كودەتای سیاسی لە توركیا بۆ داخستنی هەدەپە؛ ئەمریكاو ئەوروپا دژی دەوەستنەوە

18-03-2021 07:55

پەرەگراف

پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) هەوڵەكان بۆ داخستنی بە "كودەتای سیاسی" ناو دەبات و داوا لە دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكان دەكات "خەباتی هاوبەش" لە دژی ئەو هەوڵانە بەرپا بكەن. ئەمریكاو ئەوروپاش هاتوونەتە سەر هێڵ و بە "ژێرپێخستنی ئیرادەی دەنگدەرانی توركیا" و "یاریكردن بە بناغەكانی دیموكراسی" وەسفی دەكەن.

ئەو كاردانەوانە دوای ئەوەدێن، لە درێژەی دژایەتییە بەردەوامەكانی دەسەڵاتدارانی توركیا بەرامبەر هەدەپە كە بەهێزترین پارتی كوردییە لەو وڵاتە، دوێنێ‌ داواكاری گشتیی كۆماریی توركیا لە دادگای دەستووریی ئەو وڵاتە دۆسیەیەكی بۆ داخستنی هەدەپە كردەوە، بۆ ئەو مەبەستەش تۆمەتنامەیەكی ئاڕاستەی دادگای باڵای دەستووری كرد.

نێد پڕایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "لە نزیكەوە چاودێریی ڕووداوەكانی توركیا و هەنگاوە نیگەرانكەرەكانی وەك هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار عومەر گەرگەرلیئۆغڵو و هەوڵی داخستنی هەدەپە دەكەین".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوای لە حكوومەتی توركیا كردووە كە "هاوتەریب لەگەڵ مافە دەستوورییەكان و بەرپرسیاریەتییە نێودەوڵەتییەكان، ڕێز لە ئازادیی ڕادەربڕینیش بگرێت".

داواكاری گشتیی كۆماری لە توركیا، تۆمەتی ئەوەی داوەتە پاڵ هەدەپە كە "وەك درێژكراوەیەكی" پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كار دەكات، كە پەكەكە لەلایەن توركیاوە بە "ڕێكخراوی تیرۆریستی" ناو دەبرێت.

بەكر شاهین سەرۆكی داواكاری گشتیی توركیا، سكاڵانامەیەكی ٦٠٩ لاپەڕەیی بۆ داخستنی هەدەپە ئامادە كردووە و تیایدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە لە پێناو "پاراستنی یەكپارچەیی و یەكگرتوویی توركیا و ئاسایش و خۆشگوزەرانی كۆمەڵگادا"، پێویستە هەدەپە دابخرێت و تەواوی سەرچاوە داراییەكانی پارتەكەش ببڕدرێن.

لە سكاڵانامەكەدا، هاتووە "هەدەپە، تەنها بە پشتیوانیكردنی رێكخراوی تیرۆریستیی پەكەكە/كەجەكە نەوەستاوە، بەڵكو بووەتە بەشێكی ئەو ڕێكخراوە. لە ڕاستیدا هیچ جیاوازییەك لەنێوان هەدەپە و پەكەكە نییە. ئەم پارتە بە فەرمانی پەكەكە ڕەفتار دەكات و لەبری ئەوەی لە لێپرسینەوەی گەل بترسێت، تەنها گرنگی بە لێپرسینەوەی پەكەكە دەدات، هەربۆیە هەدەپە بەشێكە لە پەكەكە".

پارتی دیموكراتی گەلان لە بانگەوازێكدا دەڵێت "داوا لە هەموو هێزە دیموكراتەكان، دژبەرانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و خەڵكی خۆمان دەكەین بۆ خەباتی هاوبەش لە دژی ئەم كودەتا سیاسییە لەگەڵمان بێنە مەیدان".

هەدەپە بوونی هەر جۆرە پەیوەندییەكی لەگەڵ پەكەكە ڕەت كردووەتەوە و هەوڵی داخستنی پارتەكەی بە "گورزێكی كوشندە لە دیموكراسی و یاسا" ناو دەبات.

هەدەپە سێیەم پارتی گەورەی ناو پەرلەمانی توركیا و پارتێكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆنە لەو وڵاتەدا و بەردەوام لەلایەن پارتی دەسەڵاتدار و هەندێك پارتی دیكەوە دژایەتی دەكرێت. هەر لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ‌ پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارێكی دیكەی هەڵگیرا

پاش ئەوەی دادگای توركیا بە تاوانی "بانگەشەكردن بۆ ڕێكخراوی تیرۆریستی" سزای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیی بەسەر گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپەدا سەپاند، ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی توركیا مافی پەرلەمانتاریی لێ سەندەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە پاش هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەری، وتی "بڕیارەكە لە دەرەوەی یاسایە. پەرلەمان جێناهێڵم و بۆ هیچ شوێنێك ناڕۆم. پەنا دەبەمە بەر ئیرادەی گەلەكەمان".

هاوكات عەلی كەنعانئۆغڵو، ئەندامی فراكسیۆنی هەدەپە لە بازنەی ئیستانبووڵ، وتی "عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو ئیرادەی خەڵكە و لەبەرئەوەی ڕاستییەكانی پاراستووە سزا دەدرێت".

لە دوای سەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری لە گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتارانی هەدەپە بە بەرزكردنەوەی دروشم و هاواركردن و لێدان لە مێزەكانی بەردەمیان، ناڕەزایەتییان بەرانبەر بڕیارەكە نیشان دا.
هەر لە كاردانەوەی هەوڵەكانی توركیا بۆ داخستنی هەدەپە، حكومەتی ئەڵمانیا لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە ئیدانەی ئەو مامەڵە تووندەی توركیای كردو وتی، ئەوەی ئەنقەرە دەیكات گومان دەخاتە سەر سەروەریی یاسا لەو وڵاتە.

هاوكات جۆسیپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند، داخستنی دووەمین پارتی گەورەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا پێشێلكارییە بەرامبەر مافی ملیۆنان دەنگدەر.

جۆسیپ بۆرێل داوا لە توركیا دەكات ڕێز لە بنەما دیموكراسییەكان بگرێت، لەوانەش؛ مافی مرۆڤ‌و سەروەریی یاسا.