پەیامەكانی دوای هەڵبژاردن؛ بارزانی و بافڵ تاڵەبانی هیوای چی دەخوازن؟

12-11-2025 12:53

پەرەگراف

لە پەیامی پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردندا، سەرۆكی پارتی دیموكرات هیوا دەخوازێت ئەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنە عێراق بخاتە سەر "ڕێژكەی دروست". سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانییش هیوادارە "سەردەمێكی نوێ‌ لە پەیوەندییەكان" لەگەڵ بەغداد بێتە كایەوە كە "چارەسەری كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور" بكرێت.

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكرات، كە حیزبەكەی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە لە كوردستان، لە پەیامی پیرۆزباییدا دەڵێت "هیوادارم ئەو هەڵبژاردنە و ئەنجامەكانی، ببێتە هۆی ئەوەی عێراق بكەوێتە سەر ڕێچكەی دروستی خۆی".

شەوی ڕابردوویش، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی، كە حیزبەكەی براوەی دووەمی هەڵبژاردنە لە هەرێمی كوردستان، لە پەیامی خۆیدات وتی "هیوادارم دوای بەڕێوەچوونی ئەم هەڵبژاردنە، سەردەمێكی نوێ لە پەیوەندیی هەرێمی كوردستان و عێراق بێتە كایەوە و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەری بنەڕەتی كێشەكان بكرێت".

دروشمی بانگەشەی پارتی بۆ هەڵبژاردن (هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان) بوو، دروشمی بانگەشەی یسەكێتیش (هێزی تۆین لە بەغداد)، هەردوو لا بەشێكی گەورە لە بانگەشەیان بۆ بەڵێنی چارەسەری كێشەكانی هەرێم و بەغداد لە ڕێگەی جێبەجێكردنی دەستوورەوە تەرخان كرد. پارتی قۆناغی دوای ئەم هەڵبژاردنەی لە عێراق ناو ناوە (قۆناغی جێبەجێكردنی دەستوور).

بەپێی ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردن، پارتی زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگ و یەكێتی زیاتر لە 500 هەزار دەنگی بەدەست هێناوە. ژمارەی كورسییەكانی پارتی لەنێوان 28 بۆ 30 و یەكێتی لەنێوان 18 بۆ 20 كورسی دەبێت، كە هێشتا بە تەواوی یەكلا نەبوونەتەوە.