داواكاری گشتیی كۆماریی توركیا دۆسیەیەك بۆ "داخستنی هەدەپە" دەكاتەوە

18-03-2021 12:41

پەرەگراف

داواكاری گشتیی كۆماریی توركیا لە دادگای دەستووریی ئەو وڵاتە دۆسیەیەكی بۆ داخستنی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كردەوە، بۆ ئەو مەبەستەش تۆمەتنامەیەكی ئاراستەی دادگای باڵای دەستووری كرد.

داواكاری گشتیی كۆماری لە توركیا، تۆمەتی ئەوەی داوەتە پاڵ هەدەپە كە "وەك درێژكراوەیەكی" پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كار دەكات، كە پەكەكە لەلایەن توركیاوە بە "ڕێكخراوی تیرۆریستی" ناو دەبرێت.

بەكر شاهین، داواكاری گشتیی كۆماری لە توركیا، پاش بەرزكردنەوەی داواكارییەكە بۆ دادگای باڵای دەستووری، لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی "هەدەپە كاری بۆ لەناوبردنی یەكبوونی گەل و دەوڵەتی لێكدانەبڕاو كردووە".

"دەركەوتووە كە بەرپرسان و ئەندامانی پارتی دیموكراتی گەلان بە كردەوە و لە بەیاننامەكانیاندا دژی یاساكانیی جیهانی و دیموكراسی هەڵسوكەوتیان كردووە و پێكەوە لەگەڵ ڕێكخراوی پەكەكە و درێژكراوەكانی ئەو ڕێكخراوە جووڵەیان كردووە"، داواكاری گشتیی كۆماریی توركیا وا دەڵێت.

لە ڕاگەیەندراوی داواكاری گشتیی كۆماریی توركیادا هاتووە "دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەورووپا قبووڵی ئەوەی كردووە كە تەنانەت ئیدانە نەكردنی تیرۆر دەبێتە پاساوێكی قایلكەر بۆ داخستنی پارتە سیاسییەكان".

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بەهێزترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە توركیا و بەردەوام لەلایەن پارتی دەسەڵاتدار و هەندێك پارتى دیكەوە دژایەتی دەكرێت. هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارێكی دیكەی هەڵگیرا

پاش ئەوەی دادگای توركیا بە تاوانی "بانگەشەكردن بۆ ڕێكخراوی تیرۆریستی" سزای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیی بەسەر گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپەدا سەپاند، ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی توركیا مافی پەرلەمانتاریی لێ سەندەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە پاش هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەری، وتی "بڕیارەكە لە دەرەوەی یاسایە. پەرلەمان جێناهێڵم و بۆ هیچ شوێنێك ناڕۆم. پەنا دەبەمە بەر ئیرادەی گەلەكەمان".

هاوكات عەلی كەنعانئۆغڵو، ئەندامی فراكسیۆنی هەدەپە لە بازنەی ئیستانبووڵ، وتی "عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو ئیرادەی خەڵكە و لەبەر ئەوەی ڕاستییەكانی پاراستووە سزا دەدرێت".

لە دوای سەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری لە گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتارانی هەدەپە بە بەرزكردنەوەی دروشم و هاواركردن و لێدان لە مێزەكانی بەردەمیان، ناڕەزایەتییان بەرانبەر بڕیارەكە نیشان دا.