گەشت بۆ جەهەننەم؛ چیرۆكی زیندانەكانی سوریا لە زاری دەستگیركراوەكانەوە

22-03-2021 02:05
خۆپیشاندانێكی سورییەكان لە ئەستەنبوڵ كە یەكێك لە داواكارییەكانیان ئازادكردنی زیندانییەكانە لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە. 13-3-2021

پەرەگراف- هەكار مەحمود

محەمەد گەنجێكی شاری حەلەبە، كاتێك تەمەنی بووە 18 ساڵ، بۆ تەواوكردنی خزمەتی سەربازیی ناچاریی، چووەتە ڕیزی ئەندامانی دەزگای هەواڵگری گشتی، لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندانە مەدەنییەكان لە ساڵی 2011 لە چوارچێوەی گروپێكدا نێردراوە بۆ دیمەشق تا لەوێوە ببرێنە شاری درعا و ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران ببنەوە.

"بڕێك پارەم وەك بەرتیل دا بە كەسێك تا بۆ ئەو كارەم نەنێرن" محەمەد وادەڵێت.

دواتر داوایكردووە بگوازرێتەوە بۆ بەشێكی دیكە، كراوە بە چاودێر لای سەرۆكی شارەوانی دیمەشق، لەوێش چەندین كاری دڕندانەی بینیوە، بە نمونە؛ كاتێك هێزە ئەمنییەكان چون بۆ دەستگیركردنی كەسێك و نەیاندەتوانی بیدۆزنەوە، سوكایەتییان بە هەموو ئەندامانی خێزانەكەی دەكرد بە كچە هەرزەكارەكانیشەوە.

ئەوە وای لە محەمەد كردووە زانیاریی بدات بە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن، وەك ناردنی ناوی لیستی دەستگیركراوان و شوێنی دەستگیركردنیان، لەگەڵ كات و شوێنی ئەنجامدانی كۆبونەوە گرنگەكان و ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان.

ناردنی ناوی ئەو كەسانەی ڕەتیانكردۆتەوە تەقە لە خۆپیشاندەران بكەن و بەو هۆیەوە دەستگیركراون، كارێكی دیكەی ئەو گەنجە حەلەبییە بووە.

مانگی كانونی یەكەمی 2011، وەفدێكی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی بۆ زانینی دۆخی سوریا دەچنە وڵاتەكە، ئەویش زانیاریی لەبارەی شوێن و جوڵەی وەفدەكە دەداتە ئۆپۆزسیۆن تا لە شوێنێكدا بیانبینن و گێڕانەوەی خۆیان لەبارەی دۆخی وڵاتەوە باس بكەن.

محەمەد باس لەوە دەكات دوای ئەوە هێزە ئەمنییەكان هەڵمەتێكی دەستگیركردنی چالاكوانانیان لە ناوچەكانی نزیك دیمەشق ئەنجامدا بەهۆی بەشداریكردنیان لە خۆپیشاندانەكان، دوای دوو مانگ لە ونبونیان دایكی ئەو كەسانە بۆ زانینی چارەنوسیان سەردانی سەرۆكی شارەوانییان كرد، بەڵام ئەو لەهەموویانیدا و دەریكردن.

"نەمتوانی كۆنتڕۆڵی خۆم بكەم، چەكەكەم بەڕووی پۆلیسەكاندا بەرزكردەوە، هاوارمكرد بەسەریاندا، بەتوڕەییەوە باسی خیانەتی ڕژێم و سەرۆكەكەیم كرد لە گەلی سوریا".

دواتر هاوڕێیەكی كە بەڕێوەبەری پاسەوانانی سەرۆكی شارەوانی بووە، بە ئۆتۆمبێلی خۆی بردوێتی بۆ حەلەب، وایزانیوە سوپای سوریای ئازاد دەیپارێزێت لە تۆڵەی ڕژێم، بەڵام كاتێك گەیشتووەتە ئەوێ، هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن بەگومانبوون لێی، چونكە لە دەزگای هەواڵگریی كاریكردووە، داوایان لێكردووە بۆ چەند مانگێك بچێتە توركیا و چاوەڕێ بكات، بەڵام ئەو ڕۆیشتنی ڕەتكردۆتەوە و ویستوێتی لە شاخی زاویە لە ئیدلب لەگەڵیان بمێنێتەوە.

