پەرەگراف - بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ ساڵی 2025، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینەی کورسییەکانی کۆتای کەمینەکانی بەدەست هێناوە، بە بردنەوەی 5 لە کۆی 9 کورسی تەرخانکراو بۆ پێکهاتە کەمینەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران.
پاڵێوراوە سەرکەوتووەکانی سەر بە پارتی بریتین لە:
• سامی ئۆشانا – کۆتای مەسیحی، دهۆک: 22,836 دەنگ
• کلدۆ ڕەمزی – کۆتای مەسیحی، هەولێر: 18,472 دەنگ
• عماد یۆخانا – کۆتای مەسیحی، کەرکوک: 17,602 دەنگ
• خالید سیدۆ – کۆتای ئێزیدی، نەینەوا: 9,686 دەنگ
• حەیدەر فەیلی – کۆتای کوردی فەیلی، واست: 17,174 دەنگ
کورسییەکانی کۆتای کەمینەکان پشت بە تۆماری جیاوازی دەنگدەران نابەستن؛ پارتەکان، لەوانەش پارتی، زۆرجار لایەنگرانی خۆیان ئاڕاستە دەکەن بۆ پشتگیریکردنی ئەم پاڵێوراوانە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ئاشکرا پشتگیری لە پاڵێوراوی کۆتای مەسیحی بزووتنەوەی بابلیون لە دهۆک، ئەثیر ئیبراهیم کرد. بەڵام سەرەڕای بەدەستهێنانی 22,056 دەنگ، پاڵێوراوەکە سەرکەوتوو نەبوو.
لە کۆی 329 کورسی پەرلەمانی عێراق، 9 کورسی بۆ کەمینەکان تەرخان کراوە. پێنج کورسی مەسیحی لە هەولێر، دهۆک، کەرکوک، نەینەوا و بەغدا دابەش کراون. چوار کورسییەکەی تر نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی ئێزیدی، شەبەک، سابیئە (مەندائی) و کوردی فەیلی دەکەن. کورسییەکانی ئێزیدی و شەبەک بۆ نەینەوا دیاری کراون، کورسی کوردی فەیلی بۆ واست، و کورسی سابیئە بۆ بەغدا.
ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەرێمی کوردستان
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، دەردەکەوێت لە هەرێمی کوردستان پارتی وەک هێزی باڵادەست دەمێنێتەوەو بەدوایدا یەکێتی وەک حیزبی دووەمی حوکمڕان، گۆڕانکاریی لە ڕیزبەندی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ڕوویداوەو نەوەی نوێ گەورەترین دۆڕاوی هەڵبژاردنەکەیەو یەکگرتووی ئیسلامی دوای ١٥ ساڵ گەڕاوەتەوە پلەی سێیەم گەورەترین حیزب، ڕەوتی هەڵوێست بازێکی گەورەیداوەو پێش نەوەی نوێ کەوتووە.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، لە کۆی ٤٦ کورسی تەرخانکراو بۆ هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کە دوو کورسیان تایبەتن بە کۆتاکان (پێکهاتەکان)، ٤٤ کورسییەکەی دیکە بەم شێوەیە بەسەر پارتەکاندا دابەش دەبن:
هەولێر (١٥ کورسی): پارتی ٩، یەکێتی ٣، هەڵوێست ٢، نەوەی نوێ ١.
سلێمانی (١٨ کورسی): یەکێتی ٨، هەڵوێست ٣، نەوەی نوێ ٢، پارتی ٢، یەکگرتوو ٢، کۆمەڵ ١.
دهۆک (١١ کورسی): پارتی ٩، یەکگرتوو ٢
بە گشتی، دابەشبوونی کورسییەکان لە هەرێم بەم شێوەیە دەبێت: پارتی ٢٠، یەکێتی ١٠، هەڵوێست ٥، یەکگرتوو ٤، نەوەی نوێ ٣، کۆمەڵ ١.
لەسەر ئاستی عێراق لایەنە کوردستانییەکان ٥٨ کورسییەکان بەدەستهێناوە(بە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی دەرەوەی هەرێم) لە کۆی ٣٢٩ کورسی، بەم شێوەیە: پارتی ٢٧، یەکێتی ١٨، هەڵوێست ٥، یەکگرتوو ٤، نەوەی نوێ ٣، کۆمەڵ ١.