پەرەگراف
مەسعود بارزانى ڕایدەگەیەنێت "پەیوەست بە پارتی و هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی دەستوور دەبێتە بنەمای سەرەکی بۆ گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق وڤیتۆمان لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە". سەبارەت بە پێکهێنانى حکومەتى هەرێمیش دەڵێت "گرنگە دەرگاكانی گفتوگۆ كراوە بن".
بارزانی ئەم قسانەی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ عرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كردووە و جەختیشی كردووەتەوە "پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان بە جددی كار لەسەر ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی حوكمڕانی لە عێراق و جێبەجێكردنی بڕگەكانی دەستوور بكەن، لێك نزیك ببنەوە و ئەزموون لە هەڵەكانی ڕابردوو وەربگرن".
سەرۆكی پارتی، "خاڵی گرنگ" لای حیزبەكەی بە "بڕوابوون بە فیدڕاڵیی تەواو" ناو دەبات و ڕایدەگەیەنێت "هەر كەس و لایەنێك پابەند بێت بەجێبەجێكردنی دەستوور، نزیكترین كەس و لایەن دەبێت لە ئێمە و لە هەرێمی كوردستانەوە".
وەكوو بارزانی دەڵێت، دەركردنی یاسا بۆ ئەو بڕگانەی لە دەستووردا هاتوون و جێبەجێكردنی ئەو یاسایانەی كە لەسەر بنەمای دەستوور دەركراون، وەكوو یاسای ئەنجوومەنی ئیتحادی و یاسای نەوت و گاز، بنەمای گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت دەبن لای پارتی.
پەیوەست بە پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم، مەسعود بارزانی دەڵێت "پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئێمە هەموو نەرمییەكمان نواند، پێشتریش ڕامانگەیاندبوو كە مەرج نییە ئەو هەلومەرجەی پێش هەڵبژاردن هەبوو، دوای هەڵبژاردن بمێنێت"، بەڵام بارزانی جەخت دەكاتەوە كە "گرنگە دەرگاكانی گفتوگۆ كراوە بن، تا بتوانین بەیەكەوە كێشەكان چارەسەر بكەین".