دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێكرد

09-11-2025 09:09

پەرەگراف

پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێكرد، لە هەرێم 270 هەزارو 219 كارمەندی هێزە ئەمنییەكان لە وەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆ و لە عێراقیش زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە هێزە ئەمنیی مافی دەنگدانیان هەیە، هەروەها زیاتر لە 26 هەزار ئاوارەش ئەمڕۆ مافی بەشداریكردن لە پرۆسەكەیان هەیە.

کاتژمێر ٧ی بەیانیی دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان کرانەوەو تاوەکوو کاتژمێر ٦ی ئێوارە بەردەوام دەبێت. لە دەنگدانی تایبەت هێزە ئەمنییەکان و دەنگدەرانی ئاوارە دەنگ دەدەن پێش دەنگدانی گشتی کە دوای دوو ڕۆژو لە ١١ی مانگدا دەکرێت.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە پەرەگراف-ی ڕاگەیاند کە یەک ملیۆن و ٣١٣ هەزارو ٩٠٨٠ کەس مافی دەنگدانیان هەیەو لە ٨٠٩ بنکەو ٤ هەزارو ٥٠١ وێستگەی دەنگدان دەنگ دەدەن.

هەر ئەمڕۆ سندوقەکانی دەنگدان بە ڕووی ٢٦ هەزارو ٥٣٨ ئاوارەدا کرانەوەو ٢٧ بنکەو ٩٧ وێستگەی دەنگدانیان بۆ دابینکراوە.

لە سەرانسەری عێراقدا، ٦ هەزارو ٨٩٦ کاندید کێبڕکێ لەسەر ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی داهاتوو دەکەن، لەوانەش ٣٠٢ کاندیدیان لە هەرێمی کوردستانن.
لە کۆی گشتیی کورسییەکان، ٤٦ کورسی بۆ هەولێر، سلێمانی و دهۆک تەرخانکراون، لەوانەش دوو کورسی کۆتای کریستیانەکان—یەکێکیان لە هەولێر و یەکێکیان لە دهۆک.

زیاتر لە ٢٠ ملیۆن عێراقی مافی دەنگدانیان لە دەنگدانی گشتیدا هەیە.