سەرکردە کوردەکان دەنگیانداو پەیامیان هەیە

11-11-2025 12:25

پەرەگراف- دەنگدان بۆ شەشەمین خولی پەرلەمانی عێراق لە سەرانسەری وڵات بەردەوامە، سەرکردە باڵاکانی هەرێمی کوردستان بەیانیی زوو دەنگیانداو داوا لە هاوڵاتیان دەکەن بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشداری بکەن و هەڵبژاردنەکە بە ساتێکی چارەنووسساز بۆ داهاتووی عێراق و هەرێم وەسف دەکەن.

سندوقەکانی دەنگدان کاتژمێر ٧ی بەیانی کرانەوە و کاتژمێر ٦ی ئێوارە دادەخرێن. حەوت هەزار و 768 کاندید کێبڕکێ لەسەر 329 کورسی پەرلەمان دەکەن، لە عێراق زیاتر لە 20 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیەو لە هەرێمی کوردستانیش دوو ملیۆن و 800 هەزار کەس مافی بەشدارییان هەیەو 303 کاندید کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 46 کورسی.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بنکەیەکی تایبەت لە شاری هەولێر دەنگیدا و هەڵبژاردنەکەی بە یەکێک لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی عێراق ناوبرد، وتی: گرنگە هاووڵاتییان لەم رۆژەدا بە ئەرکی خۆیان هەستن و بەرەو سندووقەکانی دەنگدان بڕۆن.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، هیوادارن ئەم هەڵبژاردنە سەرەتای قۆناخێکی نوێ بێت بۆ عێراق، وتیشی "هەرێمی کوردستان دەبێ زۆر بەهێزەوە لە بەغدا بێت. گفتوگۆ لەگەڵ هیچ کەس رەتناکەینەوە".

لەبارەی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، وتی "دوای هەڵبژاردن گەڕێکی نوێی گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێدەکەینەوە."

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دوای ئەوەی دەنگی دا، وتارێکی پێشکەش کرد و داوای لە هاووڵاتییان کرد بچنەسەر سندووقەکانی دەنگدان و ئازادانە دەنگ خۆیان بدەن.

مەسرور بارزانی وتی "ئەمڕۆ ڕۆژی بڕیاری خەڵکە، هیوادارم خەڵک بتوانێت لە کەشێکی ئارام و ئازاددا بە ئارەزووی خۆیان، دوور لە هەموو فشارێک دەنگی خۆیان بدەن و خەڵکێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بنێرن بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی بەرگری لە مافە ڕەواکانی ئەوان و مافە دەستوورییەکانی خەڵك بکەن."

سەرۆکی حکومەت ئەوەی خستەڕوو، بڕیاری ئەمڕۆی خەڵک، ڕێڕەو و شێوازی حوکمڕانی چوار ساڵی داهاتوو دیاری دەکات، هیوایشی خواست کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بە ئەمانەتەوە تا دوایی و کۆتایی پڕۆسەکە، مامەڵە لەگەڵ دەنگی دەنگدەران بکات.

لە سلێمانیش بافڵ تاڵەبانی دوای ئەوەی دەنگی دا، پەیامێکی ئاڕاستەی دەنگدەران کردو وتی، بە ویژدانەوە دەنگ بدەن و دەنگیش بە لایەنێک بدەن کە دەتوانێت زیاتر لە 222 کێشە چارەسەر بکات. وەک ئاماژەیەک بۆ ژمارەی لیستی یەکێتی.

هەروەها قوباد تاڵەبانی دوای دەنگدان، قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کردو باسی لە گۆڕانکاری و بەهێزیی یەکێتی کرد، "یەکێتی وەک ساڵێک لەمەوبەر نییە، بەڵکو یەک دەنگە و یەک ئاراستەیە و سەرۆکێکی بەهێزی هەیە. یەکێتی خاوەن بەڵێنی خۆیەتی و توانیویەتی زۆر شت چارەسەر بکات."

جێگری سەرۆکوەزیران وتیشی: زۆر کەس گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی یەکێتی دەتوانێت لە بەغدا کێشەکان چارەسەر بکات. خەڵک ئەمڕۆ هۆشیارترن لە رابردوو، تێدەگەن کە کێ ئیشی پێدەکرێت، کێ تێکی داوە و کێ تەماشاکارە؟".