پەرەگراف- سەرۆککۆماری عێراق سەردانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی کردو جەخت لە هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف دەکات و داوای بەشداریی فراوانی خەڵک دەکات لە پڕۆسەی دەنگدان.
د.لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ بۆ ئاگاداربوون لە دوایین ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن سەردانی کردن و بە ئامادەبوونی نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران و ئەندامانی ئەنجومەنەکە کۆبووەوە.
بەپێی سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆککۆمار جەختی لە گرنگیی ئاسانکاریی ڕێکارەکانی هەڵبژاردن بۆ هاوڵاتیان و دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی دەنگدان کردەوە، "ڕوونیشیکردەوە کە ڕێڕەوی دیموکراسی لە عێراقدا دەبێت بە ئیرادەیەکی نیشتمانیی ڕاستگۆیانە بەردەوام بێت بۆ گەیشتن بە هیوا و ئاواتەکانی گەلەکەمان لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی پاک و شەفافەوە کە ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەر ڕەنگبداتەوە".
"داوای لە عێراقییەکان کرد بەشدارییەکی بەرفراوان لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و مافی دەستووریی خۆیان بەکاربهێنن، چونکە ئەم بەشدارییە هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ چەسپاندنی دیموکراسی و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری".
سەرۆککۆمار ئاگاداری ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی تەواوی پڕۆسەی دەنگدان بوو، کە نمایشێکی وردی سەرجەم قۆناغەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی لەخۆگرتبوو.
سەرۆک کۆمار خۆشحاڵی خۆی بە ئاستی ڕێکخستن و ڕێکارە پەیڕەوکراوەکان لە کاتی تاقیکردنەوەکەدا دەربڕی، متمانەی خۆی بەوە دووپاتکردەوە کە ئەم هەوڵانە دەبنە هۆی هەڵبژاردنێکی ئازاد کە دەربڕی ئاواتەکانی عێراقییەکان بێت بەرەو داهاتوویەکی باشتر.