دوای 33 ساڵ؛ بریندارانی كیمیاییبارانی هەڵەبجە سییەكی نوێ‌و گلێنەی چاویان دەوێت

16-03-2021 05:25
وێنەگران لەكاتی گرتنی وێنەی عومەری خاوەر، سیمبولی شەهیدانی كیمیاییبارانی هەڵەبجە.

پەرەگراف

تا ئێستا برینی زۆرێك لە بەركەوتووانی كیمیاییبارانی هەڵەبجە ساڕێژ نەكراوە. ئەوان پێویستیان بە سییەكی نوێ‌ بۆ هەناسەدان و چاندنی گلێنەی چاو هەیە. بەشێك لە كەسوكاری شەهیدانیش تا ئێستا زەوییان وەرنەگرتووە. هەندێكیش بەهۆی وەرنەگرتنی پێشینەی خانووبەرەوە "خێزانەكانیان لێك جیا بوونەتەوە"، ئەمە بەشێكە لە دۆخی خراپی ژیان‌و گوزەرانیان دوای 30 ساڵ لە كیمیاییباران‌و مەرگەساتی هەڵەبجە.

ئەمڕۆ 33 ساڵ بەسەر كارەساتی كیمیاییبارانكردنی شاری هەڵەبجە تێدەپەڕێت كە هەزاران شەهید و برینداری لێ‌ كەوتەوە.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی چەكی كیمیایی لە شاری هەڵەبجە، بۆ پەرەگراف باسی لە دوایین ئاماری قوربانیانی كارەساتەكە كرد و وتی "پێنج هەزار شەهید و 972 بەركوتووی كیمیاییباران هەن، خەڵكێكی زۆریش هەن تا ئێستا تۆمار نەكراون".

هەروەها تا ئێستا "67 خێزان داوای 119 منداڵی ونبوویان دەكەن" كە لە دوای كیمیاییبارانكردنی هەڵەبجە و ئاوارەبوونی دانیشتووانی شارەكە بۆ ئێران، لە كەسوكاریان دابڕاون.

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی چەكی كیمیایی لە شاری هەڵەبجە، باسی لە كێشەكانی كەسوكاری شەهیدان و بەركەوتووانی كیمیاییباران كرد و وتی "جێگای شەرمە 250 كەسوكاری شەهید هەن كە تا ئێستا زەوییان وەرنەگرتووە. دوای 33 ساڵ بریندارانی كیمیاییباران بە دوای پەیداكردنی چارەسەردا ڕادەكەن، كە ئەمانە شتی سەرەتایی و ئەركی حكوومەتن".

"ژمارەیەك لە كەسوكاری شەهید لەبەر ئەوەی سولفەكانیان ڕاگیراوە(پێشینەی خانووبەرە)، هاوسەرەكەی جێی هێشتووە و خێزانەكەیان لێك جیابوونەتەوە"، لوقمان عەبدولقادر وای وت.

ماوەی دوو ساڵە نەخۆشخانەی چارەسەری بەركەوتووانی كیمیاییباران لە شاری هەڵەبجە كراوەتەوە، بەڵام هێشتا "تەنیا بینایەكە" و نەخۆشخانەكە ئامێر و پێداویستیی پزیشكی، دكتۆری پسپۆڕ و دەرمانی بەردەوامی نییە".

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی چەكی كیمیایی باسی لەوەش كرد كە "هەموو بریندارێكی كیمیاییباران مانگانە 700 دۆلاری پێویستە بۆ دەرمان. برینداران پێویستیان بە چاندنی گلێنەی چاو هەیە".

كەمال جەلال، یەكێكە لە بەركەوتووانی چەكی كیمیایی، لە 33یەمین ساڵیادی كیمیاییبارانی هەڵەبجەدا بۆ پەرەگراف وتی "بە گشتی دۆخی برینداران باش نییە. لە 2007ـەوە هەندێك لە برینداران نێردران بۆ ئێران بۆ چارەسەر، بەڵام دواتر بەهۆی قەیرانەوە ئەوەش نەما".

ئەو باسی لەوەش كرد كە "ئێستا زۆرینەی بریندارەكان چارەسەریان لە ئێران نییە و پێویستیان بە نەشتەرگەرییە لە ئەڵمانیا".

ئەو بەركەوتووەی چەكی كیمیایی دەڵێت "زۆرینەمان پێویستمان بەوەیە سیەكانمان بگۆڕدرێت".

لە ساڵی 2012ـەوە سكاڵا دژی ئەو كەس و كۆمپانیایانە جووڵێندراوە كە دەستیان لە پێدانی چەكی كیمیایی بە ڕژێمی بەعس هەبووە كە لە كیمیاییبارانی هەڵەبجەدا بەكارهێنرا.

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە، هیوادارە لە ساڵی داهاتوودا هەوڵەكانیان بۆ ناساندنی تاوانەكە بێت لەسەر ئاستی دەرەوە، "نەك ئەم داواكارییە لۆكاڵییانەی كە دەبوو حكوومەت وەكوو ماف بۆ كەسوكاری شەهیدان و بەركەوتووانی دابین بكردایە".

لوقمان عەبدولقادر دەڵێت "تا ئێستا نزیكەی حەوت هەزار سكاڵامان تۆمار كردووە. بڕیار بوو لە 7-3 دانیشتنی دادگا هەبێت، بەڵام لەبەرئەوەی دادگای هەڵەبجە بۆ هەموو دانیشتنێك لەبەر كەمیی حاكمەكان گۆڕانكاریی دەكات، داوامان كردووە كەیسەكە بۆ دادگای سلێمانی بگوازرێتەوەو پەسەند كراوە، بڕیارە 20-6 دانیشتنی دادگا هەبێت. داوامان كردووە دادوەرێك بۆ كەیسەكە دیاری بكرێت تا كەیسەكە بڕیاری كۆتایی وەردەگرێت".