دوای مانگێك ئەفسەرێكی دەزگای هەواڵگریی بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە محەمەدەوە دەكات، دوای لێدەكات خۆی ڕادەست بكات، ئەو داواكارییەكەی جێبەجێكردووە، چونكە ئەگەر ئەو كارەی نەكردایە ئەندامانی خێزانەكەی لەبری ئەو، دەستگیردەكران.

گەشتێك بۆ جەهەننەم

كاتێك گەیشتووەتە ئەو نوسینگەیەی پێشتر كاری لێدەكرد، ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە‌و كەسێك بە بۆكس كەوتووەتە دەموچاوی‌و بە ناپاك ناوی بردووە.

محەمەد بەمجۆرە چیرۆكەكەی دەگێڕێتەوە: زۆر توڕەبوون بەوەی من پێشتر لەگەڵ سەرۆكی شارەوانی بووم، مۆبایل و ئامێرە ئەلەكترۆنییەكانیان لێسەندم بۆ ئەوەی بزانن پەیوەندیم بە كێوە كردووە، دواتر برامە نوسینگەیەكی تر، زۆر ئەشكەنجەیاندام چەندین جار لە هۆش خۆم چووم، ماوەی 20 ڕۆژ لێپێچینەوەیان لەگەڵ كردم.

لەكۆتاییدا حەوت ساڵ و حەوت مانگ زیندانی كرام، بەڵام حوكمەكەم 13 ساڵ بوو بە تۆمەتی سوكایەتی بە ڕژێم و ئاشكراكردنی زانیاریس بۆ لایەنی ئۆپۆزسیۆن.

دوای چەند مانگێك برامە زیندانی سەیدەنایا، ئەوە وەك گەشتێك وابوو بۆ جەهەننەم.

ژووری زیندانەكە هەشت كەسی دیكەی تێدابوو، زۆر بچوك بوو، تەوالێتێكی تێدا بوو كە 70سانتیم بە 170 سانتیم بوو.

50 ڕۆژ بە ڕووتی لەوێدا مامەوە، ناچاربووین بچینەسەر یەكتریی، چونكە شوێنەكە جێی هەموومانی تێدا نەدەبۆوە.

بنی پێمان بە چاڵەكانی زیندانەكە كون كون بوو، ئەوانیش لەكاتی ئەشكەنجەدا لە بنی پێیان دەداین.

پاسەوانەكان زۆر دڕندەبوون، لەبەرچاوی ئێمەدا دەستدرێژی سێكسیان كردە سەر كچێكی تەمەن 15 بۆ 16 ساڵ، هیچ بەزەییەكیان نەبوو.

پاشان محەمەد ساڵی 2014 براوەتە زیندانی بالۆنەی سەربازیی لە حمس، "لەوێ دۆخەكە باشتربوو، بەڕێوبەری زیندانەكە ئەگەر بەرتیلت پێبدایە ڕێگەی دەدا كەسوكاری زیندانییەكان سەردان بكەن، بۆیە دایكم لە توركیاوە هات و سەردانی كردم دوای ئەوەی پارە و خشڵەكانی دابوو بە بەڕێوەبەرەكە".

"دوای ماوەیەك برامە زیندانی عەدرا، لەوێش هەشت مانگ مامەوە، لەوێ دایكم پێی وتم دۆسیەكەمی گەیاندۆتە لای وەزیری ناوخۆ دوای ئەوەی پارەیەكی زۆری وەك بەرتیل داوە".

