پەرەگراف
مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کورسیی لایەنەکان ناگۆڕێت و پێشتر کورسییەکان دەستنیشان کراون.
سەرۆکی پارتی لە کۆتا کەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەکەی لە هەولێر، باسی ئەوەی کرد کە لەبەر دوو هۆکار بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد، "بەشداربووین لەبەر دوو هۆی سەرەکی، یەکەمیان زۆر لە دۆستانمان لە عێراق و دەرەوەش داوایانکرد کە بەشداربین، پەیامی زۆر ئەرێنیمان پێگەیشت لە زۆر لە دۆستانمان لە بەغداد کە ئەم هەڵبژاردنە ڕاستە کورسییەکان ناگۆڕێت، بەڵام ڕێگەخۆشکەر دەبێت کە پڕۆسەی سیاسی لە عیراق بگەڕێنینەوە سەر ڕێگەی ڕاستی خۆی و چاکسازیی بنەڕەتی تێدا بکرێت. هۆکاری دووەمیش بۆئەوەی سەنگی پارتی پیشانی هەموولایەک بدرێت".
مەسعود بارزانی وتیشی، پارتی بەرچاوی ڕوونە و دەزانی چی دەکات و داوای چی دەکات، بەرنامەی پارتیشی خستەڕوو بۆ داهاتوو ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە ئەم دەرفەتەی ڕەخساند بتوانن چارەسەری بارودۆخەکە بکەن و پرۆسەی سیاسی بگەڕێتەوە ڕێگەی ڕاستی خۆی.
بارزانی چەند خاڵێکی خستەڕوو کە کاری لەسەر دەکەن، لەوانەش؛ یاسای هەڵبژاردن دەبێت بگۆڕدرێت و بگەڕێتەوە بۆ یەک بازنەی لەسەر بنەمای لیستی حزبی یاخود لیستی نیمچە کراوە، "ئەم یاسایەی ئێستا یاسایەکی نادادپەرەوەرە، یاسایەکە مافی هەموو لایەک ون دەکات، تەیا چەند لایەک کە بە ئارەزووی خۆیان دایان ڕشتووە، لەبەر ئەوە ئەم یاسایە بە کەڵک نایەت و کارێکی جددی دەکەین ئەم یاسایە بگۆڕدرێ".
"هیچ ڕەوا نییە کورسییەک لە هەولێر بە 40 هەزار دەنگ بێت، ڕێژەی بەشداربووان 70 بۆ 80 لە سەد بێت، بەڵام لە پارێزگایەکی دیکەی عێراق، لە باشووری عێراق هەمان کورسی بە دوو هەزار دەنگ بێت، ڕێژەی بەشداربووانیش سەدا 20 کەمتر بێت".
بارزانی وتیشی، کار بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی دەکەن کە مافی هەموو لایەک دەپارێزێت، هەروەها یاسایەک بەپێی دەستوور بۆ باج دەربچێت و یاسای نەوت و گاز دەربکرێت، هەروەها مادەی ١٤٠ی دەستوور جێبەجێ بکرێت کە تایبەتە بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسیان.
"لە هەمووی گرنگتر گەڕانەوەی عێراقە بۆ سەر ئەو سێ بنەمایەی کە عێراقی نوێی لەسەر دامەزرا لەدوای ساڵی 2003، ئەویش هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان. پێش رووخانی رژێم، لە کۆنفرانسی لەندەن رێککەوتن لەسەر ئەم سێ بنەمایە کرا. رووحی دەستوور ئیلهامی لەو سێ بنەمایە وەرگرتووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو سێ بنەمایە، ئیتر هیچ موشکیلەیەک نامێنێت لە سەرتاسەری عێراق، نە لە بەینی هەرێم و بەغدا و نە لە پارێزگاکانی تری. گەڕانەوە بۆ دەستوور، ئێمە پابەندین بە دەستوور، کەس هێندەی ئێمە ماندوو نەبوو بەو دەستوورەوە، ئەو کاتەش من گوتم ئەم دەستوورە بێ کەموکوڕی نییە، بەڵام بەشی ئەوە ئیجابیاتی تێدایە کە ئێمە تەیدی دەکەین. ئەگەر جێبەجێ کرابا؛ زۆرێک لەو مەشاکیلانەی کە روویانداوە؛ روویان نەدەدا. ئەگەر ئەو سێ بنەمایە گەڕانەوە و ئیلتیزان بە دەستوور کرا، ئیتر لە زوڵمی مەرکەزییەتی چەوسێنەر رزگارمان دەبێت و خەڵکی عێراق بە ئاسوودەیی دەژین، کەسی دیکە ناتوانێت بە میزاجی خۆی یاریی بە مووچە و بودجەی خەڵکی هەرێم بکات کە جگە لەوەی زوڵمێکی گەورەیە، ئیهانەیەکی گەورەش بوو بۆ خوێنی شەهیدانی ئێمە. نابێ ئەوە دووبارە ببێتەوە." بارزانی وای وت.
لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و دۆخی ناوخۆ، مەسعود بارزانی ڕەخنەی لە یەکێتی گرت و تۆمەتباری کرد بە دواخستنی پێکهێنانی حکومەت، وتیشی: ئەو هەلومەرجەی پێش هەڵبژاردن بۆ پێکهێنانی حکومەت هەبوو، دوای هەڵبژاردن نامێنێت.