لە نەورۆزدا دەیان هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێم؛ هەولێر جمەی دێت لە گەشتیار

22-03-2021 05:43

پەرەگراف

لە نەورۆزدا زیاتر لە 55 هەزار گەشتیار لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. لەسەدا 63ی ئەو گەشتیارانە تەنیا لە ڕێگەی پارێزگای هەولێرەوە هاتوونەتە ناو هەرێمەوە.

بەپێی خشتەیەكی ئاماری گەشتیارانی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار كە وێنەیەكی دەست پەرەگراف كەوتووە، لە ڕۆژانی 18 و 19 و 20ی ئەم مانگەدا، 55 هەزار و 749 گەشتیار لە ڕێگەی پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و ئیدارەی گەرمیانەوە كە دەروازەیان لەگەڵ پارێزگاكانی عێراقدا هەیە، ڕوویان لە هەرێم كردووە.

زۆرترین گەشیار ڕوویان لە پارێزگای هەولێر كردووە كە 35 هەزار گەشتیار بووە، لە پلەی دووەمیشدا پارێزگای سلێمانی دێت بە 10 هەزار و 452 گەشتیار، پاشان پارێزگای دهۆك شەش هەزار و 71 گەشتیار و ئیدارەی گەرمیانیش چوار هەزار و 226 گەشتیار.

بەپێی ڕێژە سەدییش، هاتنی گەشتیاران بۆ ناو خاكی هەرێم لەسەدا 63ی لە ڕێگەی پارێزگای هەولێر، لەسەدا 19 پارێزگای سلێمانی، لەسەدا 11 پارێزگای دهۆك و لەسەدا 8 لە ڕێگەی ئیدارەی گەرمیانەوە بووە.

سەبارەت بە كاریگەرییە ئابوورییەكانی هاتنی گەشتیار لەمساڵدا و خەمڵاندنی ئەو پارەیەی كە بەهۆی گەشتیارییەوە لە نەورۆزدا هاتووەتە هەرێمەوە، ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، بە پەرەگرافی وت "هێشتا زۆر زووە بۆ خەڵاندنی ئەوە".

بەهۆی سروشتی جوانی هەرێمی كوردستان و ئەو ناوچە گەشتیارییانەی لە پارێزگاكانی هەرێم هەن، ساڵانە بە تایبەت لە نەورۆز و وەرزی بەهاردا، ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاری پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ڕوو لە هەرێم دەكەن.

دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەڵێت "لە ساڵانی ڕابردوودا كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان بە خێرایی بەرەوپێش هەنگاوی ناوە. ماستەرپلانی گەشتوگوزاری كوردستانیش ئێستا دەست بەكارە و تا ساڵی 2025 پلانی بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتیاری داڕشتووە".

دەستەكە جەخت لەوە دەكاتەوە كە حكوومەتی هەرێم دەیەوێت گەشتوگوزار بكاتە یەكێك لە سەرچاوە سەرەكییەكانی داهات و دەشڵێت "وەبەرهێنانی گەشتیارییش هەنگاوێكی تری كارەكانمانە ‌و هەماهەنگین لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان. لە كۆی هەزارو 55 پڕۆژەی وەبەرهێنان بۆ ماوەی 10 ساڵ كە لە ساڵی 2020وە ڕاگەیەندراون، 227 پڕۆژەی وەبەرهێنانی گەشتیاری خراوەتە پلانەوە".

بەپێی بەیاننامەی ساڵی ڕابردووی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بۆ ڕۆژی جیهانیی گەشتوگوزار كە 27-9ی هەموو ساڵێكە، "ساڵانە زیاتر لە یەك ملیار و 400 ملیۆن گەشتیار بە جیهاندا گەشت دەكەن. زیاتر لە یەك ترلیۆن و 400 دۆلار داهاتی بۆ جیهان هەیە، كە بە ڕێژەی 11% ئابووریی جیهان پێك دەهێنێت، زیاتر لە 300 ملیۆن هەلی كار لە جیهان دابین دەكات".