یاسا چی دەڵێت؟

بەپێی یاسای دادی سوریی، ئەگەر زیندانییەك چارەكێكی حوكمەكەی تەواو بكات، دەكرێت پێداچونەوە بە حوكمەكەیدا بكرێت، بەو پێیەی محەمەد لە كۆی 13 ساڵی حوكمەكەی حەوتی تەواو كردبوو، بۆیە بڕیارەكە دەیگرتەوە.

"دایكم بەرتیلێكی زۆری دابوو بە دادوەر و ئەفسەرێكی باڵای هێزە ئەمنییەكان، بۆ ئەوەی كارەكان بە ئاسانتر بچن بەڕێوە، دوای ئازادكردنم لەگەڵ قاچاخچییەك ڕێكەوتن بە سەیارەكەی بمباتە توركیا، بێ ئەوەی پێویستم بە بەڵگەنامەی فەرمی هەبێت، بۆ ئەوەش بڕی 2500 دۆلارم پێدا، تا بردمییە غازی عەنتاب، چونكە خێزانەكە لە 2012 لەوێ دەژیان".

ساڵی 2019 محەمەد لەگەڵ خانمێكی سوریی ژیانی هاوسەرگیری پێكهێنا كە وەك پزیشكی نەشتەرگەری كاری دەكرد و هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەڵمانی بوو.

وەك تیرۆرست ناوی تۆماركراوە

كاتێك چووەتە نوسینگەی كۆچبەران بۆ ئەوەی پێناسی تایبەتی پێبدرێت، بە بەرپرسی نوسینگەكەی وتووە پێشتر دەستگیركراوە، بەڵام ئەو گوێی بە چیرۆكەكەی نەداوە و لە لیستەكەدا ناوی بە تیرۆریست تۆماركردووە، لەوێدا ڕاستەوخۆ بۆ ماوەی 70 ڕۆژ دەستگیركراوە.

خێزانەكەی محەمەد بڕی 10 هەزار دۆلاریان خەرجكردووە بۆ ئازادكردنی، ئەوەی توشی بێ هیواییەكی زۆری كردووە، پشتگیری نەكردنی كۆچبەرانە لە توركیا، بەتایبەت لەلایەن ڕێكخراوە خێرخوازییەكانەوە.

محەمەد و هاوسەرەكەی ئێستا داواكاریی نیشتەجێبونیان پێشكەشی ئەڵمانیا كردووە، چاوەڕێن وەڵام بدرێنەوە.

ئەو گەنجە پەیامێكی بۆ ڕژێمی سوریا ناردووە و دەڵێت "ناترسین، باسی هەموو ئەوە دەكەم كە ڕوویدا"، بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەڵێت، داهاتووی سوریا لەژێر دەستی ئەواندایە و پێویستیان بە یارمەتییە.

پێشێلكارییەكی زۆر

جەنگی ناوخۆیی سوریا پێیناوەتە دەیەمین ساڵی تەمەنییەوە، سەرجەم لایەنەكان لەو ماوەیەدا چەندین پێشێلكاریی مافی مرۆڤیان ئەنجامداوە، كە بەشێكیان بە شاراوەیی ماونەتەوە و بەشێكی دیكەش خودی قوربانییەكان گێڕاویانەتەوە.

چاودێران دەڵێن، ئەو توندوتیژییەی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی خۆپیشاندانێكی هێمنانە بەكارهات، وایكرد چالاكوانان لە كەسانێكی مەدەنییەوە بگۆڕێن بۆ چالاكوانی چەكدار.

بەهیرەی تەمەن 53 ساڵ

بەهیرە مامۆستای زانستی دەرونییە، دوای ڕزگاربونی لە زیندانەكانی سوریا، هاوشێوەی براكانی، وڵاتەی بەرەو توركیا جێهێشتووە، چونكە ئەوان یەكێكیان لەكاتی كاركردنی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن برینداربووە، یەكێكی دیكەشیان بانگكراوە بۆ سەربازیی ناچاریی، بۆیە پێكەوە كۆچیان كردووە.

