادگاییكردنیانەوە یەك جار پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ ئەنجام داوین، دوای ئەوە ئاگامان لە ڕەوشی نییە".

جەرگیس كەرەم، برای ئەیاز كەرەم، پێی وایە هەوڵیش بدەن بۆ بینینی براكەی "سوودی نییە، چونكە ناهێڵن بیبینین".

هەفتەی ڕابردوو دەستەیەك لە پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیكراوانی بادینان هەوڵیان دابوو ڕۆژنامەنووس و چالاكە سزادراوەكان ببینن، بۆ ئەو مەبەستە سەردانی ئاسایشیان كردبوو، بەڵام ڕێگەیان پێ‌ نەدرابوو.

محەمەد عەبدوڵڵا، پارێزەری شێروان شێروانی، بۆ پەرەگراف دەڵێت "پارێزەر كە ڕێگەپێدانی دادوەری هەبوو، هەر كاتێك بیەوێت دەتوانێت موەكیلەكەی ببینێت، بەڵام ئاسایش خۆی لە سەروو یاساوە دەبینێت و ڕێگە نادات بیانبینن".

چەند ڕۆژێكە كەیسی سزادراوانی بادینان ئاراستەی دادگای پێداچوونەوەی هەولێر كراوە. ئەیهان سەعید دەڵێت "ئێمە چاوەڕوانی بڕیاری دادگاین، ئەوكات مامەڵە لەگەڵ بڕیارەكە دەكەین. ئەگەر باش بوو، شوكرین، ئەگەر باشیش نەبوو شەڕی خۆمان دەكەین".

ئاسایشی گشتیی هەولێر لە ڕێگەی داواكاری گشتییەوە دۆسیەیەكی دیكەی لە دژی شێروان شێروانی جووڵاندووە كە "گوایە ڕۆژی 16-2-2021 كە ڕۆژی دادگاییكردنی شێروان و هاوڕێكانی بووە، لە كاتێكدا كە شێروان بەرگریی لە خۆی كردووە، ناوزڕاندنی بە ئاسایش كردووە". پارێزەرەكانی دۆسیەكە ئەم تۆمەتە ڕەت دەكەنەوە.

ڕۆژی 28-2-2021 شێروان شێروانی لە كاتی وەرگرتنی وتەی لەسەر سكاڵا نوێیەكەی ئاسایش، لە ڕێگەی پارێزەرێكەوە پەیامێكی ئاراستەی بەرگریكاران لە دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینانی كردبوو و وتبووی "ئێمە ورەمان زۆر بەرزە و بەردەوامین لە مانگرتن، پشت بە خوا و بە ئێوە. ئێوەش لە هەوڵی خۆتان بەردەوام بن".

كامەران سارمەمی، ئەو پارێزەرەی كە لە كاتی بردنی شێروان شێروانی بۆ بنكەی پۆلیسی خانەقا لەوێ‌ بووە، شێروانی بینیوە و پەیامەكەی لێ‌ وەرگرتووە، لەبارەی دۆخی تەندروستیشیەوە دەڵێت "شێروان جەستەی زۆر لاواز بووە، بەڵام ورەی زۆر بەرز بوو".

ڕۆژی 16-2-2021، دادگای دووی تاوانەكان لە هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەر پێنج كەس لە چالاك و ڕۆژنامەنووسانی بادینان (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید)دا سەپاند.

ئەو بڕیارەی دادگا ناڕەزایی توند و بەرفراوانی لەناو كەسوكاری دەستگیركراوان و ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتیانیش لێ‌ كەوتەوە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ڕاكخراوەكانی مافی مرۆڤ و وڵاتان هاتوونەتە سەر هێڵ.

ڕۆژی 25-2-2021یش دادگای پێداچوونەوەی هەولێر داواكاریی پێداچوونەوە بە سزادانی ئەو چالاك و ڕۆژنامەنووسانەی وەرگرت كە لەلایەن دەستەیەك لە پارێزەرانی ئەو دەستگیركراوانەوە پێشكەش كرا.

* ئاسایش سكاڵایەكی نوێی لەسەر شێروان شێروانی تۆمار كرد

* چاوەكان لەسەر دادگای پێداچوونەوەن؛ لەبارەی ڕۆژنامەنووس و چالاكانی بادینانەوە چ بڕیارێك دەدات؟

دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بە سزای ڕۆژنامەنووس و چالاكانی بادیناندا دەچێتەوە

* سزادراوانی بادینان "چوار ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە" و شوێنیان لە زیندان "خراپە"

* سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق "ڕێگرە لە دروستكردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە" بۆ دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان

* سی پی جەی بۆ پەرەگراف: سزادانی ڕۆژنامەنووسانی بادینان ناڕەوایەو بەڵگەكان جێی باوەڕ نین

* دەستگیركراوانی بادینان؛ ئەو دۆسیەیەی هەمووان بیستیان و كەس زانیاریی لەسەری نییە