كابووسی قەیرانەكان بەرۆكی ئەردۆغان دەگرن

24-03-2021 05:12

پەرەگراف- هەكار مەحمود

قەیرانەكان زۆرتر دەبن، ڕەخنەی زیاتر دەگیرێن، بەڕادەیەك پێشتر سیاسەتەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دۆخی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەمە ئەو دیمەنەیە كە لەئێستادا توركیای داگیركردووە، بەهۆیەوە وڵاتەكە چووەتە قۆناغێكی نوێوەو "سوڵتان" بەشێكی زۆری لایەنگرەكانی لەدەستداوە.

ماوەیەكە باس و خواسەكانی توركیا بووەتە مانشێتی سەرەكی میدیاكان، چەندین ڕووداوی جیاواز بەرۆكی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەی گرتووە، چاودێرانیش پێیانوایە، ئەوانە چەند هێندەیتر لایەنگرانی ئەردۆغان و پارتەكەی لەناوخۆی وڵاتدا كەمدەكەنەوە.

بەرەو خۆكوژیی ئابوریی

سەرۆكی توركیا چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ناجی ئیقبال پارێزگاری بانكی ناوەندیی لە پۆستەكەی دوورخستەوە دوای چەند مانگێك لەدانانی، ئەوەش بەهۆی بەرزكردنەوەی ڕێژەی وەرگرتنی سوود بەشێوەیەكی بەرچاو كە لە هەفتەی ڕابردوودا گەیشتە 19%.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریكی ئەو هەنگاوە كتوپڕەی بە هەڕەشەكی دیكە بۆسەر ئابوری توركیا داناوە، كە ڕوبەڕوی چەندین قەیرانی دەكاتەوە، چونكە ئەمە سێهەم پارێزگاری بانكی ناوەندییە كە ئەردۆغان لە ماوەی دوو ساڵدا دووریدەخاتەوە.

لابردنی ئیقبال لەكاتێكدایە توركیا نوقمی كۆمەڵێك قەیرانی ئابوری و جیۆسیاسیی بووە، شوێنگرەوەكەی سوهاب كافجی ئۆغلۆ كە پەرلەمانتاری پێشووی پارتی داد و گەشەپێدانە‌و یەكێكە لە نوسەرە دیارەكانی ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی سەر بە حكومەت.

ڕۆژنامە ئەمریكییەكە باسی لەوە كردووە، كاتێك مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو ناجی ئیقبال دانرا، بۆ بەرەنگاربونەوەی هەڵئاوسان بانكی ناوەندیی بڕی وەرگرتنی سودی زیاد كرد لە 10.25% بۆ 15% دواتر لە مانگی كانونی یەكەم ڕێژەكە بۆ 17% زیاتر كرا تا گەیشتە ئەو بڕەی ئێستا كە 19%یە.

جیسۆن توفی پسپۆڕی بازاڕگەری لە دامەزراوەی كاپیتاڵ ئیكۆنۆمیكسی بەریتانی، پێیوایە لابردنی پارێزگاری بانكی ناوەندی زۆر لە بەهای لیرە دادەبەزێنێت، ئەوەش بەشێوەیەكی كرداریی لە ڕۆژی دووشەممە ڕوویدا، كاتێك بازاڕەكان كرانەوە لیرە بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزیبوو.

لایخۆیەوە سەلیم سیزاك توێژەر لە زانكۆی بلیكنت لە ئەنقەرە دەڵێت "ئابوری توركیا وێران بووە، هەموو سەرچاوەكانی ئاو و ژیان وشككراون، ئەوەش بەهۆی كۆمەڵێك حساباتی سیاسییەوە".

هاوكات دۆرمۆش یەڵماز، پارێزگاری پێشووتری بانكی ناوەندیی توركیا لە تویتێكدا نووسیویەتی "دەتوانین چی بڵێین، ئێمە سزای كردارەكانمان وەردەگرین، ئەمە خۆكوژی ئابورییە".

هەوڵی داخستنی هەدەپە وەك قەیرانێكی نوێ

قەیرانە ئابورییەكە لە كاتێكدایە ئەردۆغان ڕوبەڕوی ڕەخنەیەكی زۆر بووەتەوە بەهۆی هەوڵەكانی بۆ داخستنی پارتی گەلی دیموكراتی(هەدەپە) كە بەهێزترین پارتی كوردییە لەو وڵاتە‌و حكومەت بە باڵی سیاسی پەكەكەی دەزانێت، ئەو هەنگاوەش گەردەلولێك لە ڕەخنەی بەدوای خۆیدا هێناوە لەناوخۆو دەرەوەی توركیا.

هەدەپە ئەوەی بە "كودەتای سیاسی" ناوبردووە، ئەردۆغانی تۆمەتباركردووە بە "بەكارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری بۆ دووبارە كێشانی دیمەنێكی سیاسی" لەكاتێكدا دووساڵی دیكە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتییە لەو وڵاتەدا.

هەوڵەكان بۆ داخستنی هەدەپە، ڕەخنەو هۆشداریی ئەمریكا و ئەوروپای بەدوای خۆیدا هێناوە، ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاشكرای كردووە، ئیدارەی جۆ بایدن ڕەخنەیەكی زۆری لەو هەنگاوە هەیە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش پێیوایە هەوڵەكان بۆ قەدەغەكردنی یەكێك لە گەورەترین پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن، كاریگەریی لەسەر ئیرادەی دەنگدەران دەبێت.

هەر لە چوارچێوەی فشار بۆسەر كوردەكان، پەرلەمانی توركیا ئەندامێتیی عومەر فاروق گەرگەرلیۆغلۆی هەڵپەسارد كە پەرلەمانتاری هەدەپەیەو چالاكوانی مافەكانی مرۆڤە.

هەڵپەساردنی ئەندامێتیی ئەو پەرلەمانتارە بووە مایەی نیگەرانیی بۆ ئەمریكا، داخستنی هەدەپەش دەبێتەهۆی بەرتەسككردنەوەی دیموكراتیی لە توركیاو ملیۆنان هاووڵاتیی بێبەش دەكات لەوەی نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن.

ترس لە داهاتووی ژنان

لەلایەكی دیكەوەو هەر لە توركیا، خۆپیشاندانی ژنان لە چەندین شار دەستی پێكردووە دژی كشانەوەی وڵاتەكەیان لە بەڵێننامەی پاراستنی ژنان كە ساڵی 2011 لە ئەستەنبوڵ واژۆ كراوە.

بەڵێننامەكە لەلایەن ئەنجومەنی ئەوروپاوە بۆ وەستاندنی توندوتیژی خێزانی بەتایبەت بەرامبەر ژنان دانراوە‌و بەدوای ڕێگەچارەیەكی یاساییدا دەگەڕێت بۆ نەهێشتنی توندوتیژی.

لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن ڕەخنەیەكی زۆریان لەو كشانەوەیە هەیە، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئەوروپاش بڕیارەكە بە "وێرانكەر" ناودەبات، ئەوەش بەهۆی هەڵكشانی ڕێژەی توندوتیژی و تاوانەكانی دژی ژنان لە توركیا.

چاودێران پێیانوایە هەموو ئەو كێشانە بەتایبەت قەیرانی ئابوری، هاوكات گرفتی تەندروستی بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، ئاڵەنگارییەكی گەورەن لەبەردەم ئەردۆغانداو پێویستە پێداچونەوە بە سیاسەتەكانیدا بكات، تاوەكو توركیا لەو گۆشەگیرییە نێودەوڵەتییە ڕزگاربكات كە تێیكەوتووە.