ئەو دەترسا لەوەی بۆ فشارخستنە سەر براكانی دەستگیر بكرێت، هاوشێوەی ئەوەی بەسەر باوكیدا هات كاتێك لەسەرەتای شۆڕشدا، بۆ ماوەی 24 كاتژمێر دەستبەسەركراوە، چونكە لەو كاتەدا بەهیرە ماڵەكەی بۆ چالاكییەكانی ئۆپۆزسیۆن بەكاردەهێنا، دواتر لە بۆرودومانێكی هێزەكانی سوریادا خانووەكەیان تەختی زەوی كردووە.

بەهیرە تا ساڵی 2014 لە گەڕەكی جوبەری نزیك دیمەشق دەژیا، كاتێك لەڕێگەدا بوو گەشتی بەیروت بكات، خاڵێكی پشكنین دەستگیری دەكەن.

هەر ئەو ڕۆژە زانیوێتی كەسێك هەواڵی لێداوە كە دەیەوێت لە وڵات ڕابكات، گومانیشی لە سەمای كچە مامی كردووە، چونكە پیشتر لەلایەن سوپای سوریای ئازادەوە دەستگیركراوە و ئامێری (GPS)ی پێبووە تا شوێنی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن نیشانی فڕۆكە سورییەكان بدات، پێش ئەوەش سەما تۆمەتباركراوە بەوەی مێردی كچەكەی بەهیرەی ڕادەستی ڕژێم كردووە، دواتر لەژێر ئەشكەنجەدا گیانی لەدەستداوە.

خەوتن بەپێوە لە زینداندا

ئەو خانمە براوەتە زیندانێكی تاریك، پڕبووە لە جرج و مشك، ماوەی 10 كاتژمێر لێپێچینەوەی لەگەڵدا كراوە، بەڵام دانی بە هیچدا نەناوە، دواتر بە دەست و چاو بەستراویی براوەتە بەشی ئاسایشی سیاسی.

بەهیرە دەڵێت "35 ژن لە ژورێكدا بووین كە ڕوبەرەكەی 2بە3 مەتر بوو، تەوالێتەكە لە ناوەڕاستی ژوورەكەدابوو، هیچ تایبەتمەندییەكی تێدا نەبوو، ئاسەواری ئەشكەنجەی زۆر بە جەستەی بەشێكیانەوە دیاربوو، بۆ خەوتنیش بەهۆی بچوكیی ژوورەكەوە بەسەرە پاڵدەكەوتین، ئەوانەش كە تەمەنیان گەنج بوو ڕاهاتبوون هەر بەپێوە دەخەوتن".

ئەو ژنە باس لەوە دەكات كە هیچ كەلوپەلێكی پێنەبووە، جلەكانی هەر لە زیندانەكەدا شتووە و بە تەڕیی لەبەریكردۆتەوە، ئەسپێ سەری هەموویانی خواردووە، بڕێكی زۆر كەم خواردنیان پێدراوە كە لە مرەبا و برنج و نان پێكهاتووە، ئەوەش بەراورد بە زیندانەكانی دیكە شاهانەیی بووە.

لەبەردەمی بەهیرەدا منداڵێكی 10 ساڵ بۆ ترساندنی ئەشكەنجە دراوە، ژنێكی دیكە لە بەردەمیدا گیانی لەدەستداوە، لەماوەی دوو مانگدا 20 كیلۆ كێشی كەمیكردووە، دوای ئەو ماوەیە براوەتە دادگای مەدەنی، بەڵام دادوەر ئامادەنەبووە، بۆیە براوەتە زیندانی عەدرا.

لە زیندانی عەدرا دۆخەكە زۆر خراپتربوو، چەندین خانمی دووگیان لەوێ منداڵیان بوو، ئەو ژنانەش كە لەسەر كاری سیاسی دەستگیر نەكرابوون، لەسەر داوای كاربەدەستان سوكایەتییان پێكراوە.

