پەیامێک لە مەسرور بارزانییەوە لەبارەی پەسەندکردنی یاسای بودجەو پشکی کورد

01-04-2021 01:44

پەرەگراف

مەسرور بارزانی ھیوادارە یاسای بودجە جێبەجێ بکرێت و ببێتەھۆی تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و دەڵێت: هەرچەندە هەرێم ئەوەی کە دەیویست وداوای دەکرد، بە دەستی نەهێنا، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، ئەم یاسای بودجەیە، لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەکانی دەستووردا یەکدەگرێتەوە کە ئێمە لە سەری پێداگیربووین.

دەقی پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمەوە

ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگی فراکسیۆنەکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی2021 پەسەند کرد. هیوادارم ئەم یاسایە ببێتە دەستپێکی تێپەڕاندنی دۆخی سەختی دارایی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ  ئەرک و کۆششی بەردەوامیان کە بە درێژایی چەندین مانگ، لە هەوڵو کارکردنیان بەردەوام بوون. هەروەها سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران دەکەم بۆ هەوڵ و کۆششەکانیان.

ئەم یاسایە لەیەکگەیشتنێکی باش و پێویست بوو لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان . هەرچەندە هەرێم ئەوەی کە دەیویست وداوای دەکرد، بە دەستی نەهێنا، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، ئەم یاسای بودجەیە، لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەکانی دەستووردا یەکدەگرێتەوە کە ئێمە لە سەری پێداگیربووین. ئێمە خۆشحاڵین بەو پێشکەوتنەی بەدەست هاتووە کە ماف و ئەرکی هەر لایەک دیاریکراوە.

 

هیوادارم هەموو ماددەکانی یاسای بودجە جێبەجێ بکرێن و حکومەتی فیدراڵ، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. جێبەجێکردنی تەواوی یاسای بودجە، دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی  کێشە و ناکۆکیەکان لە بارەی شایستە داراییەکانەوە لە 2004 ەوە تائێستا، هەروەها دەبێتە هۆی پەرەپێدانی میکانیزمی نوێی وردبینی لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا. ئەم هەنگاوانەش، متمانە و هەماهەنگيی زیاتر، لە نێوان هەردوولا دروست دەکات.

لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز مستەفا کازمی قسەم کرد و سوپاسم کرد بۆ پشتیوانییەکەی لە یاسای بودجە و داواشم لێکرد کە پابەندبێت بەوەی لە سەری ڕێککەوتووین و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت، جەختم لەوە کردەوە کە بەرژەوەندی عێراق و خەڵکی عێراق لەوەدایە کە پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت.

لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم کاک قوبادیش قسەم کرد بۆ ئەوەی سوپاسی ئەو و تیمی حکومەتی هەرێم بکەم بۆ ئەنجامدانی ئەرکەگرنگەکەیان.

تێپەڕاندنی یاسای بودجە، ئومێدێکی بۆ باشتربوونی پەیوەنديی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی گەڕاندەوە، هەرچەندە هێشتا لیستێکیدرێژی کێشە و ناکۆکییە هەڵپەسێردراو و چارەسەرنەکراوەکان ماوە.

هیوادارم پەسەندکردنی یاسای بودجە، یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی دڵنیایی زیاتر بە ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ببەخشێت.

 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2021/3/31