پەرەگراف- دەنگدانی تایبەت بۆ شەشەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کاتژمێر ٧ی بەیانیی سبەی، ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، دەستپێدەکات و تاوەکوو کاتژمێر ٦ی ئێوارە بەردەوام دەبێت. لە دەنگدانی تایبەت هێزە ئەمنییەکان و دەنگدەرانی ئاوارە دەنگ دەدەن پێش دەنگدانی گشتی کە دوای دوو ڕۆژو لە ١١ی مانگدا دەکرێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە پەرەگراف-ی ڕاگەیاند کە یەک ملیۆن و ٣١٣ هەزارو ٩٠٨٠ کەس مافی دەنگدانیان هەیەو لە ٨٠٩ بنکەو ٤ هەزارو ٥٠١ وێستگەی دەنگدان دەنگ دەدەن.
هەر سبەینێ سندوقەکانی دەنگدان بە ڕووی ٢٦ هەزارو ٥٣٨ ئاوارەدا دەکرێنەوەو ٢٧ بنکەو ٩٧ وێستگەی دەنگدانیان بۆ دابینکراوە.
لە سەرانسەری عێراقدا، ٦ هەزارو ٨٩٦ کاندید کێبڕکێ لەسەر ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی داهاتوو دەکەن، لەوانەش ٣٠٢ کاندیدیان لە هەرێمی کوردستانن.
لە کۆی گشتیی کورسییەکان، ٤٦ کورسی بۆ هەولێر، سلێمانی و دهۆک تەرخانکراون، لەوانەش دوو کورسی کۆتای کریستیانەکان—یەکێکیان لە هەولێر و یەکێکیان لە دهۆک.
زیاتر لە ٢٠ ملیۆن عێراقی مافی دەنگدانیان لە دەنگدانی گشتیدا هەیە.