دوای ئەو ماوەیە بەهۆی نەبونی هیچ بەڵگەیەك لە دژی، بەهیرە ئازادكراوە، بەرتیلێكی زۆریداوە تا خاڵەكانی پشكنینی بڕیوە، دواتر تكتێكی دەستكەوتووە بەرەو بەیروت لەوێشەوە بۆ توركیا، ئێستا لەوێ دەژی‌و چارەسەری دەرونی پێشكەشی كۆچبەرە سورییەكان دەكات.

زێنەی تەمەن 40 ساڵ

زێنە لەناوچەی زەبدانی نزیك دیمەشق دەژیا، لەهاوینی 2014 نامەیەكی بۆ دێت، تێیدا نوسراوە دایكی بەهۆی بۆردومانەوە بە سەختی برینداربووە.

لەگەڵ خوشكەكەی بە بێهۆشیی بردویاننەتە نەخۆشخانەیەكی حكومی، ڕاستەوخۆ براوەتە بەشی چاودێری ورد، دواتر پاسەوانەكان پێناسەكانیان لێوەرگرتوون و بۆ ماوەی 16 ڕۆژ لە ژورێكدا زیندانیان كردوون، بێ ئەوەش هۆكارەكەی بزانن، تەنها بۆ چونە تەوالێت بۆیان هەبووە بچنە دەرەوە، تەنانەت هەواڵی تەندروستی دایكیشیان پێنەداون.

"دایكم دوای ئەوەی هۆشی هاتبۆوە توشی شەلەل بوبو، هێنایانە لای ئێمە و بۆ ماوەی 17 مانگ لەو ژوورە ماینەوە، دواتر پێیان وتین هۆكاری زیندانیكردنمان براكەم بووە كە لە ڕیزی ئۆپۆزسیۆندا بووە، تاوەكو خۆشی دەدات بەدەستەوە بەو شێوەیە دەمێنینەوە".

دوای چەند ڕۆژێك هەموو براونەتە ئاسایشی دیمەشق، لە زیندانێكدا لەگەڵ 30 ژنی دیكە دانراون كە لە چاڵێكدابووە، هێندە تاریك بووە هیچ شتێكیان نەبینیوە، جێگە و چارەسەرێكیش نەبووە بۆ دایكیان تەنها لەسەر بەتانییەك دایانناوە كە پڕبووە لە ئەسپێ، ئەوەشیان بینیوە چۆن ئەوانی دیكە ڕوبەڕوی ئەشكەنجە بونەتەوە.

بۆ ماوەی هەشت مانگ بەو شێوەیە ماونەتەوە، ئەو دۆخە كاریگەرییەكی خراپی لەسەر زێنە دروستكردووە، بەتایبەت بیركردنی منداڵەكانی، دواتر براونەتە زیندانی عەدرا كە تایبەت بووە بە سیاسییەكان، ئەوانەی ئەوێ لەڕێی قسەكردنەوە كاریگەرییان لەسەری هەبووە و كەمێك دۆخی باشبووە، هەر لەوێ توانیوێتی پەیوەندی بە منداڵەكانییەوە بكات.

دوای پێنج مانگ بەشێوەیەكی كتوپڕ بەڕێوەبەری زیندانەكە بەڵێننامەی پێ پڕكردونەتەوە و ئازادی كردوون.

ئەوەی زۆر ئازاری زێنە دەدات، هاوسەر و خانەوادەكەیەتی كاتێك زانیویانە دەستگیركراوە لێی دووركەوتوونەتەوە، وایانزانیوە مردووە، دواتر كە زانییان زیندووە سەردانیان نەكردووە پێیان وتووە ئەو باجی هەڵەی براكەی داوە.

دواتر زێنە چۆتە توركیا و پێناسەی پەنابەری سوریی وەرگرتووە، بەڵام لەوێ بێكار و پارەیە، نەتەوە یەكگرتووەكانیش یارمەتییان نەداوە بۆ ئەوەی بچێتە شوێنێكی دیكە.