توركیا مووشەكێكی نوێ دژی پەكەكە بەكاردەهێنێت

03-06-2019 02:44
توركیا پەرە بە مووشەكی بۆرا دەدات‌و بۆرا2 بەرهەم دەهێنێت. وێنە؛ ڕۆكستان


پەرەگراف

لەو ئۆپەراسیۆنەی كە لەهەفتەی ڕابردووەوە دژی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەناو سنووری هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە، سوپای توركیا جۆرێكی نوێی مووشەكی بەكارهێناوە كە دەستكردی خۆیەتی و بۆ یەكەمجارە لەشەڕدا بەكاریدەهێنێت.

مووشەكە نوێیەكەی سوپای توركیا ناوی بۆرا (BORA)ـیە و كۆمپانیای زەبەلاحی توركیی بواری سەربازیی "ڕۆكێستان" بەرهەمی هێناوە.

شەوی 27ی مانگی ڕابردوو، سوپای توركیا لەڕێگای هێلیكۆپتەر و فڕۆكەی جەنگییەوە ناوچەی خواكوڕك و لۆلان-ی لە سنووری هەرێمی كوردستان بۆردوومان كرد، هاوكات بە هێلیكۆپتەر ژمارەیەك سەربازیان لە چیای شەكیف دابەزاند، لە ئەنجامدا شەڕ و پێكدادان لەنێوان گەریلاكانی هەپەگە(باڵی سەربازیی پەكەكە) و سەربازەكانی توركیا ڕوویدا.

بەپێی ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی نزیك لە حكومەتی توركیا، سوپای ئەو وڵاتە لەو ئۆپەراسیۆنە نوێیەیدا دژی پەكەكە، جۆرێكی نوێی مووشەكی بەكارهێناوە كە لە شاری هەكاریی باكووری كوردستانەوە ئاڕاستەی چیای قەندیل و خواكوڕك لەناو خاكی هەرێمی كوردستان كراوە.

ئەو مووشەكەی سوپای توركیا دژی پەكەكە بەكاریدەهێنێت جۆری BORA-1ـە و دەتوانێت لە دووریی 280 كیلۆمەترەوە ئامانجەكەی خۆی بپێكێت، لە ئێستادا وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی جۆری دووەمی ئەو مووشەكەیە بەناوی BORA-2 كە دەیەوێت مەودای پێكانەكەی زیاتر بكات.

توركیا پەرەی بە پیشەسازیی سەربازی‌و دروستكردنی چەك‌و تەقەمەنی داوەو لەسەدا 65ی پێداویستییە سەربازییەكانی سوپای وڵاتەكەی لەناوخۆدا بەرهەم دەهێنێت.

لە ساڵی 2011 حكومەتی توركیا ڕایگەیاند، پلانی هەیە بۆ دروستكردنی مووشەك كە بتوانێت مەودای 2500 كیلۆمەتر ببڕێت، بەبێ ئەوەی ئاشكرای بكات جۆری ئەو مووشەكە بالیستیك دەبێت یاخود كروز. لە ساڵی 2013شدا توركیا ڕایگەیاند، لەتوانایدا هەیە مووشەك بە مەودای 800 كیلۆمەتر دروست بكات، بەڵام تا ئێستا بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە مووشەكە پشتڕاست نەكراوەتەوە.

بۆ یەكەمجار مووشەكی بۆرا لە شوباتی 2017 تاقیكرایەوە، دواتریش لە كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو جارێكی دیكە تاقیكرایەوە، ئەو جۆرە مووشەكە لە توانایدا هەیە 450 كیلۆگرام ماددەی تەقەمەنی لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت و ڕێژەی وردیی پێكانی ئامانجەكەی 50 مەترە.

مەترسیی ئەو جۆرە مووشەكە دوورهاوێژانە لەوەدایە، مەرج نییە هەموو جارێك بەوردی ئامانجی خۆی بپێكێت.

ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی بەشی زۆری مووشەكە دوورهاوێژەكانی خۆی بەرهەمیدەهێنێت، بەڵام كەمیش نین ئەو جارانەی مووشەكەكان دوور لەو شوێنەی بۆی هەڵدراون داویانە بە زەویدا.

لە 18ی حوزەیرانی 2017، مووشەكێكی بالیستیكی ئێران كە دژی چەكدارانی داعش ئاڕاستەی شاری دێرەزووری سوریا كرابوو، سەدان كیلۆمەتر دوورتر لە ئامانجەكەی خۆی لە بیابانەكانی ڕۆژئاوای شاری موسڵ كەوتەخوارەوە.

هەروەها لە 1ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2018. دوو مووشەكی ئێرانی جۆری قایم-1 چەند چركەیەك دوای هاویشتنیان لە نزیك گوندێكی ئەو وڵاتە كەوتنەخوارەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێكی گیانیی بەدواوەبێت.

سەرەڕای بەكارهێنانی مووشەكە نوێیەكە و هێرشی ئاسمانی و زەمینی، تا ئێستا سوپای توركیا پێشڕەوییەكی ئەوتۆی لە ناوچەی خواكوڕك نەكردووە، بەپێی ڕاگەیاندراوێكی هەپەگە، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕووبەڕووبوونەوەكانیاندا لەگەڵ سوپای توركیا، 37 سەربازی سوپاكە كوژران.