پەرەگراف- دەنگە پووچەڵەکان لە دوای پارتی و یەکێتی، لە پلەی سێیەمدان لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە دوێنێ بەڕێوەچوو، بە گشتی نزیکەی ٤٠ هەزار دەنگی پووچەڵ هەن.
ئەوە لە کاتێکدایە سبەینێ کە دەنگدانی گشتییە، ژمارەیەک حیزب و کەسایەتی بانگەوازی بایکۆتی فراوان دەکەن و دەنگدەر دابەشی سەر دوو بەرەی بایکۆت و بەشداریی بوون.
هاوکات بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، لە کۆی سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس کە لە هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان هەیە، ٧٠٠ هەزاریان کە دەکاتە ڕێژەى 18.42.%ـى کۆى دەنگدەران، بەشداریى پرۆسەى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانیان نەکردووەو مافی دەنگدانیان نییە، ئەمەش بایکۆتێکی پێشوەختەی هەڵبژاردنە.
هۆکاری دەنگە پووچەڵەکان
دەنگە پووچەڵەکان دەکەونە خانەی بایکۆتی هەڵبژاردن، بەو پێیەی دەنگەکەیان هەژمار ناکرێت، بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، دەرکەوتووە دەنگە پووچەڵەکان بەشێکیان بەهۆی دەنگدانی هەڵەو بەشێکیشیان دەنگدەرەکە خۆی بە مەبەست پووچەڵی کردووەتەوە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەنگەکان کۆدەکرێنەوە و هەژمار دەکرێن، ئەگەر دەنگدەر دەنگ بە زیاتر لە لیستێک بدات دەنگەکەی بە پووچەڵ هەژمار دەکرێت و بەشێک لە دەنگدەران زیاتر لە لیستێکیان هەڵبژاردووە بۆیە دەنگەکەیان پووچەڵە.
بەشێکی دیکە لە دەنگدەران لەگەڵ دەنگدان بە کاندیدی کۆتا، هاوکات لایەنێکی سیاسیشیان هەڵبژاردووە بەمەش دەنگەکانیان پووچەڵ بووەتەوە.
دەنگدەرانی تایبەت لە پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکانن و پارتی و یەکێتی بەشێکیان ئاڕاستە دەکەن و دەیسەپێنن بەسەریاندا دەنگ بە کام کاندید بدەن، هەردوو حیزب بەشێک لە دەنگدەران ئاڕاستەی ئەو کاندیدە کۆتایانە دەکەن کە نزیکن لە خۆیانەوە بۆئەوەی دەریان بچێنن، ئەوەش سەرلێشێوان دروست دەکات و دەنگدەر لەگەڵ کاندیدەکەی کۆتا حیزبەکەش هەڵدەبژێرێت بەوەش دەنگەکەی پووچەڵ دەبێت.
هاوکات بەشێک لە دەنگدەران فشاریان دەخرێتەسەر وێنەی دەنگدانەکەیان بگرن لەگەڵئەوەی بردنەژوورەوەی مۆبایل قەدەغەیە، ئەوەش وا لە هەندێکیان دەکات دوای وێنەگرتنی دەنگەکەی بسووتێنێت و مۆرەکە زیاتر لە لیستێک بدات.
زۆرترین دەنگی پووچەڵ لە بازنەی سلێمانی بووە، کە نزیکەی ٢٠ هەزار دەنگە، پاشان هەولێر بە ١٣ هەزارو دهۆک بە ٥ هەزار.
ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 82% بوو. پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەرزترین ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانیان تۆمار كردووە كە نزیكەی 96%ـە. كۆمیسیۆن دەڵێت "تەنیا چوار تانە لەسەر دەنگدانی تایبەت پێشكەش بە كۆمیسیۆن كراون".
لە سەرتاسەری عێراق، بازنەی پارێزگای سلێمانی بەرزترین ڕێژەی دەنگدانی تێدا تۆما كرا كە 98.16%ـە. دوای ئەو پارێزگای هەولێر دێت بە ڕێژەی 97.79% و پارێزگای دهۆكیش لە پلەی سێیەمدا دێت بە 91.66%. نزمترین ڕێژەى بەشدارى لە دەنگدانیش لە بازنەى (بەغداد-ڕەسافە) بووە بە ڕێژەى 70.37%
لە هەرێم 270 هەزارو 219 كارمەندی هێزە ئەمنییەكان لە وەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆ و لە عێراقیش زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە هێزە ئەمنیی مافی دەنگدانیان هەبوو، هەروەها زیاتر لە 26 هەزار ئاوارەش مافی بەشداریكردن لە پرۆسەكەیان هەبوو.