پەرەگراف- بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان پارتی یەکەم و یەکێتی دووەم و یەکگرتووی ئیسلامی لە پلەی سێیەمدایە.
بەپێی ئەنجامی بەرایی ئەو دەنگانەی لە ناوەندەکانی دەنگدان جیاکراونەتەوە، ڕەوتی هەڵوێست پێش نەوەی نوێ کەوتووەو بووە بە هێزی چوارەم و نەوەی نوێ بووە بە هێزی پێنجەم.
لە سلێمانی و هەڵەبجە کە یەک بازنەی هەڵبژاردنن، دەنگی پووچەڵ ڕێژەیەکی زۆری هەیەو لەو بازنەیەی هەڵبژاردن پووچەڵ لە دوای یەکێتی پلەی دووەمی هەیە.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان ٤٦ کورسییەکەی هەرێمی کوردستان کە دوانیان بۆ کۆتاکانە، ٤٤ کورسییەکەی دیکەی بەمجۆرە دابەش دەبن بەسەر لایەنەکاندا.
لە ١٥ کورسییەکەی هەولێر؛ پارتی ١٠ کورسی، یەکێتی ٢ کورسی، هەڵوێست ٢ کورسی، نەوەی نوێ ١ کورسی.
لە ١٨ کورسییەکەی سلێمانی؛ یەکێتی ٨ کورسی، هەڵوێست ٣ کورسی، نەوەی نوێ ٢ کورسی، پارتی ٢، یەکگرتوو ٢ کورسی، کۆمەڵ ١ کورسی.
لە دهۆک تەنها پارتی و یەکگرتوو کورسیی پەرلەمان دەبەنەوە، پارتی ٩ کورسی و یەکگرتوو ٢ کورسی.
بەکۆی گشتی لە ٤٤ کورسی هەرێمی کوردستان؛ پارتی ٢١ کورسی، یەکێتی ١٠ کورسی، هەڵوێست ٥ کورسی، یەکگرتوو ٤ کورسی، نەوەی نوێ ٣ کورسی، کۆمەڵ ١ کورسی.
بەیانیی ئەمڕۆ کاتژمێر ٧ سندوقەکانی دەنگدان بە ڕووی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرانەوەو کاتژمێر ٦ی ئێوارە لە سەرتاسەری عێراق سندوقەکان داخران و پڕۆسەکە کۆتایی هات.